Zana Natık Kerem
16 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 16 ئەیلوول 2020
هەولێر ــ AA
سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی لە چوارچێوەی سەردانەكەی بۆ پارێزگای میسان، چاوی کەوت بە ژمارەیەك لە نوێنەرانی خۆپیشاندەران، هەروەها كێڵگەی نەوتی حەلفایە و دەروازەی سنووری شیب-ی لە پارێزگاکە بەسەركردەوە.
بەپێی راگەیەندراوێكی نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە چوارچێوەی سەردانەكەی بۆ پارێزگای میسان، مستەفا كازمی چاوی کەوتووە بە ژمارەیەك لە نوێنەرانی خۆپیشاندەران و لە نزیكەوە گوێبستی داواكارییەكانیان بووە و لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوەداوە كە جێگەی داخە رەوشی پارێزگای میسان بەم شێوەی ئێستا دەبیندرێت لە كاتێكدا نموونەی زۆری گەشەپێدان لە پارێزگاكەدا هەیە بە تایبەتیش لە بواری وەبەرهێنانی وزە.
ئاماژە بەوەیشدراوە كە مستەفا كازمی باسی لەوەكردووە، ئەنجوومەنێكی خزمەتكردن رادەگەیەنێت كە دامەزراندن لە دامەزراوەكانی دەوڵەتدا رێكبخات و گوتی:
"وەك حكوومەت رووبەڕووی تەحدیی و فشاری زۆر بووینەتەوە، لەگەڵ ئەوەیشدا كار دەكەین بۆ ئەوەی مافی شەهیدان و بریندارانی خۆپیشاندانەكانی تشرینی یەكەم دەستەبەر بكەین".
مستەفا كازمی راشیگەیاندووە كە توندئاژۆیی و بەکارهێنانی چەك لە دەرەوەی یاسا، سوودی بۆ بنیاتنانی دەوڵەت نابێت، چارسەری ریشەیی سەپاندنی سەروەریی یاسایە، هەروەها بەدیهێنانی یەكسانی و دادوەپەروەرییە بۆ هەمووان.
- سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی كێلگەی نەوتی حەلفایە و دەروازەی سنووریی شیب بەسەر دەکاتەوە
نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاوی كردەوە كە مستەفا كازمی لە میانی سەردانەکەی بۆ پارێزگای میسان لە چۆنیەتی كاركردن لە كێلگەی نەوتی حەلفایە ئاگاداركراوەتەوە.
سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی هەروەها سەردانی دەروازەی سنووریی شیب-ی كرد و لە میانیدا لە میكانیزمی كاركردن لەو دەروازەیە ئاگاداركرایەوە.
بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی بە یاوەری شاندێكی باڵا، گەیشتبووە پارێزگای میسان رۆژهەڵاتی عێراق.