Zana Natık Kerem
09 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 09 شوبات 2021
ھەولێر ــ AA
سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، ئیبراھیم رەئیسی کە ئێستا بەسەردانێک لە بەغدایە، ئەمڕۆ سێشەممە، لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، فایق زێدان کۆدەبێتەوە.
لەمبارەیەوە نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە شەوی رابردوو، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، ئیبراھیم رەئیسی گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و لەلایەن سەرۆکی داواکاریی گشتیی، سالم محەمەد نوری-ەوە پێشوازی لێکراوە.
پێشتر نووسینگەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاندبوو کە لەسەر بانگھێشتنامەی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، فایق زێدان، رۆژی دووشەممە، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، ئیبراھیم رەئیسی سەردانی بەغدا دەکات.
ئیبراھیم رەئیسی ئەمڕۆ سێشەممە لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، فایق زێدان کۆدەبێتەوە و دواتر ژمارەیەک یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەنێوان ھەردوولادا لە چوارچێوەی ھاوکاریی دادوەریی و یاساییدا، واژوو دەکرێت.
ئەمەیش دوای ئەوە دێت کە لە ماوەکانی رابردوودا، دادوەری راسپێردراوی عێراقی بۆ بەدواداچوون لە دۆسیەی کوژرانی جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەبو موھەندس و ھاوڕێکانی رایگەیاندبوو کە لەسەر بنەمای ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی بڕیاری دەستگیرکردن بۆ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ دەرکراوە.
لە سێی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠دا لە ئاکامی ھێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکادا، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەبو مەھدی موھەندس و فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسداران، قاسم سولەیمانی لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کوژران.