Zana Natık Kerem
20 نیسان 2026•نوێکردنەوە: 20 نیسان 2026
لە بەغدا سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانیی، عەممار حەکیم لەگەڵ سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بافڵ جەلال تاڵەبانی کۆبووەوە.
پرسی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵیی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیان تاوتوێ کرد.
عەممار حەکیم لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" لە بارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە نووسیوویەتی: "لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی، یەکلاییکردنەوەی شایستە دەستوورییەکان و پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراقمان تاوتوێکرد".
ھەروەھا سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانیی ڕاشیگەیاندووە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، جەختیان کردووەتەوە لەسەر گرنگی چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵیی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.
عەممار حەکیم باسی لەوەش کردووە کە ھەر لە میانی کۆبوونەوەکەدا، لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی ھاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە پێویستە شەڕ لە ناوچەکە بە تەواوی بوەستێندرێت و لایەنەکان بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستان، ئەوەیش لە پێناو گەڕانەوەی سەقامگیریی لە ناوچەکە.