Zana Natık Kerem
19 ئاب 2026•نوێکردنەوە: 19 ئاب 2026
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، محەمەد باقر قالیباف کە ئێستا بەسەردانێک لە بەغدایە، ڕایگەیاند، عێراق وڵاتێکی گرنگە لە ناوچەکە.
محەمەد باقر قالیباف دوای گەیشتنی بۆ بەغدا لە شوێنی کوژراوانی جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەبو مەھدی موھەندیس و فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسداران، قاسم سولەیمانی لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا گوتی: "عێراق وڵاتێکی گرنگە لە ناوچەکە و ئامانج لە سەردانەکەمان بۆ بەغدا، تاوتوێکردنی ھاریکاریی نێوان وڵاتانی ناوچەکەیە بەبێ دەستوەردانی دەرەکی".
لە سێی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠دا لە ئاکامی ھێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکادا، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەبو مەھدی موھەندیس و فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسداران، قاسم سولەیمانی لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کوژران.
ھەروەھا سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند: "وڵاتانی ئیسلامی لە ناوچەکە، پێویستییان بە فراوانکردنی بوارەکانی ھاریکاریی و دامەزراندنی پەیوەندیی قوڵ و بەردەوام ھەیە و ئێران ھەوڵەکانی لەوبارەیەوە خستووەتەگەڕ".