Heman Hussein Yaseen
20 تشرینی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 20 تشرینی دووەم 2023
ههولێر - AA
سهرۆكوهزیرانی ههرێم، مهسرور بارزانی ڕایگەیاند، "بەردەوامی پێشێلکردنی دەستووری عێراق، و پابەندنەبوون بەو ڕێککەوتنەی پێکهێنانی ئەم حکوومەتەی ئێستای لێکەوتەوە، مەترسی ناسەقامگیری و دووبارە سەرهەڵدانەوەی تایفەگەری و دابەشبوون لەنێوان پێکهاتە سەرەکییەکان لێ دەکەوێتەوە" هۆشداریشی دا "ئەگەر بڕیارە تاکلایەنەکان بەردەوامبن و دامەزراوەکانی حکوومەت لەلایەن یەک گرووپەوە کۆنترۆڵ بکرێن، ئهوا هەستی نادادپەروەری قووڵتر دەبێتەوە".
چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس) لە زانکۆی ئەمریک لە دهۆک، بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە سەرکردە و سیاسەتمەدارانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دەستی پێكرد و له دهستپێكیشدا، سهرۆكوهزیرانی ههرێم، مهسرور بارزانی تیشكی خستهسهر بابهته ههنووكهییهكان و ئاماژهی بهوهكرد كه لهم كۆڕبهندهدا، گۆڕانی کەشوهەوا، کۆچی بەکۆمەڵ، توندڕەویی و پاڵنەرەکانی و درێژە پێدان و بەردەوامیی سەرچاوە سرووشتییەکان و سیستهمەکانی بەڕێوەبردن گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت.
سهرۆكوهزیرانی ههرێم، مهسرور بارزانی له دهستپێكی كۆڕبهندهكهدا وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی لە ئامادەبوونی کەسایەتییە دیارەکانی عێراقی و جیهانی گوتی: "جارێکی دیکە، لەگەڵ کۆمەڵێک شارەزای ناوازە، بازرگان و بڕیاربەدەست کۆبووینەتەوە، کە هەموویان شارەزایی و تێگەیشتنێکی قووڵیان بۆ ناوچەکەمان و پابەندییە هاوبەشەکانمان و ئەو کێشانەی هەن هەیە. ئەو تاقیکردنەوانەی ڕووبەروویان دەبینەوە، تاقیکردنەوەی گەورەن. هەریەک لە ئێوە کە ئەمرۆ لێرەن، ساڵی ڕابردوو بەشێوەیەک لە شێوەکان ڕووبەرووی ئەو کێشانە بوونەتەوە کە لە چەند ڕۆژی داهاتوو باسیان لێوەدەکەین. من دڵنیام، بە هەمان شێوەی من، ئێوەش لەوکاتانەدا خۆزگەتان خواستووە، وەڵامەکان ئاسانتر بوونایە لەوەی کە هەن".
لهبارهی بهرنامهی كاری كۆڕبهندهكهش، مهسرور بارزانی گوتی: ''ئەو ئەجێندایەی لەلایەن ڕێکخەرانی کۆنفرانسەکە دانراوە، بریتین لەو کێشانەی ڕۆژانە ڕووبەرووی هەموومان دەبنەوە. بابەتەکانی وەک گۆڕانی کەشوهەوا، کۆچی بەکۆمەڵ، توندڕەویی و پاڵنەرەکانی و درێژە پێدان وبەردەوامیی سەرچاوە سرووشتییەکان و سیستهمەکانی بەرێوەبردن، هەموو ئەمانە گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت. پێشبینی ئەوەش دەکەم هەندێک لەو گفتوگۆیانەی دەکرێن زانیاری و بەرچاوڕوونیان تیادا بێت لەبارەی بڕیاردان و بژاردە سیاسیەکان. لەبەرئەو هۆکارانە، کۆبوونەوەیەکی لەمجۆرە و ئەو گفتوگۆیانەشی تێدا دەکرێن لەلایەن ڕۆشنبیر و شارەزایان، دەتوانن هاوکاربن بۆئەوەی دەرئەنجامێکی باشیان هەبێت''.
سهرۆكوهزیرانی ههرێم جهختی لهوهشكردهوه كه هیچ جێگرەوەیەک بۆ گفتوگۆ و دانیشتن لەسەر مێز نیە، بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئاڵنگارییەکان. دووپاتیشی كردهوه كه پێویستە لە کۆبوونەوە و گفتوگۆکان بهردهوام بن.
له بهشێكی دیكهی قسهكانیدا سهرۆكوهزیرانی ههرێم گوتی: "دەبێت ئامادەبین بۆ تێگەیشتن و داننان بەوەی، هەندێک لەو کێشانەی لێرە گفتۆگۆیان لەبارەوە دەکرێت مەترسین بۆسەر هەموومان. بەرزبوونەوەی خێرای پلەی گەرمای هەسارەی زەوی، لێکەوتەی زۆر مەترسیداری دەبن لەسەر ناوچەکەمان و جیهانیش، نەبوونی ئاسایشی خۆراک و کەمئاوی و کۆچی بەکۆمەڵ خێراتر دەکات. ئەمەش کێشەیەک نیە دوای بخەین. چونکە ئێستا وا ڕوودەدات. شەپۆلەکانی گەرما و لافاوەکان زیاتر بوون، ئێستا ناچاربووین بیری قووڵتر لێ بدەین بۆئەوەی بگەینە ئاو. بەگوێرەی تازەترین ئاماژەکان، پێشبینیەکانی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست زۆر نزیکن لەوەی بەڕاستی ڕووبدەن. پێویستە کاری باشتر بکەین بۆ ڕێگریکردن لە دەردانی کاربۆن. هەموو هۆکارێکیشمان هەیە بۆئەوەی ئەو کارە بکەین و هیچ هۆکارێک نیە بۆئەوەی نەیکەین".
مهسرور بارزانی جهختی لهوهشكردهوه كه ئێستا کاتی ئەوە نیە خۆ لە بەرپرسیارێتی بدزنەوە یان دەستەوەستان بن و گوتیشی: "پێویستە لەپێناو بەرژەوەندی گشتی کار بکەین، پێش هەموو شتێک وەک هاووڵاتی، بەڵام بە ڕەهەندێکی جیهانی لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەرووی هەموومان دەبنەوە، خۆبەستنەوە بەو هەستەی لەکوێ دەژین دەرئەنجامی خراپی دەبێت لەسەرمان. کوردستان ناتوانێت بۆ نموونە لە دەرئەنجامەکانی گەرمبوونی کوێت هەڵبێت. بەحرێن و بەسڕە، نەک تەنیا لەڕێگەی دەریاوە بەڵکو بە چارەنووسێکی هاوبەشی کەشوهەواشەوە پێکەوە بەستراونەتەوە".
له بهشێكی دیكهی گوتارهكهیدا، سهرۆكوهزیران و سهرۆكی بۆڕدی زانكۆی ئهمریكی له دهۆك، مهسرور بارزانی سهركۆنهی توندوتیژییهكانی كرد و ڕایگهیاند: "پێویستە ئێمە نەک تەنیا سەرکۆنەی شەڕ و توندوتیژییەکان بکەین، بەڵکو دەبێت چارەسەر بدۆزینهوه بۆ کێشە هەڵواسراوەکان و ناکۆکییەکان پێش ئەوەی بگاتە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی. نابێت بۆ چارەسەری کێشەکان چاوەڕێ بکەین لەکاتێکدا دەتوانین پێش ئەوەی لە کۆنترۆڵ دەربچن چارەسەریان بکەین".
له گوتارهكهیدا، سهرۆكوهزیرانی ههرێم تیشكی خسته سهر دۆخی ناوی عێراق و گوتی: "پەرەسەندنەکانی ئەم دواییەی عێراقیش جێگەی نیگەرانین. بەردەوامی پێشێلکردنی دەستووری عێراق، و پابەندنەبوون بەو ڕێککەوتنەی پێکهێنانی ئەم حکوومەتەی ئێستای لێکەوتەوە، مەترسی ناسەقامگیری و دووبارە سەرهەڵدانەوەی تایفەگەری و دابەشبوون لەنێوان پێکهاتە سەرەکییەکان لێ دەکەوێتەوە، ئەگەر بڕیارە تاکلایەنەکان بەردەوامبن و دامەزراوەکانی حکوومەت لەلایەن یەک گرووپەوە کۆنترۆڵ بکرێن، ئهوا هەستی نادادپەروەری قووڵتر دەبێتەوە. بەرهەمی ئەم فاکتەرانەش: گەندەڵی و نادادپەروەری و هەژراییە و ئەمانەش هۆکارن بۆ ئەوەی ناسەقامگیری دروست ببێت و توندڕەویش لەم هەلومەرجانەدا سەرهەڵدەداتەوە".