Heman Hussein Yaseen
01 نیسان 2026•نوێکردنەوە: 01 نیسان 2026
هەولێر - AA
هێرشێکی دڕۆنی کرایە سەر کۆگای ڕوونی کاستڕۆڵی بەریتانی سەر بە کۆمپانیاکانی سەردار لە شاری هەولێر.
تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و تیمەکانی فریاکەوتن گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و تا ئێستا هیچ زیانێکی گیانی نەبووە بەڵام زیانێکی ماددیی زۆری هەیە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە شەوی ڕابردوو چەند دەنگێکی یەک بەدوای یەک، هەولێری هەژاند و پارچەی چەند دڕۆنێکی تێکشکێندراو لەچەند شوێنێکی جیاواز کەوتنە خوارەوە و پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو ڕایگەیاند کە زیاتر لە ٢٠ دڕۆن لە ئاسمانی هەولێر تێکشکێندراون و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
جێی ئاماژەیە لە دوای دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران لە ٢٨ی شوبات، گرووپەکانی بەرەی مقاوەمە هێرشە دڕۆنیی و مووشەکییەکانییان بۆسەر هەرێمی کوردستان بە گشتی و هەولێر بە تایبەتی دەستپێکردووە.
بەپێی زانیارییەکان تا ئێستا ٥٥٠ هێرشی دڕۆنی و مووشەکی کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان لەو ژمارەیەش نزیکەی ٤٣٠ هێرش بۆسەر هەولێر بووە.