Heman Hussein Yaseen Yaseen
11 ئاب 2019•نوێکردنەوە: 13 ئاب 2019
هەولێر - AA
لە مزگەوتی جەلیل خەیات لە شاری ھەولێر، وەک تەواوی مزگەوتەکانی دیکە، رێوڕەسمی نوێژی جەژنی قوربان بەڕێوەچوو کە تێێدا، پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتەکە، دکتۆر بەشیر حەداد دوای نوێژ، گوتاری جەژنی خوێندەوە و تیشکی خستە سەر چەند تەوەرێک و ئاماژەی بەوەشکرد کە پێویستە لە جەژنی قورباندا دەست کراوەبین بەرامبەر بە ھەژار و کەمدەرامەت و ھاوکات داواکاریی بۆ ئاوەدانکردنەوەی شار و شارۆچکەکانی عێراق تەوەرێکی دیکەی گوتارەکەی بوو.
له مزگهتهكهدا موسڵمانان وێڕای پیرۆزبایی جهژن له یهكتر، نزایان بۆ كۆتایی هاتنی شهڕ له ههموو رۆژههڵاتی ناوڕاست كرد.
لەمیانی گوتارەکەیدا، پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتەکە دکتۆر بەشیر حەداد ئاماژەی بەوەکرد کە جەژن هەر سێ رەهەندی مرۆڤایەتی، ئایینی و کۆمەڵایەتیی هەیە و جەختی لەوەکردەوە کە جەژنی قوربان واتا نزیکبوونەوە لە خودا و لێخۆشبوون لە دەوروبەر و یارمەتیدانی خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت.
لە بەشێکی پەیامەکەیدا، بەشیر حەداد گوتی: "سەرەتا جەژنە پیرۆزە لە حاجیانی ماڵی خوا دەکەم کە ئێستا خەریکی فەریزەی حەجن و نوێژی جەژن لەماڵی خودا دەکەن، جەژنە پیرۆزە لە هەموو ئەوانە دەکەم کە ئێستا چوونەتە مزگەوتەکان و داوای لێخوشبوون دەکەن، بێگومان جەژنی قوربان واتا نزیکبوونەوە، نزیکبوونەوە لە خودا، دەبێت کارێک بکەین کە نزیک لە خودا ببینەوە و پەیمان نوێ بکەینەوە".
بەشیر حەداد گوتیشی: "جەژن رەهەندێکی مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتی وئاینیشی هەیە، ئەوەتا ئێمە بە نوێژی جەژن دەستمان پێکرد و، لەم رۆژەشدا خودا مرۆڤی رزگارکرد کە ئەمە پەیامی ئیسلامییە بۆ پاراستنی ژیانی مرۆڤەکان و، جەژن پەیامێکی مرۆڤدۆستانەی هەیە، هەروەها یارمەتیدانی یەکتر و هاتوچۆی یەکتر و گیانی لێبوردەیی، هەموو مانا جوانەکانی جەژنن، پێویستە بەبیرخۆمان بهێنینەوە کە دووربین لە خراپە و هەموو مرۆڤەکانمان خۆش بووێت و ببینە مایەی هێنانەدی خۆشی و کامەرانی بەتایبەتی ئەوانەی بێبەش کراون لە خۆشییەکان".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، دکتۆر بەشیر گوتی: "پێویستە پەیامەکانمان بگەیەنینە حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێم بۆ ئەوەی ئەو شارانە ئاوەدانبکرێتەوە کە لە تیرۆریستان پاککراونەتەوە، پێویستە هەموو لایەنەکان چۆن توانییان شکست بە تیرۆریستان بێنن ئاواش دەست بکەن بە دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتییان و لە ناخۆشییەکان رزگاریان بکەن".
بەشیر حەداد گوتیشی: "داوا لە حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کە بەردەوام بن لە گفتوگۆکانییان بۆ ئەویە کێشەکانییان چارەسەر بکەن و، چیدیکە خەڵک نەبێتە قورربانی و مووچەی نەبڕدرێت، داوا دەکەین بە پەیمانی مرۆڤدۆستیدا پەرە بە پەیوەندییەکانییان بدەن، بۆ ئەوەی ئەم میللەتە لە خۆشیدا بژیت بەتایبەت لە ناوچەیەکدا دەژین کە دەوروبەرمان هەمووی توندوتیژییە و پێویستە ئاشتی کۆمەڵایەتی بۆ هاووڵاتییانمان دابین بکەین".
جەژنی قوربان تایبەتە بە ھەموو موسڵمانان کە لە چوار رۆژ پێکدێت و تیایدا موسڵمانان گەردن ئازایی و جەژنە پیرۆزە لە یەکتری دەکەن، لەم جەژنەدا خێر و قوربانی زۆر دەکرێت و رۆژێکی تیادا دیاریکراوە کە دەکەوێتە رۆژێک دوای ٩ی زولحەججە کە حاجیان لەو رۆژەدا لەکێوی عەرەفە دەوەستن کە گرنگترین پایەی ئەنجامدانی حەجە و، جیاوازیکەری نێوان حەج و عەمرەیە و بەگشتی رۆژەکە دەکەوێتە ١٠ی زولحەججە بەردەوام دەبێت تا ١٣ی زولحەججە.