Zana Natık Kerem
18 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 19 ئەیلوول 2022
ھەولێر ــ AA
بەڕێوەبەڕایەتیی پۆلیسی ھەولێر دەستگیرکردنی ژمارەیەک تۆمەتباری بەتۆمەتی دزیکردن لە ماڵان و دزینی ماتۆڕسیکل و کارتی مۆبایل راگەیاند.
لەمبارەیەوە گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ھەولێر، رائید ھۆگر عەزیز لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، تۆمەتبارێک دوای دزینی بڕێک پارە و زێڕ لە ناوچەی ئیمپایەر لە شاری ھەولێر دەستگیرکراوە کە بەپێی ماددەی ٤٤٤ لە یاسای سزاکان، رەوانەی دادگا کراوە.
ئاماژەی بەوەیشدا، ھەروەھا ژمارەیەک تۆمەتبار لەسەر دزینی کارتی مۆبایل دەستگیرکراون کە بەپێی ماددەی ٤٤٦ لە یاسای سزاکان، رەوانەی دادگا کراون.
ھۆگر عەزیز باسی لەوەش کرد کە کەسێکی دیکە بەتۆمەتی دزیکردن لە ١٣ ماڵ لە گەڕەکی منارە لە ھەولێر دەستگیرکراوە.
ئاشکراشی کرد کە تۆمەتبارێکی دیکە لە کاتی دزینی ماتۆڕسکیلێکی گرانبەھا دەستگیرکراوە و رایگەیاند کە تۆمەتبارەکە لە میانی لێکۆڵینەوەدا، دانی بەوەدا ناوە کە ٢٣ ماتۆڕسکیلی لە پارێزگای ھەولێر دزیوە.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ھەولێر ئەوەیشی خستەڕوو، تۆمەتبارێکی دیکە دەستگیرکراوە کە کەلوپەلی گرانبەھای لە شوێنی چاوەڕوانکردنی پاس دزیووە و رەوانەی دادگا کراوە.