Abdulhameed Husseın Karam
16 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 18 ئادار 2020
ھەولێر - AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی بۆ ساڵڕۆژی کیمیابارانی ھەڵەبجە پەیامێکی بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی-دا ھاتووە "ئەمڕۆ سی و دوو ساڵ بەسەر کارەساتی کیمیابارانکردنی ھەڵەبجەی شەھیددا تێدەپەڕێت کە لەلایەن رژێمی پێشووی عێراقەوە ئەنجام درا و بووە ھۆی شەھیدبوونی پێنج ھەزار ھاووڵاتیی بێتاوان و برینداربوونی ھەزارانی دیکە و ئاوارەبوونی ھەزاران خێزان، تا ئێشتاش کاریگەریی لێکەوتە مەترسیدارەکانی بەسەر باری تەندروستی و دەروونیی خەڵک و ژینگەی ناوچەکەوە ھەر بەردەوامە".
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان رایگەیاندووە "یادکردنەوەی ئەم کارەساتە، رێزگرتنە لە قوربانییانی گەلەکەمان، بەتایبەت شەھیدانی ئەو کارەساتە و جەختکرنەوەی بەردەواممانە لەسەر گرتنەبەری ھەموو رێوشوێنێک بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی تاوانی ئاوا و جینۆسایدی گەلی کوردستان و ھەر گەل و پێکھاتەیەک لە ھەر شوێنێکی جیھاندا بە ھەر بیانوویەکی سیاسی، ئایینی و ئیتنی بێت. ئەم ئامانجە پیرۆزە بۆ ئێمە، یەکڕیزیی زیاتر و تەباییی بەردەواممان لێ دەخوازێت".
لە درێژەی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی-دا هەروەها هاتووە "لەم یادەدا دووبارە جەخت دەکەینەوە لە بایەخدانی تایبەت و زیاتر بە ژیان و خزمەتکردنی برینداران و خانەوادە و کەسوکاری قوربانییانی چەکی کیمیایی، لەم لایەنەشەوە بێگومان کاری زۆر ماوە بکرێت کە شایستەی پارێزگای ھەڵەبجە و دانیشتووانە سەربەرزەکەی بێت".
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی راشیگەیاندووە "بەداخەوە تا ئێستا حکوومەتی عێراقی فیدراڵ، ھیچ ھەنگاوێکی کردەیی نەناوە بۆ قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەویی دانیشتووان و ژینگەی وێرانکراو و ژاراویکراوی پارێزگای ھەڵەبجە و ھیچ دەڤەرێکی دیکەی کوردستان وەک قوربانیی دەستی دەوڵەتی عێراق. داواکارین حکوومەتی عێراق وەک بەرپرسیارییەکی یاسایی و ئەخلاقی، لەمبارەیەوە ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات".
لە کۆتایی پەیامەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی هاتووە "مرۆڤایەتی پێویستی بە کاری جددییە بۆ قەدەغەکردن و رێگریکردن لە بەکارھێنانی ھەموو جۆرە چەکێکی کۆمەڵکوژ. وەک چۆن ئەمڕۆ ھەموو جیھان لە خەمی بنەبڕکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنادان وەک ھەڕەشەیەکی ترسناکی سەر تەواوی مرۆڤایەتی، بە ھەمان شێوەش کارکردن بۆ بنەبڕکردنی چەکی کۆمەڵکوژ و تەکنۆلۆژیای مردن، دەبێ خەمی ھەموو جیھان بێت لەپێناو پاراستنی ژیان و ژینگە و شارستانییەتی مرۆڤایەتیدا.
شەھیدانی ھەڵەبجە و ھەموو قوربانییانی گەلەکەمان ھەمیشە لە یادمانن و لە ویژدانی کوردستانییاندا زیندوون لە کاتێکیشدا بەڕێز و شکۆوە یادی شەھیدان دەکەینەوە، بە ئومێدەوە لە داھاتوو دەڕوانین".