Heman Hussein Yaseen
07 تشرینی یەکەم 2024•نوێکردنەوە: 09 تشرینی یەکەم 2024
هەولێر - AA
لە ژێر دروشمی "ھەولێر میراتێکی شارستانی نوێبوونەوەوەیە" لە ھەولێر فێستیڤاڵێک بەبۆنەی ڕۆژی نەتەوەیی تورکمان بەڕێوەچوو.
فێستیڤاڵەکە بە ئامادەبوونی سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی حەسەن توران، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی و وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان ئایدن مەعروف، کۆنسوڵی گشتی تورکیا لە هەولێر ئەرمان تۆپچو، ستافی قوتابخانەی نێودەوڵەتی مەعاریف و ھاووڵاتییانی پێکھاتەی تورکمان لە ھۆڵی ئەوتار بەڕێوەچوو.
ڕێوڕەسمەکە بە چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز دەستی پێکرد و دواتر ئامادەبووان چەند ساتێک بۆ گیانی شەهیدان بەبێ دەنگی وەستان.
دواتر سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی حەسەن توران لە گوتارێکدا وێرای پیرۆزبایی لە پێکهاتەی تورکمان هاوکات تیشکی خستەسەر ئەو ڕۆژە و ڕایگەیاند بەر لە ٢٧ ساڵ بڕیارێکی گرنگ درا، بەوەی کە ٧ی ئۆکتۆبەر بکرێتە ڕۆژی نەتەوەیی تورکمان، لەو سەردەمەدا هەموولایەک بە دۆخێکی خراپدا تێدەپەڕین.
توران ئاماژەی بەوەشکرد کە لە ساڵی ٢٠٠٣ دوای ڕووخانی ڕژێم، بەرەی تورکمانى توانی بەشێوەیەکی فەرمی بەشداربێت لە حکوومەتی عێراقی نوێ بۆ ئەوەی مافی پێکهاتەی تورکمان دابین بکات، جەختی لەوەش کردەوە کە حزبەکەی بەردەوامە لە هەوڵی بەدەستهێنانی مافی پێکهاتەکەیان.
هەر لە ڕێوڕەسمەکەدا چەند شیعرێک و سروودێکی نەتەوەیی پێشکەشکران و سەرنجی ئامادەبووانییان ڕاکێشا بەوەی پێشکەشکارەکان لە تەمەنە جیاوازکانەوە بەشداربوون.
لە ٧ـی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٩٧ لەیەکەم کۆنگرەی لایەنە سیاسییەکانی تورکمان، بڕیار درا ئەو ڕۆژە بکرێتە ڕۆژی نەتەوەیی تورکمان و لەو ڕۆژەوە ساڵانە پێکھاتەی تورکمان بە فێستیڤاڵی جیاوازەوە ئەم ڕۆژە بەڕێدەکەن.