ھەولێر
بەگوێرەی قسەی کاربەدەستان، زیاتر لە ١٥٠٠ شوێنەواری مێژوویی لە پارێزگاری ھەولێردا ھەن. بە ناوبانگترینیان قەڵای ھەولێر و منارەی چۆلی، بازاڕی قەیسەریی و ئەشکەوتی شانەدەرە کە ئێستا زۆربەیان لەسەروەختی نۆژەنکردنەوەدان.
بازاڕی قەیسەریی دەکەوێتە دەستە چەپی قەڵا و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە ٨٠٠ ساڵ. دوای قەڵای ھەولێر یەکەم شوێن بووە بنیاتنراوە.
تاھیر عەبدوڵا، جێگری پارێزگاری ھەولێر لەبارەی بازاڕی قەیسەریی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئامانج و بەرنامەی پارێزگاری ھەولێر ئەوەیە کە ئاسەوارە مێژووییەکانمان نۆژەن بکەینەوە تا ئاوەدانیی بگەڕێتەوە بۆ ئەو ئاسەوارانە. دەمانەوەێ مێژووی شارەکەمان پارێزراوبێ. بازاڕی قەیسەریی یەکێکە لە پرۆژە گەورەکانی پارێزگاری ھەولێر کە سێ ساڵ بەر لە ئێستا دەست بە نۆژەنکردنەوەی کرا، ساڵیکی دیکەی دەوێ تا تەواو بکرێ. تائێستا زیاتر لە ٢٠ملیۆن دۆلار لە نۆژەنکردنەوەیدا سەرفکراوە."
تاهیر روونیکردەوە، ئەو بازاڕە کەلتوورییە لە سەردەمی رژێمی سەدام حوسێن بە ئاسن و چینکۆ داپۆشرابوو، ئێستا رووکەش و دیوارەکەی بە خشتی تایبەت دروست دەکرێتەوە.
زۆربەی ئەوانەی لە نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەریی کاردەکەن، کەسانی شارەزان و لە وڵاتانی تورکیا و ئێرانەوە هێنراون لەگەڵ کرێکار و شارەزایانی ناوخۆیی.
تائێستا تەنیا دیوار و سەقفی ئەو بازاڕە نۆژەن کراونەتەوە.
هەولێر بە نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەرییە.، مێژووە دوور و درێژەکەی هێندەی دیکە دەدرەوشێتەوە.