Mustafa Ünal Uysal
24 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 26 ئاب 2022
مێرسین – AA
ئەو کنە و پشکنینە شوێنەوارییانەی کە بۆ یەکەم جار لە بەندەری دێرینی سۆلی پۆمپایپۆلیس لە شارۆچکەی مەزیتلی سەربە پارێزگای مێرسین باشووری توركیا ئەنجامدرا، کۆتاییهات.
کارەکانی بەندەری دێرینی سۆلی پۆمپایپۆلیس کە مێژووەکەی بۆ هەزار و ٨٠٠ ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە و ئەمساڵ بۆ یەکەم جار کنە و پشکنینی تێدا دەکرێت بەسەرۆکایەتی سەرۆکی بەشی مۆزەخانە لە فاکەڵتیی ئادابی زانکۆی دۆکوز ئەیلوول، پ.د. رەمزی یاغجی ئەنجامدەدرێت.
لە کارەکانی ئەمساڵدا رووبەرێکی ٧٠ مەتری لە بەندەرەکە کراوەتەوە و توانراوە شەش قاڵب ئاسن لە ناوچەکەدا بدۆزرێتەوە کە پێشبینی دەکرێت مێژووەکەی بۆ سەردەمی رۆمانی دەگەڕێتەوە.
سەرۆکی تیمی کنە و پشکنینەکان، پڕۆفیسۆر دکتۆر رەمزی یاغجی لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوە کرد کە شاری دێرینی سۆلی پۆمپایپۆلیس لە رووی شوێنەوارەوە شوێنێکی گرنگە و گوتی "نزیکەی رووبەرێکی ٧٠ مەتریمان کردووەتەوە. بلۆکەکانی ژێر لمەکان دەرکەوتوون. قاڵبە ئاسنی سەردەمی رۆمانی دۆزرایەوە. ئەم قاڵبە ئاسنانە بۆ درووستکردنی دراو و کەرەستە بەکارهێنراوە. لەم رووەوە ئەنجامێکی گرنگە. شەش دانە دۆزرایەوە، پێموایە کە قاڵبی دیکەش دەدۆزینەوە. لەگەڵ هەڵکەندنی زیاتردا بۆمان دەردەکەون. لێرەدا چالاکییەک دەربارەی پیشەسازیی کانزایی هەبووە. وا دیارە کە شوێنی بەرهەمهێنان بووە. ئەگەری هەیە کە پەیوەندی بە بەندەرەکەوە هەبێت".
رەمزی یاغجی باسی لەوەش کرد زۆر گرنگە لە کۆتایی هەڵکەندنەکاندا بەندەرەکە و شەقامی ستوونەکان بەیەک بگەن و جەختی لەوە کردەوە کە لە کۆتایی کارەکاندا ناوچەکە گرنگییەکی تایبەت لە رووی گەشتیارییەوە قازانج دەکات.
سەرۆکی تیمی کنە و پشکنینەکان ئەوەشی راگەیاند کە کارەکانیان بە مۆڵەتی وەزارەتی کولتوور و گەشتوگوزار و بە پاڵپشتیی شارەوانی مەزیتلی، بەندەری نێودەوڵەتیی مێرسین و ژووری بازرگانیی دەریای مێرسین ئەنجامدەدرێت.