واشنتون
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا نەفرەتکردن لە باوەڕ و کۆمەڵگایەکیتری بە شتێکی فێرکراو دانا و بە پێویستی دانا کە میللەتەکان زیاتر رێزی یەکتر و ئازادی و داھاتووەکانی یەکتر بگرن.
(جۆنکێری) بەبۆنەی مانگی رەمەزانەوە خوانێکی بەربانگی لە نێو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا سازکرد. چەندین نوێنەر و کاربەدەستی وڵاتە موسڵمانەکانی جیھانیش ئامادەبوون.وەزیری دەرەوە بە (السلام علیکم) دەستی بە وتەکانی کرد و رەمەزانی بە پیرۆزترین مانگی موسڵمانان و مانگی نزا و لێخۆشبوون وەسفکرد. وە ھەروەھا پیرۆزبایی مانگی رەمەزانی لە موسڵمانانی وڵاتەکە و تەواوی موسڵمانانی جیھانکرد و دەستەواژەی (رەمەزان کریم)ی بەکاربرد.
(جۆنکێری) لە درێژەی وتەکانیدا وتی"جێگەی داخە کە وڵاتەکەمان بە چەند قۆناغێکی پڕ جەنگی جیاوازی رەگەز و ئایینیدا تێپەڕی بەڵام ئیستا دەتوانم بە شانازییەوە بڵێم کە ھیچ وڵاتێک ھێندەی ئەمریکا باوەشی بۆ ئازادی بیر و باوەڕ و ئایین نەکردۆتەوە. لەم وڵاتەدا ھەر تاکێک بۆی ھەیە عیبادەتی خۆی ئەنجام بدات جا لەسەر ھەر ئایینێک بێت".
(جۆنکێری) بۆ ھەستکردن بە بەرپرسیاریەتی ھەر تاکێک بەرامبەر ئەویتر (ئاشتی و مرۆڤەکان و ئاسوودەیی و داھاتووی ھاوبەش)ی بە ٤ خاڵی ھاوبەش داناو بە پێویستی زانی کە بە یەکھێزی گرنگی پێبدرێت.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە پێویستی دانا کە رێز لە ھەمو کتێبە ئاسمانییەکان بگیرێت و پاراستنی ئەوانی بە ئەرکێکی مەزن وەسفکرد.
(جۆنکێری) زۆر گرنگی بە بابەتی ئاشتی دا بۆ ئایین و رێبازە فەلسەفیە جیاجیاکان و جەختی لەسەر مەسەلەکانی (ئیسرائیل و فەلەستین) و (شیعە و سوننە)و چەندین کەمایەتیتر کردەوە کە دەکەونە ئەم بازنەیە.
کێری لە وتەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە منداڵێکی تەمەن ٢ ساڵان نەفرەت لە منداڵێکیتر ناکات. ئەو نەفرەت ناناسێت بەڵکو فێردەکرێت. بەداخەوە بوو کە ئەم نەفرەتە وەچە بۆ وەچە دەگوازرێتەوە.
دوا رستەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکايش "رەمەزانتان پیرۆزبێت" بوو.