ھەکاری
لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا کۆشکی سوڵتان نەیدەتوانی دەستبەرداری ھەنگوینی شەمزینان ببێ. کوێستانەکانی ئەم ناوچەیە کە لەسایەی پڕۆسەی چارەسەریدا ئارامییان تیادا بەرقەرار بووە، ژمارەی پێوانەیی لە بەرھەمھێنانی ھەنگوین دەشکێنن.
دوای ئەوەی بۆ ساڵانێکی زۆر باسکردنی شارۆچکەی شەمزینان سەر بە ھەکاری ھاوکات بوو لەگەڵ رووداوەکانی تیرۆر ، ئێستا لەسایەی پڕۆسەی چارەسەری و بەرقەراربوونی ئاشتیدا ئەو ناوچەیە، ھەوڵ دەدات ژمارە پێوانەیەکان بۆ بەرھەمە سروشتیەکان بشکێنێ.
شەمزینان کە لەسەردەمی عوسمانیدا پێداویستیی ھەنگوینی کۆشکی سوڵتانی دابین دەکرد، ئەمساڵیش دوای ئەوەی قەدەخە لەسەر کوێستانەکان ھەڵگیرا، کە سەرچاوەی دەیان گوڵ و رووەکی سروشتین، جارێکی تر گرنگی بە بەرھەمھێنانی ھەنگوین دەدات.
لەگەڵ یەکەمین ھەواڵی بێدەنگبوونی چەکەکان، ھەنگەوانان جارێکی تر روویان کردە کوێستانە بەرزەکان، بەمەش باشترین وەرزی ھەنگوینیان لەو ٣٠ ساڵەی رابردوو بەسەر برد.
ھەنگەوانەکانی شەمزینان پێیان وایە ئەمساڵ بۆ ئەوان بەبەراورد لەگەڵ ساڵانی رابردوو لە رووی رێژەی و چۆنایەتیی بەرھەم باشترین وەرز بووە. ھەروەھا دەڵێن کیلۆیەک ھەنگوینیان بە ١٣٠ لیرە فرۆشتووە.
ئازاد یڵماز، یەکێکە لە ھەنگەوانەکانی شەمزینان لە لێدوانێکیدا بۆ AA گوتی، ھەنگەوانەکان کاریگەریی گەورەیان لەسەر ئابووری ئەو شارۆچکەیە ھەیە، خواستێکی زۆر لەناوەوە و دەرەوە لەسەر ھەنگوینی شەمزینان ھەیە.
یڵماز دەڵێ: کوێستانەکان کە چەندین ساڵە بەھۆی رووداوەکانی تیرۆر قەدەخە کرابوون، بەسەدان گوڵ و رووەکی سروشتییان لێیە کە وا دەکەن ھەنگوینی شەمزینان یەکەم بێ: "لە شوێنێک ھەنگەوانی دەکەین کە پڕە لە گوڵ و رووەکی سروشتی. بۆیە ھەنگوینەکەمان زۆر تەندروستە. ھەموو کەس دەزانێ بۆ چارەسەری چەند نەخۆشیەکیش دەرمانە. زۆر لە کڕیارانمان ئەو ھەنگوینە لە جیاتی دەرمان بەکار دێنن. بەتایبەتی بۆ نەخۆشی گەدە، ھەروەھا بۆ ئێسکەنەرمە و شێرپەنجەش باشە."
یڵماز، لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێ: لەسەردەمی دەوڵەتی عوسمانیدا ھەنگوینی شەمزینان، سفرەی کۆشکی پاشای دەڕازاندەوە، بۆ ئەوەی جارێکی تر ھەنگوینی شەمزینان ناوبانگی خۆی وەکو لە مێژوو ھەبووە بەدەست بێنێ، ئەوەی لەدەستمان دێ دەیکەین.
ئەو ھەنگەوانە شەمزینییە دەڵێت، لەگەڵ بەرزبوونەوەی رادەی بەرھەم لەمساڵدا، ژمارەی کڕیاریش زیادی کردووە:" بەھۆی شەڕ لە ساڵانی رابردوو شانە مێشەکانمان نەدەبردە شوێنێکی باش، لەبەرئەوە جۆری ھەنگوینەکەمان بەدڵ نەبوو. ئەمساڵ چووینە ئەو شوێنانە کە لە ساڵانی رابردوو قەدەخە بوون، بۆیە وەرزێکی تا بڵێی بەبەرھەم بوو. جگە لەوە لە ساڵانی پێشوو کڕیارەکان لە رۆژئاوا نەدەھاتنە ئێرە، بەڵام ئەمساڵ روویان کردە ئێرە، بۆیە نزا دەکەین تا ئەو پڕۆسەیە درێژەی ھەبێ."
یڵماز لە کۆتایی قسەکانیدا دەربارەی نرخی ھەنگوین لەم وەرزەدا دەڵێت:" سێ جۆر ھەنگوینمان ھەیە، نرخەکانیان لە نێوان ٨٠ تا ١٣٠ لیرەدایە."