سلێمانی
لە ژێر درووشمی "لە سایەی میدیایەكی نیشتمانیدا با هەموومان كۆبینەوە" رێكخراوی ئەكادیمیای میدیا بە راوێژ لەگەڵ لیژنەی رۆشنبیری و راگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان و هاوكاری زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی وۆركشۆپێكی بۆ هەڵسەنگاندنی رەشنووسی پرۆژەیەكی تایبەت بە دامەزراندنی، دامەزراوەیەكی میدیای نیشتمانی لە شاری سلێمانی دەست پێ كرد.
بەڕێوەبەری رێكخراوی ئەكادیمیای میدیا و سەرپەرشتیاری وۆركشۆپەكە نەزاكەت حسێن بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پرۆسەی ئازادی لە هەرێمی كوردستان و كرانەوە بەڕووی بازاڕەكانی جیهاندا و بوونی بە ناوچەیەكی وەبەرهێنان بۆ زۆر لە كۆمپانیا و كارگەکانی جیهانی، رێگەخۆشكەر بووە بۆ زۆربوونی كەناڵ و وەرچەرخانی مۆدیلی میدیا لە مۆدیلی حزبییەوە بەرەو خاوەندارێتی تایبەت و پەیدابوونی سپۆنسەر و سەرچاوەی دارایی بۆ پشتگیری راگەیاندن كە وای كردووە بەشێوازێكی زۆر خێرا ژمارەی كەناڵەكانی زۆر ببێت. سەرباری گەشەكردنی رێكلام و میدیای بازرگانی لەلایەن زۆربەی كەناڵەكانەوە كە كۆمەڵێك دەرهاویشتە و ئاسەواری نەرێنی لەگەڵ خۆیدا هێنا ئەگەر بیر لە یاسا و رێكخستن و میدیایەكی نیشتمانی و گشتیی نەكرێتەوە بۆ چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵیدا".
ناوبراو لە درێژەدا گوتی: "هەتا ئێستا میدیایەكی نیشتمانیمان لە كوردستان نییە، ئەمڕۆ رەشنووسێكی تایبەتمان ئامادە كردووە بۆ دامەزراندنی میدیایەكی نیشتمانی و دوای گفتوگۆكردن لەسەر رەشنووسەكە و دەوڵەمەندكردنی، ئاراستەی پەرلەرمانی كوردستان دەكرێت".
لە رەشنووسەكەدا لەبارەی ئەو دامەزراوەیەوە هاتووە "دامەزراوەیەكی میدیایی سەربەخۆیە لە دەستێوەردانی هەر لایەنێك یان ئایدۆلۆژیایەكی سیاسی و كەرتێكی بازرگانی دیاریكراو، كار دەكات لە پێناو خزمەتكردن بە هاووڵاتییان بە جیاوازی بیرو باوەڕ و زمان و ئایینیانەوە واتە میدیایەكی خزمەتگوزاری گشتییە".
لەبارەی پێداویستییەكانی دامەزراندنی ئەو دامەزراوەیەشەوە هاتووە "دامەزراندنی تۆڕێكی پەخشی نیشتمانی كە خۆی لە كەناڵی بینراو و بیستراو و نووسراوی نیشتمانی هاوبەشدا ببینێتەوە، بەرهەمهێنانی نێوخۆیی میدیایی بەتایبەتی فیلم و دراما، میدیایەكی ئاراستەكراو بێت بۆ ناساندنی هەرێم لە هەموو رووەكانەوە، دەركردنی رێنمایی بۆ چۆنێتی هاوردەكردنی بەرهەمی بیانی و چۆنێتی پەخشكردنی لەلایەن كەناڵەكانەوە".
ئامانجی دامەزراندنی میدیاكەش بریتییە لە تەرخانكردنی میدیا بۆ خزمەتكردنی كۆمەڵگە لە سەرجەم بوارەكاندا، گرنگیدان بە پاراستنی ناسنامە، ببێتە جێگایەك بۆ كۆبونەوەی گشت هاووڵاتییان و دروستكردنی گیانی یەكتر قبووڵكردن و پێكەوە ژیان، یەكخستنی گوتاری نیشتمانی و نەتەوەیی لە پرسەکانی نیشتمانی و نەتەوەییدا، جگە لە چەند ئامانجێكی تر.
پرۆژەكە خاوەندارێتی دامەزراوەكە و سەرچاوەی دارایی و شێوازی ئیدارەی دامەزراوەكەی دیاری كردووە كە میدیای خەڵك و دەوڵەتە و سەرچاوەی دارایی لە دەوڵەت یان موڵكی گشتی دەبێت، دامەزراوەكەش تەنها لە بەردەم پەرلەماندا بەرپرسیار دەبێت.