Cemal Sargati
25 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 28 ئاب 2016
کەمال عەلى، ساڵى 1965 لە شارى سلێمانى لەدایک بووە لەبارەى پیشەکەیەوە بۆئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "ماوەى 21 ساڵە پیشەى پینەچێتى دەکەم و زۆریش پیشەکەى خۆمم خۆش دەوێت هەمیشە هەوڵم بۆی داوە بەڵام لەئێستادا بەهۆى ئەوەى کە هاووڵاتییان بارى ئابووریان باش بووە ئەوا ئەو پیشەیە رووى لەکەمبوونەوە کردووە ".
گوتیشى: "ئەم پیشەیە بەهۆى ئەوەى کەسە کۆنەکان ئەم کارەیان کردووە یان بڵێن کەسە بەتەمەنەکان ئەم پیشەیان کردووە ئەوا ژمارەیەکى زۆرى خاوەن پیشەکە گیان لەدەست داوە و لە ئێستادا لەژیاندا نەماوون کە ئەمەش هۆکارێکە بۆ کەمبوونەوەى پیشەى پینەچێتى".
کەمال گوتیشى: "بۆیە ئێستا هاووڵاتییان بەکەمى روو لە پینەچیەکان دەکەن چونکە مۆدێل و هاتنى پێڵاو و نەعلى نوێ واى کردووە هاووڵاتییان زۆر بەکەمى سەردانى ئێمە بکەن و یان بڵێن هاووڵاتییان لەسەر مۆدێل دەرۆن ".
ناوبراو گوتیشی: " پێم وایە ئەگەر وابڕوات ئەوا کارى پینەچێتى نامێنێت یان بەتەواوى کەم دەبێتەوە".
سامان سەعید لە دایکبووی ساڵی ١٩٧٦ە و لەسەرەتای ساڵی ١٩٩١وە دەستیکردووە بە پیشەی پینەچێتی، دەڵێت "بەھۆی بەرزبوونی ئاستی داھاتی تاکە کەس، ئەو کارە روو لەنەمانە و پیشەوەرانی پینەچێتی لەئێستادا بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن."
گوتیشى: "زۆربوونی کاڵای بیانی جۆراوجۆر کاریگەری خراپی کردۆتە سەر کارەکەمان و وەک جاران ھاووڵاتییان پێویستیان پێی نەماوە کە لەچەندین سەرچاوە پیڵاو و جانتا دێتە شارەکەوە و نرخەکانی وایکردووە خەڵک پێویستیان بە چاککردنەوەی نەبێت.
سامان گوتیشی: "جاران ھەموو جۆرە پێڵاو و جانتایەک لەلایەن خاوەنەکانیانەوە دەھێنران بۆ چاککردنەوەیان، بەڵام لەئێستادا بەتایبەتی لەسەرەتای وەرزی خوێندندا تەنھا خوێندکارانن کە پێویستیان بە چاککردنەوەی جانتایە و زیاتر کارەکان لەگۆڕینی زنجیردا خۆی دەبینێتەوە، ژنانیش بۆ چاککردنەوەی زنجیر و قۆڵفی جانتاکانیان بەھەمان شێوە روودەکەنە دوکانەکانمان".
گوتیشى: "پێڵاوی پاژنە بەرزی ژنان زیاتر رووبەڕووی گرفت دەبێتەوە و زۆرجار لەناو بازاڕدا ئەو گرفتانە روودەدات، بۆیە ژنان بە پەلە روودەکەنە دوکانەکانمان بۆ ئەوەی بۆیان چاک بکەینەوە، ئەوەیش سەرچاوەیەکی بەردەوامە بۆ کارکردنمان."
وەستا ساڵحی پینەچی لە گوزەرێکی شاری سلێمانی لەسەر شۆستەکان کارەکەی دەکات و دەڵێت "پێشتر ئەم گوزەرە تەنھا پینەچییەکان کاریان تێدا دەکرد، بەڵام دوای تێکدانی لەلایەن خاوەنەکەیەوە، ئامادە نەبوو بیداتەوە بەپینەچییەکان بەھۆی کرێ زۆرەکەی کە لەگەڵ داھاتی پیشەکەمان ناگونجێت، بۆیە ناچار بووم لەو گوزەرە لەسەر شۆستەکان بەردەوامی بە کارەکەم بدەم.
ئەو پیشەوەرە گوتیشى: "زۆربەی ھاوڕێکانم بوونەتە پۆلیس یان شۆفێری تاکسی و ئەوانەی لەم کارە بەردەوامن لەشاری سلێمانی تەنھا بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن".
مێژووی دەرکەوتنی ئەم کارە دەگەڕێتەوە بۆ پێش ساڵانی بیستەکان و تەنانەت ھەندێ جار دەرکەوتنی دەگەڕێنرایەوە بۆ سەرەتای دروستبوونی شاری سلێمانی، چونکە لەو سەردەمانە پیشەکە بە پێداویستییەکی رۆژانەی دانیشتوانی دادەنرا بەتایبەتی بەھۆی نەبوونی پێڵاوی ھاوردەکراو و دروستکردنی لەلایەن پیشەوەرانەوە.
سەرەتا حاجی حەمەئەمین بازیانی و حاجی عەبدول و وەستا کامیل حەمەخان و وەستا بەکری عەبدوڵڵا زوھدی و وەستا مەحموود ئیسماعیل سەرگەڵویی و چەند پیشەوەرێکی دیکە لەشاری سلێمانی سەرقاڵی کاری پینەچێتی بوون و زۆربەیان بەدەست کاریان دەکرد بێ ئەوەی مەکینەو ئامێری تایبەتیان ھەبێت. دواتر ژمارەیەکی زۆریان پێیان دەوتن کەوش دروو، ئەوانیش وەستا محێدین و وەستا عەلی خاڵە حسێن و عەبدولرەحمان فەقێ ئەحمەد بوون. ئەم کارە هاوشێوەى کارەکانی دیکە لەشاری سلێمانی پەرەی پێدرا و چەند کاسبکارێک سەرقاڵی دروستکردنی پێڵاو بوون، وەک وەستا قادری قۆنەرەچی و وەستا ئەحمەدی حەمەسوور و وەستا بەکری قۆنەرەچی، کە لەگەڵ کاری پینەچێتی بەچەند ئامێر و کەرەستەی نوێ سەرقاڵی دروستکردنی پێڵاو بوون.