Hawkar Yaseen
24 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 28 شوبات 2022
کۆیە - AA هاوکار یاسین
شاری کۆیە کە دەکەوێتە چەقی نێوان هەرسێ پارێزگای هەولێر، کەرکووک و سلێمانی و خاڵی بەیەکگەیشتنی هەرسێ شارەکەیە، یەکێکە لە شارە دێرین و خاوەن شارستانییەتەکانی هەرێمی کوردستان.
بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافییەوە لە کۆندا، سەنتەرێکی گرنگی بازرگانی بووە و ناوەندی بەیەکگەیشتنی بازرگانانی ناوچەکە و شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بووە.
خانی کۆیە، یەکێکە لە شوێنەوارە دێرینەکانی ناوچەکە کە تا ئێستا پاشماوەکەی ماوە و لە سەردەمی خۆیدا وەک کاروانسەرایەک بەمەبەستی مانەوەی بازرگانان و هەڵگرتنی کەرەستە و کاڵاکانیان تیایدا دروست کراوە، ئێستاش وەک شوێنەوارێکی دێرین لە شارەکەدا ماوەتەوە، بەڵام بەشی زۆری دیوار و بنمیچەکانی داڕووخاون و ئەگەر بەزوویی نۆژەن نەکرێتەوە، مەترسی لەناوچوونی لەسەرە.
شوێنەوارناس، هێمن نەعمان کاوێس لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەربارەی خانەکە گوتی: "ئەم شوێنە بە خانی مەحمود ئاغا ناسراوە ساڵی ١٨٦٢ لە سەردەمی فەرمانرەوایی عوسمانییەکاندا دروستکراوە، لەلایەن مەحمود ئاغای غەفووری کە گەورەی یەکێک لە بنەماڵە ناودارەکانی کۆیە بووە. مەبەست لە دروستکردنی ئەم شوێنە بۆ ئەوەبووە کۆیە یەکێک بووە لە سەنتەرە بازرگانییەکانی سەدەکانی هەژدەهەم، نۆزدەهەم و تا سەرەتای سەدەی بیستەمیش لە ناوچەکە، خاڵی بەیەکگەیاندنی قەڵادزێ، سەردەشت، کەرکووک و هەولێر بووە و کەلوپەل کە هێنراوە لێرە بازرگانەکان ماونەتەوە کەرەستەکانیان هەڵگرتووە تا دواتر گەیەندراوەتە سەر زێی بچووک و لەوێوە نێردراوە بۆ شارەکانی دیکە".
هێمن نەعمان کاوێس گوتیشی: "ئەوەی کە یارمەتی کۆیەی داوە ببێتە سەنتەرێکی بازرگانی لە سەردەمی کۆندا، هەڵکەوتە جوگرافییە ستراتیجییەکەیەتی، خاڵی بەیەکگەیشتنی هەولێر، سلێمانی و کەرکووکە، کەوتووەتە چەقی بەیەکگەیاندنی ئەو سێ پارێزگایەوە. خاڵێکی دیکەی گرنگی کۆیە هەبوونی زێی بچووکە کە بەشی زۆری کەلوپەلە بازرگانییەکانی ناوچەکە لەوێدا کۆکراوەتەوە و لەوێشەوە گواستراوەتەوە بۆ پردێ و لەوێشەوە براوە بۆ کەرکووک و شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق".
شوێنەوارناس، هێمن نەعمان کاوێس دەربارەی ئەو کەرەستانەی لە کۆیە بازرگانی پێوە دەکرا گوتی: "زۆرترین ئەو کەرەستانەی کە لێرە بازرگانی پێوەکراوە، لەم ناوچەیەوە پێستە، دانەوێڵە و توتن نێردراوە بۆ شارەکانی عێراق و لەوێشەوە کوتاڵ، جلوبەرگ، خورما، خوێ و هەندێک پێداویستی دیکە هاوردەکراون بۆ ئەم ناوچەیە".
هێمن نەعمان کاوێس دەربارەی پێکهاتە و شێوازی بیناسازیی خانەکە گوتی: "ئەم خانە بۆ ئەوە دروستکراوە وەک کاروانسەرا بەکارهاتووە، خانەکە لە دوو نهۆم پێکهاتووە ٦٠ ژووری تێدایە، شێوەی نیمچە چوارگۆشەیی هەیە، رووبەرەکەی هەزار و ١٢٢ مەتر چوارگۆشەیە، ژوورەکانی دابەشبوون بەسەر هەرچوارلای بیناکەدا، ژوورەکانی بەشی سەرەوەی بیناکە وەک شوێنی مانەوەی کاروانچییەکان و نووسینگەی بازرگانەکان بەکارهاتووە، هەموو ژوورەکانی ئاگردان و پەنجەرەی رێکیان تێدایە و بەشێوەیەکی خاوێنتر دروستکراون، زۆرینەی بەشی خوارەوەی بیناکەش وەک کۆگا بۆ هەڵگرتنی کەلوپەلی بازرگانەکان و بەشێکیشی وەک تەویلەی ئاژەڵەکان بەکارهاتووە لە هەندێ ژوورەکاندا ئێتساش پاشماوەکان ماون".
لە وەڵامی ئەوەی ئەم شێوازە خانە لە شوێنی دیکە هەیە، هێمن نەعمان کاوێس گوتی: "لە زۆرینەی شارەکانی دیکەی ئەم ناوچەیە خان هەبووە بۆ نموونە لە کفری، سلێمانی و هەولێر. لە کۆیە خانی دیکەش هەبووە، بەڵام بەداخەوە هەموویان تێکدراون و تەنیا ئەم خانەمان ماوە وەک نموونە".
شوێنەوارناس، هێمن نەعمان کاوێس دەربارەی هەوڵەکانی نۆژەنکردنەوەی خانەکە گوتی: "لەئێستادا وەک فەرمانگەی شوێنەواری کۆیە بە هاوکاری رێکخراوی وادی ئەڵمانی و بە پاڵپشتی دەزگای ئەلیفی نێودەوڵەتیی کە پشتگیری پرۆژەکانی بنیاتنانەوەی شوێنەوار دەکات لە زۆربەی ناوچەکانی جیهان، بەرنامەمان هەیە بۆ دووبارە نۆژەنکردنەوەی خانەکە و دووبارە بەکارهێنانەوەی تا رادەیەکی زۆر بۆ هەمان ئەو مەبەستەی لە کۆندا بەکارهاتووە لەگەڵ هەندێک گۆڕانکاری سەردەم کە پێویستە بگونجێندریت".
ئەو گوتیشی: "پاییزی رابردوو ئەو بەشانەی کە مەترسی رووخانی لێدەکرا چاکمان کردنەوە، بەرنامەش هەیە هاوینی داهاتوو پرۆژەکە دەست پێ بکاتەوە و ئومێد دەکەین رەزامەندی رێکخراوەکە وەربگرین بۆ دابینکردنی بوودجەی پێویست بۆ کارەکە".
لە وەڵامی ئەوەی پلانی دوای نۆژەنکردنەوەی بەکارهێنانی خانەکە چییە، شوێنەوارناس، هێمن نەعمان کاوێس گوتی: "پلانمان هەیە هەندێک بەش و ژووری تەرخان بکرێت بۆ کافتریایەکی کەلەپووری و بەشێکی بۆ شوێنی پیشە دەستییەکان تەرخان دەکرێت کە لە کۆندا باوبووە وەک ناڵبەندی و کورتاندووری و هەندێک پیشەی دیکە کە هەوڵدەدەین لەگەڵ پیشەوەرەکانی کۆیە ئەو کارە بکەین، پلانیشمان هەیە هەندێک ژووری تەرخان بکەین وەک مۆزەخانە، بەڵام هەموو ئەمانە دەکەوێتە سەر چۆنییەتی نۆژەنکردنەوەکەی و رەزامەندی خانەکەی و دەزگای شوێنەوار".
دەربارەی ئەوەی تا ئێستا چەند جار خانەکە نۆژەنکراوەتەوە، هێمن نەعمان کاوێس گوتی: "بەپێی ئەو بەدواداچوونەی ئێمە کردوومانە، کۆتایی چلەکانی سەدەی رابردوو لەلایەن خاوەنەکانییەوە بەشێکی نۆژەنکراوەتەوە و ساڵی ٢٠٠٥یش بەشێکی کەمی ئەو بەشانەی کە مەترسی رووخانیان لەسەربووە نۆژەنکراوەتەوە، بەڵام نۆژەنکردنەوەکە بەپێی پێویست نەبوو فەرمانگەی شوێنەوار ئەوکاتە پرۆژەکەی راگرت".
شوێنەوارناس، هێمن نەعمان کاوێس لە وەڵامی ئەوەی تا ئێستا کاروانسەراکە توانراوە وەک شوێنێکی گەشتیاریی سوودی لێ وەربگرێت گوتی: "رۆژانە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار سەردانی کۆیە دەکەن، ئەو شوێنانەش کە دەیانەوێت بیبینن خانی کۆیە، قشڵەی کۆیە و هەندێک بینای دیکەی کەلەپوورییە وەک قەیسەری و مزگەوتی گەورە، بەشێوەیەکی بەردەوام گەشتیاری بیانی دێن، هەروەها سەردانکەرانی شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقیش زۆر دێن بەتایبەت ئەوانەی لەگەڵ گرووپە گەشتیارییەکان دێنە کۆیە سەردانی ئەو شوێنانە دەکەن".
24.02.2022 کاروانسەرای کۆیە مێژوویەکی ١٦٠ ساڵە لە لێواری لەناوچووندا
- "کاروانسەرای کۆیە، بەشی زۆری دیوار و بنمچی بینا و ژوورەکانی داڕووخاون و ئەگەر بەزوویی نۆژەن نەکرێتەوە، مەترسی لەناوچوونی لەسەرە".