Yunus Kaymaz
03 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 03 ئادار 2020
ئیستانبوڵ-AA
بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەتایبەتی لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئاسیا بووەتە هۆی هەڵوەشاندنەوە و دواخستنی زۆربەی چالاکییە وەرزشییەکان.
لەم چوارچێوەیەشدا ئایندەی ئۆڵۆمپیادی٢٠٢٠ کە بڕیاربوو لە تۆکیۆی پایتەختی ژاپۆن ئەنجامبدرێت تا ئێستا بەنادیاری ماوەتەوە.
لەو بارەیەشەوە وەزیری ئۆڵۆمپیادی ژاپۆن، سیکۆ هاشیمۆتۆ ئەوەی ئاشکراکرد کە بەپێی ئەو گرێبەستەی لەگەڵ لیژنەی ئۆڵۆمپیادی نێودەوڵەتی واژوویان کردووە، پێویستە ئۆڵۆمپیادی ٢٠٢٠ تۆکیۆ لەمساڵدا ئەنجامبدرێت.
ناوبراو باسی لەوەشکرد کە هەوڵی تەواو دەدرێت بۆ ئەوەی ئۆڵۆمپیاد لە وادەی خۆیدا ئەنجامبدرێت، بەڵام ئەگەریش هەیە بەهۆی مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بۆ کۆتایی ساڵ دوابخرێت.
ماوەی حەوت ساڵە ئامادەکاری بۆ ئۆڵۆمپیادی ٢٠٢٠ دەکرێت و تا ئێستاش خەرجی ئامادەکارییەکان ٢٦ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.
بەپێی ئەو پلانەشی داندراوە ئۆڵۆمپیادی ئاسایی لە ٢٤ی تەمووز- نۆی ئاب و ئۆڵۆمپیادی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە ٢٥ی ئاب- شەشی ئەیلوول دەبێت.
راگەیاندنەکانی ئەو وڵاتەش باس لەوە دەکەن کە تا ئێستا ژمارەی تووشبوان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ژاپۆن زیاتر لە هەزار کەسە.