Sangar Hamad Azeez
10 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 10 ئاب 2016
شەوی رابردوو، یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بەسەر یانەی سێڤیلیای هاونیشتیمانیدا بە ئەنجامی ٣-٢ سەرکەوت و پاڵەوانیەتی جامی سوپەری ئەورووپای بەدەستهێنا.
سەرەتا یاریزانی لاوی ریال مەدرید، مارکۆ ئاسینسۆ لە خولەکی ٢١دا بە تۆمارکردنی گۆڵێک ریال مەدریدی پێشخست. دواتر لە خولەکی ٤١دا یاریزان ڤازکوێز، گۆڵی یەکسانبوونی بۆ یانەی سێڤیلیا تۆمار کرد.
لە گێمی دووەمدا و لە هەڵەیەکی بەرگریکاری یانەی ریال مەدرید، یانەی سێڤیلیا لێدانێکی سزای بۆ هەژمارکراو توانی لە رێگەی یاریزان کۆنۆبلیانکا گۆڵی پێشکەوتن تۆمار بکات.
سێرگیۆ رامۆس لە کاتی زیادکراوی گێمی دووەمدا گۆڵی یەکسانی بۆ یانە شاهانەکە تۆمار کرد و بەم شێوەیەش یارییەکە چووە کاتی زیادکراو.
لە گێمی یەکەمی زیادکراودا، یاریزان کۆلۆدزیکاک لە خولەکی ٩٤دا بە کارتی سوور کرایە دەرەوە و ئەوەیش بەتەواوەتی رێڕەوی یارییەکەی گۆڕی تاوەکو لە خولەکی ١١٩دا یاریزان کارڤاخال، گۆڵی سێیەم و سەرکەوتنی بۆ یانەی ریال مەدرید تۆمار کرد.