ھەولێر
یارییەکانی پاڵەوانێتی تازەپێگەیشتووانی جیھان لە وڵاتی ئیمارات بەردەوامەو ھەڵبژاردەی عێراقیش شەوی شەممە(١٩ی تشرینی یەکەم) سەعات ٧:٠٠ بەکاتی ھەولێر بەرامبەر ھەڵبژاردەی سوێد یاریی دەکات.
عێراق لە کۆمەڵەی شەشەمی پاڵەوانێتییەکە شانبەشانی ھەڵبژاردەکانی سوێد، ئینگلتەرا، نایجیریا یاریی دەکات.
لەبارەی ئامادەکاریی ھەڵبژاردەی عێراق بۆ یاریی بەرامبەر بە سوێد (نەوزاد قادر) ئەندامی یەکێتی ناوەندی تۆپی پێی عێراق بۆ ئاژانسی ئانادۆڵۆ گوتی" ھەڵبژاردەکە بەشێوەیەکی باش خۆی بۆ یارییەکە ئامادە کردووە، ھەرچەندە بڕواموایە ئاستی ھەڵبژاردەی عێراق ساڵی رابردوو لەچاو ئەمساڵ بەرزتر بوو بەڵام نابێ ئەوەش پشتگوێ بخەین یاریزانەکان ئەمساڵ ئەزموونیان زیاترە".
نەوزاد گوتیشی"ئەرکی ھەڵبژاردەی عێراق لەیاریی یەکەم بەرامبەر بە سوێد قورس نییەو بڕواموایە سێ خاڵی یارییەکە دەبەینەوە، بە بردنەوەی سێ خاڵی یاریی یەکەمیش ئەرکی تیپەکە ئاسان دەبێ بۆ ئەوەی سەرکەوێ بۆ قۆناغی دووەم، سەرجەم یاریزانەکانیش لە ئامادەباشی تەواودان و ھیچ یاریزانێک پێکانی نییە، بۆیە پێداگرن لەسەر بردنەوەی سێ خاڵی یارییەکە".