ئەنبار
بەپێی وەزارەتی مافی مرۆڤی عێراق، 18 منداڵی ئاوارە بەهۆی رێگرتنێكی دوور درێژ و ماندبوون لەگەڵ خێزانەكانیان لە دەشتەییەكانی رۆژئاوای رومادی سەر بە پارێزگای ئەنبار گیانیان لەدەست داوە.
وەزارەتی مافی مرۆڤ رایگەیاند، 18 منداڵی ئاوارە كە لەگەڵ خێزانەكانیان بەهۆی هەڕەشە و هێرشەكانی چەكدارانی داعش روویان لە دەشتاییەكانی رۆژئاوای رومادی كردبوو، گیانیان لەدەست داوە.
لە راگەیانراوەكەدا هاتووە، لە چوارچێوەی تاوانەكان كە رۆژانە چەكدارانی داعش دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجامی دەدەن، 1500 خێزان لە دانیشتووی ناوچەی ئەزوییە لە رۆژئاوای رومادی لەلایەن چەكدارانی داعشەوە ناچاركران ئاوارە بن و روو لە دەشتاییەكانی رۆژئاوای رومادی بكەن.
لە درێژەی هەمان راگەیانراودا هاتووە، چەكدارانی داعش لە ٢٩-١٠-٢٠١٤ ئەو 1500 خێزانەی دانیشتووی ناوچەی ئەزوییەیان ناچاركرد ماڵ و حاڵی خۆیان جێ بهێڵن و روو لە دەشتاییەكانی رۆژئاوای رومادی بكەن و كە ماوەیەكی دوور و درێژ ئەو خێزانانە رێیان كردووە و ماندبوون و بەهۆیەوە 18 منداڵی ئەو خێزانانە گیانیان لەدەست داوە.
لە دوو رۆژی رابردووشدا یاریدەدەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری مرۆیی ڤالیری ئامۆس لە لێدوانێكدا رایگەیاند، تا ئێستا لە عێراق 700 منداڵ گیانیان لەدەست داوە و ئەوەشی ئێستا لە عێراق روو دەدات بە كارەساتێكی مرۆیی و هەرێمی لەقەڵەمی دا.