هه‌ولێر
رۆژی چوارشه‌ممه له شاری هه‌ولێر، دیندار زێباری جێگری به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان و یونامی لەگەڵ ژماره‌یه‌ك له رێكخراوه نیوده‌وڵه‌تییه‌كان و نوێنه‌ری چه‌ند وڵاتێك له هه‌رێمی كوردستان بۆ تاوتوێکردنی ره‌وشی په‌نابه‌رانی موسڵ كۆبوونه‌وه.
ئامانج له‌و كۆبوونه‌وه‌یه داواكاری هه‌رێمی كوردستانه له رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ به هاناوه‌چوونی لێقه‌وماوانی شاری موسڵ كه ئاواره‌ی هه‌رێمی كوردستان بوون.
زێباری گوتی: "له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه بریكاری وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق ئاماده‌ی بوو، داوامانكرد كۆمه‌ك و هاوكاری بگه‌یه‌نرێته ئاواره‌كانی موسڵ، چونكه حكومه‌تی هه‌رێم توانای هاوكاری ئه‌وانی نییه."
به‌پێی زانیارییه‌كانی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان، تا دوای نیوه‌رۆی رۆژی چوار شه‌ممه نزیكه‌ی سه‌د هه‌زار کەس لە موسڵەوە بۆ هه‌ولێر و نزیكه‌ی 180 هه‌زار کەس بۆ دهۆك كۆچیان كردووه.
زێباری رایگەیاند: له سنووری پارێزگای دهۆك سێ كه‌مپ دروست ده‌كرێ و له ناحیه‌ی خازر سه‌ر به پارێزگای هه‌ولێر، كه‌مپێكی سیکە دروست ده‌كرێ بۆ جێگیركردنی ئه‌و ئاورانهی موسڵ.
زێباری گوتی: "ئێستا له سنوری پارێزگای موسڵ، نیو ملیۆن هاووڵاتی هه‌ڕه‌شه‌یان له‌سه‌ره، بێگومان ئه‌و هاووڵاتییانه كه چاوه‌ڕوان ده‌كرێ كۆچ بكه‌ن بۆ هه‌رێمی كوردستان دێن و حكومه‌تی هه‌رێم له توانایدا نییه هاوكارییان بكا، بۆیە چاوه‌ڕوانی رێکخراوە نێودهوڵهتییەکانین."
له لایه‌كی دیکە بریكاری وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق ئه‌سغه‌ر عه‌بدولره‌زاق گوتی: "حكومه‌تی عێراق ئاماده‌ی هاوكاری حكومه‌تی هه‌رێمە بۆ ئاوارە و لێقه‌وماوانی موسڵ كه ئێستا هاتوونه‌ته هه‌رێمی كوردستان. بڕیاره، بۆ هه‌ر خێزانێك حكومه‌تی عێراق سێ سه‌د هه‌زار دینار وه‌ك هاوكاری سه‌ره‌تایی دابەش بکا."
به‌ڕێوه‌به‌ری كۆچ و كۆچبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان، شوكر یاسین بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هه‌موو شتێكمان له‌باره‌ی ره‌وشی په‌نابه‌ران گوتووه به رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، ئه‌وانیش بڕیاریانداوه هاوكاری پێویست بۆ په‌نابه‌ران دابین بكه‌ن."