سلێمانی
خۆپیشاندەران ئەمڕۆ چوارشەممە دەرگای سەرەکی چوونە ناو زانکۆیان داخست. ھێرش جەعفەر یەکێ لەخوێندکارانی ناڕازیی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەنجامدەرانی خۆپیشاندانەکە ئەو قوتابیانەن کە لە دوو وانەدا کەوتوون، ماوەیەکە داوا دەکەین سیستمی عبور لەوانەیەکەوە بکرێتە دوو وانە، پێشتر ھەموو ھەوڵێکی مەدەنییمان گرتە بەر، بەڵام وەڵام نەدراینەوە، بۆیە ئەمڕۆ خۆپیشاندانمان ئەنجامداو بۆماوەیەک دەرگای سەرەکی زانکۆمان داخست."
خوێندکارانی ناڕازی داواکارییەکیان ئاراستەی سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی کرد، سەرپەرشتیاری خۆپیشاندانەکە دەڵێ ئەگەر وەڵام نەدرێنەوە ھەڵوێستی دیکەیان دەبێ و بەردەوامی بەخۆپیشاندان دەدەن.
لەکاتی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەکەدا، یەکێ لەخۆپیشاندەران کەوتە ژێر ئوتۆمبیلێک و قاچێکی شکا.