ئەنقەرە
دەزگای ھەواڵگری نیشتمانی تورکیا MİT لەبارەی رووداوەکەی پاریس بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە، تیایدا ھاتووە، "دەزگاکانی میت بەھیچ شێوەیەک پەیوەندی بە کردەوەکەوە نیە، مێدیا جیھانیەکان دەیانەوێ رۆڵی ئاکتیڤی دەزگاکەمان لە پرۆسەی چارەسەردا شڕ بکەن. ئۆپەراسیۆنێکە بۆ سەر کارمەندانی دەزگاکەمان و ئاشکراکردنی ناوەکانیان و رێگریکردن لە کارەکانیان."
بەیاننامەکە لەلایەن راوێژکاری راگەیاندنی میتی تورکیاوە بڵاو کراوەتەوە، ئەویش لەبارەی بڵاوکردنەوەی ھەواڵ لەسەر پەیوەندی میتی تورکی بە رووداوەکەی پاریس لە لایەن راگەیاندن و مێدیاکارانەوە، کە لەرێگەی بڵاوکردنەوەی دەنگە تۆمارکراوەکان و ھەندێ بەڵگەوە دەیانەوێ کوژرانی سێ ژنە پەکەکە لەپاریس بلکێن بە میتەوە.
دەقی بەیاننامەکە:
"دەزگاکانی میت بەھیچ شێوەیەک پەیوەندییان بە کردەوەکەوە نیە، مێدیا جیھانیەکان دەیانەوێ رۆڵی ئاکتیڤی دەزگاکەمان لە پرۆسەی چارەسەردا شڕ بکەن. ئۆپەراسیۆنێکە بۆ سەر کارمەندانی دەزگاکەمان و ئاشکراکردنی ناوەکانیان و رێگریکردن لە کارەکانیان. کوشتنی ساکینە جان سیز و لەیلا شایلەمەز و فیدان دۆغان ھیچ پەیوەندیەکی بە دەزگاکەمانەوە نیە، لەگەڵ ئەوەشدا دەزگاکەمان لێکۆڵینەوەی پێویستی بۆ ئەو ھەواڵ و دەنگۆیانە دەست پێکردووە. دەزگای میت بەپێ ماددەی ٢٩٣٧ یاسایی ھەڵدەستێ بەکارو ئەکەکان و جێبەجێکردنیان، لەو چوارچێوەیەدا بۆ لەمەودواش بە پێداگریەوە لەسەر بەجێ ھێنانی ئەرکەکانیب ەردەوام دەبێ."