هەولێر
رۆژی دووشەممە لەشاری هەولێر دیداری مێری بەهاوكاری ئینستیتیۆی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە و رێكخراوی شەرق فۆڕمی توركی گفتوگۆیەكی كراوەیان تایبەتە بە پرسی پەیوەندییەكانی نێوان توركیاو هەرێمی كوردستان بۆ ژمارەیەكی زۆر توێژەر و ئەكادمی كورد و تورك رێكخست.
لەو گفتوگۆیە جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، قوباد تاڵەبانی بەشداری كرد و وتارێكی پێشكەش كرد لە بارەی پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان لە ئێستاو رابردوو.
قوباد تاڵەبانی گوتی:
"پەیوەندی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان، پەیوەندی باش بووە، بەڵام هەندێ جار بەرزو نزمی بەخۆوە بینیوە، ئەگەر باس لە رابردوو بكەین، لە ساڵانی پێشتر هەڤال مام جەلال و كاك مەسعود كە سەردانی توركیان دەكرد لەگەڵ سەرۆك ئۆزاڵ بە نهێنی كۆدەبوونەوە، بەڵام دواتر بارودۆخەكە گۆڕانكاریی زۆری بەخۆوە بینی".
تاڵەبانی گوتیشی:
"پێشتر پەیوەندی ئێمەو توركیا گرێ دراو بوو بە پرسی پەكەكە زۆریش هەوڵدەدرا باسی پەكەكە نەكرێ بەڵام لایەن توركیاوە هەر هەوڵ دەدرا باسەكان بێتەوە سەر پەكەكە سەڕەرای ئەوەی لەساڵی 2008 هەرێمی كوردستان و توركیا گرژییەكی زۆر لەنێوانیان روویدا بەتایبەتی ئەوكاتەی توركیا بڕیای هاتنی هێزی سەربازی دا بۆ نێوخاكی هەرێمی كوردستان، پاشان بە نێوەنگیری هەڤاڵ مام جەلال هەوڵدرا ئەنقەرە و هەولێر و ئەو گرژییە لەنێوانیاندا نەمێنی خۆشبەختانە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا گەیشتە لوتكە لە ئاستی سیاسی و ئابووری وایكرد سەرۆكەكان لە ژێر ئاڵای هەردوولا دابنیشین لەئاستی سەرۆكەكاندا چەندین سەردانی و گفتوگۆش روویدا".
جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان قوباد تاڵەبانی باسی لە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و ئەنقەرە كرد لە قۆناغی ئێستا بەتایبەتی لەدوای هاتنی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ناسراو بەداعش بۆ نێو خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان.
تاڵەبانی گوتی:
"راستە توركیا لەسەرەتای شەڕی داعش كەمێك هاوكاری كردین، بەڵام لەچاو ئاستی سیاسی ئەو پەیوەندییە باشەی نێوان رابردووی هەرێمی كوردستان و توركیادا نەبوو ئێمە چاوەڕێی هاوكاری زیاترمان لە توركیا دەكرد وەك دراوسێیەكی گرنگ هەروەها وەك وڵاتێك كە هەردوولامان پەیوەندیمان باش بوو".
گوتیشی "دەزانین توركیا رێگای دا پێشمەرگە بچێتە نێوخاكەكەی بچێتە كۆبانێ بۆ هاوكاری برا كوردەكانمان لە دژی داعش بەڵام هیوادارین توركیا هاوكاری زیاتری هەرێم بكات زیاتر پاڵپشتی هاوپەیمانیەتی دژە داعشیش بكات".
جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەشدا ئێستا داعش بەشێكی زۆری لە خاكی عێراق داگیركردووە، بەشێك لە سوننەكان وایانكرد هاوكاری داعش بكەن، بۆ دژایەتی كورد لە عێراق، بێگومان پرسی داعش و دەركردنی ئەو چەكدارانە پەیوەندی بەچارەسەریی سیاسی هەیە لێرەدا توركیا دەتوانێ رۆڵی باش بگێڕێ لە چارەسەری سیاسی ناوچەكە راستە حكوومەتی عێراق ئەركی زیاتر دەكەوێتە سەرشان.قوباد تاڵەبانی گوتیشی "توركیا ئێستا گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی كە پێویستە چارەسەریی پرسی داعش بكرێ ئەوان باوەڕیان وایە ئەگەر پرسی داعش چارەسەر نەكرێ رۆژێ دێ داعش یەخەی ئەوانیش دەگرێ بۆیە چاكتر وایە پرسی داعش لەناوچەكە چارەسەر بكرێ".
سەبارەت بە پرسی ئاشتی لە توركیاو پەیوەندی كورد و حكوومەتی ناوەندی ئەو وڵاتە ئێستا ناو نراوە قۆناغی چارەسەری،جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، دەڵێ "حكوومەتی توركیا ئامادەی خۆی نیشانداوە بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد لەوڵاتەكەیان، ئێمەش وەك هەرێمی كوردستان ئامادەبووین هاوكاری هەردوولایان بكەین".