Rewa Mahmut Hasan
10 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 17 ئەیلوول 2016
مەراسیمی بەرێکردنی فەریزەی حەج بەردەوامی هەیە و تەنیا چەند کاتژمێرێکی ماوە تاکو ئەوانەی سەردانی ماڵی خوایان کردووە، نازناوی حاجی وەربگرن.
لە ئێستادا چەند کاتژمێرێکی ماوە تاکو ئەوانەی سەردانی ماڵی خوایان کردووە بەرەو کێوی عەرەفات بەرێبکەون.
زۆربەی حاجیان بەمەبەستی ئەنجامدانی نوێژ رژاونەتە مزگەوتی حەرام لە شاری مەککەی پیرۆز.
لەم رۆژانەدا وەک بچوکراوەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان لەهەموو رەنگ و نەتەوەیەک روویان لە مەککە و مەدینە کردووە و نزا بۆ وڵاتانی خۆیان و مسوڵمانان دەکەن.
لە ناوەوە و دەرەوەی مزگەوتی حەرامدا قەرەباڵغیەکی زۆر بەرچاو دەکەوێت و ئەوانەی دەچنە ژوورەوە لە ترسی ئەوەی جارێکی تر بواری هاتنە ژوورەوەیان بۆ نەرەخسێت، لەناویدا دەمێننەوە و ناچنە دەرەوە لە تەواوی رۆژەکەدا.
سەرەڕای گرانبوونی کرێی تەکسی و هۆکارەکانی گواستنەوە و هەموو سەختیەکانی گەیشتن پێی، بەڵام حاجیان بەلێشاو خۆیان دەکەن بە مزگەوتی حەرامدا، هەندێک بەسواری کورسی کەمئەندامی و هەشە منداڵەکەی لەباوەش گرتووەو سەرقاڵی تەواف کردنە. هەندێکیشیان سەرقاڵی نوێژکردن و خوێندنی قورئانی پیرۆز و نزا کردنن، هەیە سەرقاڵی وشککردنەوەی جلەکانێتی و هەندێکیشیان راکشاون.
منداڵانیش بێبەریی نین لە تابلۆی بەجێگەیاندنی حەج و لەکاتێکدا دایک و باوکیان سەرقاڵی بەجێگەیاندنی فەریزەکانی حەجن، ئەوانیش سەرقاڵی یاری کردنن لەناو کەعبەدا.
بەپێی زانیاریەکان لەمساڵدا نزیکەی یەک ملیۆن مسوڵمان لە ٧١ وڵاتەوە روویان کردۆتە مەککە و مەدینە لە عەرەبستانی سعوودیە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج.