سلێمانی
یادەکە ئێوارەی ئەمڕۆ لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی و لەسەر گۆڕەکەی شێرکۆ بێکەس بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە شاعیران و نووسەران و رۆشنبیران و ھونەرمەندان و بەرپرسانی حکومی و حزبی کرایەوە و تێیدا چەند پارچە شیعرێکی ھەڵبژێردراوی بێکەس و چەند گۆرانییەک کە شیعرەکانی بێکەسە، پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.
یەک لە سەرپەرشتیارانی یادەکە رەئوف بێگەرد لەبارەی چالاکییەکەوە بە ئاژانسی ئانادۆڵوی گوت: "ئەمساڵ بەھۆی ئەو کێشە و قەیرانانەی رووی لە ھەرێمی کوردستان کردووە، ئێمەشی گرتووەتەوە و بۆ ئەمساڵ نەمانتوانی ئەو چالاکییە گەورەیەی ساڵی پار بکەینەوە کە بەبۆنەی یەکەم ساڵیادی کۆچی دوایی شێرکۆ بێکەس ئەنجاممان دا و خەڵاتمان بەچەند کەسێک بەخشی".
ناوبراو هەروەها گوتی: "ئەمساڵ رێوڕەسمێکی ئاسایمان لەسەر گۆڕەکەی بێکەس ئەنجام دا و تێیدا کۆمەڵێک لە شاعیران و نووسەران و رۆشنبیرانی شارەکە ئامادە بوون و چەند گوتە و چالاکییەک پێشکەش کران".
ئاماژەی بەوەش کرد، رۆژی ١٤ی ئەم مانگەش بنەماڵەی بێکەس لە ھەمان شوێن چالاکییەکی تر ئەنجام دەدەن و پەردە لەسەر پەیکەرێکی شێرکۆ بێکەس لادەدرێت.
شێرکۆ بێکەس کوڕی شاعیری ناوداری کورد فایەق بێکەسە و لە ساڵی ١٩٤٠ لەدایک بووە، رۆژی چواری ئایاری ٢٠١٣ بەھۆی نەخۆشییەوە لە وڵاتی سوید کۆچی دوایی کرد.
بێکەس خاوەنی دەیان بەرھەمی چاپکراوە، لە ساڵی ٢٠٠٩ تەواوی بەرھەمەکانی لە ھەشت ھەزار لاپەڕەدا بەچاپ گەیەندرا. ئەم شاعیرە قەسیدەیەکی درێژی ھەیە بەناوی پاسکیلێکی کەرکوکی) بەھۆی مردنییەوە نەیتوانی تەواوی بکات، ئێستا قەسیدەکە تەواو بووە و بەمزووانە بڵاو دەکرێتەوە کە تێکەڵەیەکە لە مێژوو بواری شیعر و باس لە مێژووی کەرکووک و کەسایەتییەکانی ناوداری شارەکە دەکات.