Rawan Subhi Obaidullah
29 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 01 تشرینی دووەم 2022
دھۆک - AA
عەلی بەندی یەکێکە لەو کەسانەی کە بەدواداچوونی بۆ کەیسی ئەنفالکراوەکانی بادینان کردووە و بەرپرسی پێشووی سەنتەری ئەنفال بووە لە شاری دھۆک، چەندین کتێبی لەبارەی ئەنفالی بادینان نوسیووە، ئەو باس لەو زوڵم و زۆردارییە دەکات کە رژێمی پێشووی بەعس لە پڕۆسەی ئەنفالدا لە ١٩٨٨ دژبە گەلی کوردی ئەنجامدا.
لەمبارەیەوە عەلی بەندی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەگەر سەیری دیوارەکانی قەڵای نزارکێ بکەیت، دەستوخەتی زۆرێک لەو پێشمەرگە و خەڵکی سڤیلە دەبینی کە تیایدا ئەشکەنجەدراون و لەسەر دیوارەکان بیرەوەرییان نوسیووە، بۆ نموونە ھەندێکیان لە بیرەوەرییەکانیان نوسیوویانە (ئێمە لەژیاندا نامێنین)، بۆیە دەبێت ئێمە بە دۆکیۆمێنت و بە لێکۆڵینەوە ئەم ستەمەی رژێمی بەعس بۆ نەوەکانی نوێ ئاشکرا بکەین بۆ ئەوەی بزانن دەرهەق بە گەلی کورد چی کراوە".
سەلام زێوەیی خەڵکی گوندی زێوەی سەربە ناحیەی بامەڕنێی قەزای ئامێدییە لە پارێزگای دهۆک، یەکێک لەو کەسانەیە کە لە گوندەکەیان ٤٤ کەس بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتوون کە سێ لەوانە برای ئەون و باوکیشی لە پڕۆسەکەدا ئەنفالکراوە، ئەو ژوورە گەورە و درێژانەی لە قەڵای نزارکێ کە ئێستا دەرگا و پەنجەرەیان پێوەنەماوە، یادەوەریی ئێجگار ناخۆش و دڵھەژێن بەبیری دەهێننەوە، ئەو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە ئەنفالی بادیناندا کە ئێمەیان دەستبەسەرکرد، تەمەنم ١٢ ساڵان بوو، ئێمە حەوت برابووین، سێ برام لە من گەورەتربوون، سێ برای دیکەش لە من بچووکتر بوون، رژێمی بەعس ھەر ھەموو ئەندامانی خێزانەکەمانی دەستبەسەرکرد و سواری ئیڤایەکی سەربازییان کردین و ئێمەیان برد بۆ قەڵای نزارکێ، کاتێک گەیشتینە گۆڕەپانی قەڵاکە، چەند سەربازێک ھاتنە ناو ئیڤاکە و بە شەق لێیانداین و ئێمەیان فڕێدایە خوارەوە، ئینجا ژن و پیاویان لەیەکتر جیاکردەوە. لە بەرچاوم ئەشکەنجەی باوکم و براکانم درا، دواتریش ئەنفالکران تا ئێستاش رووفاتەکانیان نەدۆزراونەتەوە".
ئەنفالی بادینان لە ٢٥ی ئاب تا شەشی ئەیلوولی ١٩٨٨ ئەنجامدرا، سوپای عێراق دەستی واڵا بوو بۆ ئەنفالکردنی ناوچەی بادینان، ئەم شاڵاوە بە درێژایی ناوچەکانی زاخۆ، ئامێدی، شێخان و ئاکرێ-ی گرتەوە. لە پڕۆسەکەدا، سەرەتا ناوچەکە بۆردومانکرا و دواتر دەست بە رەشبگیری هاووڵاتییان کرا و ژمارەیەکی زۆر لەوانەی دەستبەسەرکرابوون لە پڕۆسەیەکدا ئەنفالکران.
کەمپی ئاوارەکانی ئاکرێ دەکەوێتە قەزای ئاکرێ لە سنووری پارێزگای دھۆک لە باشووری کوردستان، ٩٥ کیلۆمەتر لە شاری مووسڵەوە دوورە و ١٢٠ کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری رۆژھەڵاتی پارێزگای دھۆکەوە، لەنێوان سێ چیادایە، ٢٣٥ خێزان لە کەمپەکەدا دەژین، پێشتر بە کەمپەکە دەگوترا، قەڵای ئاکرێ کە لە ساڵی ١٩٨٣ بۆ مەبەستی سەربازیی دروستکراوە، بەڵام ئێستا زیاتر لە ھەزار ئاوارەی کوردی سووریا لەم قەڵایەدا لەوەتەی ساڵی ٢٠١٣وە لێ نیشتەجێکراون.
لە سەرتاسەری عێراق نزیکەی ١٥ قەڵای سەربازیی ھەیە کە مێژووی دروستکردنیان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای حەفتاکانی سەدەی رابردوو، ئەم قەڵایانە تا ساڵی ١٩٧٦ وەک بنکەی سەربازیی لەلایەن رژێمی پێشووی بەعسەوە بۆ دابینکردنی پێداویستیی سەربازانی سوپای ئەو کاتی عێراق لە میانی جەنگەکاندا بەکارھێنراوە و لە کۆتایی ھەشتاکاندا و لە میانی ئەنجامدانی پڕۆسەی بەدناوی ئەنفالدا، ژمارەیەک لەم قەڵایانە کراوە بە زیندان بۆ خێزانە کوردەکان، دواتر لە جەنگی کەنداودا لە ساڵی و ١٩٩٠دا و لە کاتی راپەڕیینەکەی ساڵی ١٩٩١دا بووە بە پەناگەیەک بۆ پەنابەرە گەڕاوەکان لە وڵاتانی تورکیا و ئێراندا کە لە سەردەمی ئەنفالدا و بەھۆی ترسی جەنگەوە لەژێر دەسەڵاتی رژێمی پێشوو ھەڵاتبوون.
قەڵای نزارکێ لە پارێزگای دهۆک هاوشێوەی قەڵاکانی دیکە. لەسەر رووبەڕی ١٥ ھەزار مەتر چوارگۆشە دروستکراوە کە ٨٠ ژوور لەخۆدەگرێت و لە میانی پڕۆسەی ئەنفالدا تاوانی کوشتن و ئەشکەنجەدانی ھاووڵاتییانی سڤیلی تیادا ئەنجامدراوە.