Ramal Mahmood
24 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 25 کانوونی یەکەم 2016
ئیدلب - AA
بەهۆی شەپۆلی سەختی بەفربارینەوە ٧٠ خێوەتی کەمپی حەریم لە پارێزگای ئیدلب لە سووریا رووخان و بەوهۆیەوە دوو منداڵ گیانیان لەدەست دا.
شەپۆلی بەفربارین کاریگەری نەرێنی کردە سەر ئەم کەمپە ٢٠٠ خێوەتییە و لە ئاکامی کەڵەکەبوونی بەفرێکی زۆر لەسەر خێوەتەکان و بەوهۆیەوە٧٠ خێوەت رووخان و دوو منداڵ گیانیان لەدەست دا.
ژمارەیەک خێزان بۆ ئەوەی خێوەتەکانیان نەڕووخێن سەرقاڵی راماڵینی بەفر بوون. ژمارەیەک منداڵیش بە پۆشاکی زستانییەوە بەناو بەفردا دەسووڕانەوە.
یەکێک لەو هاووڵاتییانەی لە پارێزگای حەماوە ئاوارە بووە و لەم کەمپەدا ژیان بەسەر دەبات بەناوی قادر دەرویش بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە سێ رۆژە بەبەردەوامی بەفر دەبارێت و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر خێوەت بڕووخێن، گوتی: "بەهۆی کەڵەکەبوونی بەفرەوە رێگاکان داخراون، بەدەست کەمی ئاو و نانەوە دەناڵێنین. خێوەتەکانی ئێرە زۆر پتەونین و بەرگەی ئەو بەفر و سەرما سەختە ناگرن. پێویستیمان بە خێوەتی پتەو و خۆگرە. پێویستیمان بە تراکتۆرێکە ئاومان بۆ بهێنێت. بەهۆی ئەوەی رێگاکان قوڕاو و چڵپاون ئۆتۆمبێلەکان رێگەیان نییە بگەنە ئێرە و نانمان بۆ بهێنن. هەر بەم هۆیەوە ناتوانین منداڵەکانیشمان کە نەخۆش دەبن بیانبەینە لای پزیشک. بەهۆی نەبوونی ئاوەوە ناچارین بەفر بتوێنینەوە. داوا لە وەقفی هاوکاری مرۆیی و رێکخراوە خێرخوازییەکانی دیکە دەکەین خێوەتمان بۆ دابین بکەن. نیوەی ئاوارەکانی ئەم کەمپە خەڵکی حەلەبن".