Heman Hussein Yaseen
24 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 26 کانوونی یەکەم 2020
هەولێر - AA
شێوه‌كار رۆسته‌م ئاغاله لە گەلەری مۆزەخانەی ئاغالە لە قەزای کۆیە سەربە پارێزگای هەولێر، دوو به‌رهه‌می خۆی به هونه‌ردۆستان ناساند.
رۆستەم ئاغالە لەبارەی بڵاوکردنەوەی دوو کتێبە تازەکەی، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''ماوەی دوو ساڵە ئەم مۆزەخانەیەمان کردووەتەوە و بڕیار بوو زووتر ئەم پێشانگایەی ئەمڕۆ بکەینەوە، بەڵام ئەمڕۆ ھەم پێشانگاکەمان کردووەتەوە و ھەم دوو کتێبی نوێم دەکەوێتە بەر دەستی خوێنەران''.
رۆستەم ئاغالە گوتیشی: ''دوو ئەلبومهكه، یه‌كێكیان تایبه‌ته به فۆتۆ و ئه‌وه‌ی دیكه‌یان کاری دە ساڵی رابردووە کە تایبەتە بە شێوەکاری، له بنه‌ڕه‌تدا سه‌ردانیكردنی ئه‌م مۆزه‌خانه‌یه به بلیته، به‌ڵام ئەمڕۆ بەخۆڕاییە بۆ بینینی کارەکانم''.
له‌باره‌ی گوزارشتی كتێبه‌كانیش، ئاغاله گوتی: ''زیاتر لە سێ ساڵ دەبێت گرنگی زۆر به ئەفسانەی شاماران دەدەین و به گشتی سادەییەکی زۆر ھەیە لەکارەکانم''.
ئه‌گه‌رچی به‌هۆی قه‌یرانی دارایی و دۆخی خراپی ته‌ندروستی، سه‌ردانیكردنی خه‌ڵك بۆ چالاكییه هونه‌رییه‌كان و پێشانگاكانی شێوه‌كاری كه‌م بووه‌ته‌وه و له‌مباره‌یه‌وه ئاغاله گوتی: ''سه‌ردانیكردنی خه‌ڵك خراپ نییە بەڵام لە ئاستی چاوه‌روانی ئێمه‌دا نییه و، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا من له هه‌ر شوێنێك كارم كردبێت ئه‌وا توێژێكی تایبه‌ت هه‌بووه بۆ بینینی كاره‌كانم''.
رۆستەم ئاغالە، یەکێکە لە شێوەکارە بەھرەمەند و بەتواناکانی ھەرێمی کوردستان کە شارەزایی لە بوارەکانی شێوەکاری و فۆتۆگرافی و لە بواری مۆزەخانەدا ھەیە و تا ئێستا بەشداری نزیکەی ٢٠ پێشانگای لە ھەرێمی کوردستان و دەرەوەی وڵات‌دا کردووە.
رۆستەم رەسوڵ ئاغالە، خاوەنی مۆزەخانەی ئاغالەیە لە قەزای کۆیە کە تاکە مۆزخانە لەسەر ئاستی کوردستان لەلایەن تاکە کەسەوە خاوەندارییەتی دەکرێت و تابلۆکانی تیاییدا نمایش دەکرێت.
مۆزەخانەی ئاغالە، جگە لە تابلۆ چەندین پەیکەری ناوازەی تیادا نمایش کراوە، دیزاینی بینای مۆزەخانەکە لەسەر شێوازی باڵەخانە کۆنەکانی قەزای کۆیەیە و لەسەر رووبەری ٦٥٠ مەتر دووجا دروست کراوە.