Rewa Mahmood Hasan
20 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 21 تشرینی دووەم 2022
سلێمانی-AA
ئەمڕۆ ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ مەراسیمی خوێندنەوە بۆ كتێبی نەوت بۆ نەوەکان لە روانگەی پسپۆر وشارەزای بواری وزە، خاتوو پەروین بابەکر لە هۆڵێ ئەمنە سوورەکەی سلێمانی بەڕێوەچوو.
نەوت پایەیەکی سەرەکی سەقامگیری ئابووری عێراق و هەرێمە کە نزیکەی لە سەدا نەوەتی بودجە پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت.
لەو روانگەیەوە شارەزای تەکنیکی و هونەریی بواری دەرهێنانی نەوت و وزە و وەزیری پێشووی پیشەسازی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، خاتوو پەروین بابەکر لە دووتوێی کتێبێکدا باسی لە گرنگی نەوت و بەهەدەرنەدانی دەکات بەناوی نەوت بۆ نەوەکان.
لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، نوسەری کتێبی نەوت بۆ نەوەکان ئاماژەی بەوەدا کە ئەو لەگەڵ بیردۆزی بەهەدەرنەدانی نەوت دایە و گوتی،" من لەگەڵ ئەوەدام کە نەوت تەنیا وەک بازرگانی مامەڵەی پێوەنەکرێت ، بەڵکو دەبێت لە بواری پیشەسازیدا رۆڵی کارای پێبگێردرێت و هەروەک گرنگی بە کەرتەکانی تریش بدرێت و تاکە سەرچاوەی داهات نەوت نەبێت تاوەکو بتوانین بۆ نەوەکانی داهاتووی هەڵیبگرین".
شارەزای بواری جیۆلۆجی پرۆفیسۆر د.ئەحمەد لاوە لەباسی کتێبەکەدا رایگەیاند "گرنگی ئەم کتێبە لەوەدایە راشکاوانە باس لە هەموو سێکتەرەکان کراوە و بەوردی لەسەر کەموکوری و گرفتەکان وەستاوە تا بەرچاوروونی تەواو بۆ خوێنەران و تەنانەت بۆ مێژوو بخاتەڕوو."