Mustafa Berk Erdal
25 مای,س 2022•نوێکردنەوە: 26 مای,س 2022
* مستەفا بەرک ئەرداڵ دەربارەی کێشەی دابینکردنی خۆراکی جیهانیی بۆ بەشی شیکاریی ئاژانسی ئانادۆڵو نووسیویەتی:
لە کاتێکدا ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە کۆتایی نزیکبووەتەوە، جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا بووەتە هۆی هەڵکشان و داکشان لە تۆڕی بازرگانی جیهانی و بازاڕە ئابوورییەکاندا، ئەمەیش کێشەگەلێکی نوێی لەگەڵ خۆیدا دەرخستووە. بوونی رووسیا بە کاراکتەرێکی گرنگی بەرهەمە پیشەسازییەکان و وزە و ئەو سزایانەی بەسەریدا سەپێندراون، کاریگەری نەرێنی خستووەتە سەر خستنەبازاڕ و دروستکردنی گوشارێکی دیکەی پەیوەندیدار بە هەڵاوسانی ئابووری، چووەتە ریزی سەرەوەی پێشهاتەکانەوە. لە لایەکی دیکەیشەوە هەرچەند لە سەرەتای جەنگەکە دانەوێڵە نەببووە بابەتی سەرەکی، بەڵام لەگەڵ درێژەکێشانی جەنگ بە تایبەت کێشەی خستنەبازاڕی دانەوێڵە ئەگەری قەیرانی خۆراکی لەسەر ئاستی جیهان بەشێوەیەکی جیددی لێ کەوتووەتەوە.
- هۆکارەکانی هاتنەئارای قەیرانی خۆراک
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی ئەمریکا لە ٢٠٢١/٢٠٢٢ لەسەدا ٣٣ی پێداویستی گەنمی جیهان لەلایەن رووسیا و ئۆکرایناوە پڕ کراوەتەوە. بە هەمان شێوە هەردوو وڵات بە رێژەی لێکجیاوازی لەسەدا ١٢-٢٥ پێداویستییەکانی وەک جۆ، گەنمەشامی و گوڵەبەڕۆژە لەسەر ئاستی جیهان پڕ دەکەنەوە. رووسیا هەروەها لە ریزی سێ یەکەم بەرهەمهێنەرەکان پەیینی کیمیاییش دێت. تورکیا و رووسیا ئەو دووڵاتەن کە بۆ دابینکردنی خۆراکە بنەڕەتییەکان لە ریزی پێشەوەدا دێن. پێدەچێت تا ئێستا جەنگ کاریگەری نەکردێتە سەر ئاستی هەناردەکردنی خۆراکە بنەڕەتییەکان لە رووسیاوە بۆ وڵاتان. لەلایەکی دیکەوە ئۆکراینا بەهۆی ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ دەریای رەش پچڕاوە ناتوانێت نزیکەی لەسەدا ٩٠ی گەنم بەرهەم بهێنێت. کاتێک رەچاوی ئەوە بکرێت ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەفریقا تەواوی گەنمەکەیان لە ئۆکرایناوە هاوردە دەکرد، ئەوە روون دەبێتەوە کێشەکە چەند گەورەیە. بەهۆی ئەو کێشانەی کە هاتوونەتە ئارا لە سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێوە تا ئێستا نرخی گەنم بە دۆلار، لەگەڵ ئەو سێ مانگەی دواییدا بە تێکڕایی بووەتە دوو هێندە و نیو.
هەرچەند پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ و جەنگ وەک دوو لە هۆکارە هەرە گرنگەکانی کێشە دروستبوون بۆ دابینکردنی خۆراک لە سەرتاسەری جیهان نیشان بدرێن، بەڵام لە خستنەڕووی خۆراک لەمێژە زەنگی مەترسی لێ دراوە. بەپێی راپۆرتی قەیرانی خۆراکی جیهانیی کە لەم نزیکانە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڵاو کراوەتەوە ١٩٣ ملیۆن کەس لە دابیکردنی خۆراکە بنەڕەتییەکان زەحمەتی دەبینن و پێویستییان بە هاوکاری بەپەلەیە بەهۆی قەیرانی خۆراکەوە. نابێت ئەوەیش لەبیر بکرێت لەگەڵ گەرمبوونی زەوی و وشکەساڵیدا بەرهەمهێنانی خۆراک بە تایبەت لە ئەفریقا بە رادەیەکی بەرچاو کەوتووەتە مەترسی.
- دیدگای چین و هیندستان بۆ قەیرانی خۆراک
لە کاتێکدا بە هۆکاری جۆراوجۆر کێشەی خستنەبازاڕی خۆراکە بنەڕەتییەکان لەسەر ئاستی جیهان سەری هەڵداوە، بەتایبەت کاردانەوەی خۆپارێزی ژمارەیەک لە وڵاتە گەورەکان دۆخەکەی هێندەی دیکە ئاڵۆز کردووە. بۆ نموونە لە سەرەتای ئەمساڵ کە هێشتا جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا هەڵنەگیرسابوو دەرکەوت چین لە ٢٠٢١ نیوەی دانەوێڵەی جیهانی لە عەمبارەکاندا هەڵگرتووە. چاوەڕوان دەکرێت لە ٢٠٢٢ ئەم رەوشە بەردەوام بێت و چین زیاتر لە نیوەی ماددە خۆراکییە گرنگەکانی وەک گەنمەشامی، برنج و گەنم لە وڵاتەکەیدا بهێڵێتەوە.
بە هەمان شێوە، هیندستان لەم دواییانەدا بە ئاماژەدان بە بەرزبوونەوەی نرخەکان و نالەباری کەشوهەوا و کەمی پێداویستییەکان رایگەیاند کە هەناردەکردنی گەنمی قەدەغە کردووە. لە سەرەتای جەنگی رووسیا و ئۆکراینا، ٢٣ وڵات قەدەغەی هەناردەکرنی خۆراکیان راگەیاندووە کە دەکاتە لەسەدا ١٠ی کۆی بازرگانی خۆراک لە رووی کالۆرییەوە، هەروەها زیاتر لە یەک لەسەر پێنجی هەناردەی پەیین لەم ماوەیەدا سنووردار کراوە.
کاردانەوەکانی چین و هیندستان کە لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە لەریزبەندی یەکەم و دووەمی وڵاتانەوە دێن لە راستیدا ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە دەبێت پرسی ئاسایشی خۆراک لە روانگەیەکی فراوانترەوە سەیر بکرێت. بە تایبەت چین، ماوەیەکی زۆرە ئەم کارە وەک سیاسەتێکی فەرمی جێبەجێ دەکات. سەرۆکی چین، شی جین پینگ لە هەموو دەرفەتێکدا دووپاتی کردووەتەوە کە "گەلی چین پێویستە قاپی برنجەکەی بە دەستی خۆی و بە توندی بگرێت". دیسانەوە چین لە پێناو بەرقەراركردنی ئاسایشی خۆراك، یەكێكە لەو وڵاتانەی كە زەوی كشتوكاڵی لە وڵاتە جیاجیاكانی وەک وڵاتانی ئەفریقا، بەكرێ گرتووە و كڕیووە.
یەکێک لە هۆکارە گرنگەکانی ئەم سیاسەتە، زیادبوونی خواستی بەکاربردنی ئەو دانیشتووانەیە کە خۆشگوزەرانییان لە زیادبووندایە. چین کە لە ساڵانی رابردوودا بە ناوەندی بەرهەمهێنانی (لاساییکردنەوە) ناسراوە، لەم دواییانەدا داهاتی نێوخۆیی بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد کردووە لەگەڵ ئەو شۆڕشە تەکنەلۆجیاییەی کە بەدیهێناوە. بە تایبەتی لەگەڵ ئەو پرۆسەیەی کە لە ناوەڕاستی ساڵانی ٢٠٠٠ دەستی پێ کرد، داهاتی چین بۆ هەرکەسێک لە دوو هەزار دۆلارەوە بۆ ١٠ هەزار دۆلار زیادی کرد. لەگەڵ زیادبوونی رێژەی گەشەسەندنی وڵات و بەو هۆیەوە خۆشگوزەرانی وڵاتەکە، داواکاری و قەبارەی بەکارهێنان دەستی بە گۆڕانکاری کرد. خواستی بەکاربردن لە وڵاتەکە، راستەوانەیە لەگەڵ ژمارەی دانیشتوان، چونکە چین نزیکەی یەک لەسەر پێنجی دانیشتوانی جیهان لەخۆدەگرێت.
یەکێکی دیکە لە بزوێنەرەکانی پشت ئەم رێبازە، ئەزموونی چۆنیەتی گۆڕینی سنوورەکانی نێوان وڵاتانە، بە تایبەت لەم بارودۆخە قەیراناویەی ئێستادا کە جیهان تێیکەوتووە. ئەو پرۆسەیەی کە بە جەنگە بازرگانییەکانەوە دەستی پێ کرد و دواتر پەتای کۆرۆنای لەدوای خۆی هێنا، ئەوە وەبیر جیهان دەخەنەوە کە چەندە گرنگە وڵاتان لە کاڵای بەکاربەری سەرەتاییدا خۆبژێو بن. بەداخەوە لەم ماوەیەدا هەڵاوسانی نرخی خۆراک و کێشەکانی دابینکردنی خۆراک کاریگەری لەسەر ئەو وڵاتانە هەیە کە ئاستی داهاتیان کەمە، بە تایبەت وڵاتانی ئەفریقا.
لە کۆتاییدا دوور نییە پرسی خۆراک و ئاو زیاد بکرێت بۆ ئەو گرژییە جیۆپۆلەتیکیانەی کە لە ساڵانی رابردوودا سەبارەت بە وزە روویانداوە.
* (ئابووریناس، مستەفا بەرک ئەردال، بەڕێوەبەرایەتی پلاندانانی ستراتیجیی و توێژینەوەی ئابووریی، بانکی تورکیی ئەلبەرەکە)