Cemal Sargati
28 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 29 کانوونی دووەم 2017
ناوچەى هەورامان سەربە پارێزگاى هەڵەبجەیە و ساڵانە بەهۆى سەرماوسۆڵەوە بەفرێکى زۆرى لێ دەبارێت، شاخەکانى ئەو ناوچەیە بەرگى سپى پۆشیوە، هاووڵاتیانى شارەکانى سلێمانى و هەڵەبجە و قەزاکانى دەوروبەرى ناوچەى هەورامان بۆ دەربڕینى خۆشحاڵى خۆیان و یارى بەفرینە سەردانى ناوچەى هەورامان دەکەن.
رۆمان مەحموود تەمەن 25 ساڵ لە شارى سلێمانییەوە سەردانى ناوچەى هەورامانى کردوە بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "من لە شارى سلێمانییەوە هاتووم بۆ ناوچەى هەورامان، ئێرە ناوچەیەکى خۆشە و بەفرێکى زۆرى لێ باریوە.
گوتیشى: "لەگەڵ هاوڕێکانم هاتووین بۆ ئەم ناوچەیە تاکو شەڕە تۆپەڵ بکەین و چەند ساتێکى خۆش بەسەربەرین.
رۆمان بەدڵخۆشییەوە زیاتر گوتى: "زستانان لەگەڵ هاوڕێیانم سەردانى ئەم ناوچەیە دەکەین".
هەروەها سێوە عەلى تەمەن 23 ساڵ کە لە شارى هەڵەبجەوە سەردانى ناوچەى هەورامانى کردووە بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "من زۆر دڵخۆشم کە لەگەڵ خێزانەکەم هاتووین بۆ ناوچەى هەورامان بۆ ئەوەى خۆشى خۆمان دەرببرین و هەرکاتێک بەفر لەم ناوچەیە ببارێت ئێمە سەردانى هەورامان دەکەین".
سێوە لەگەڵ خێزانەکەى یارى شەڕە بەفرى دەکرد بەدڵخۆشییەوە گوتى: "لەبەر خۆشى بەفربارین کە دەگەڕێینەوە ماڵ بەفرێکى زۆر دەبەینەوە لەگەڵ خۆمان و لەجێگەى ئاوى خواردنەوە ئەو بەفرە دەخۆین".