hemn husain
07 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 08 کانوونی دووەم 2016
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەولێر ئاماژە بە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی پزیشکی دادی و کامێراکانی چاودێری دەکات کە تێیدا دەرکەتووە ئەم کچە پارێزەرە سەعات 12 و 25 خولەکی رۆژی یەکشەممە بە ئوتۆمبێلی خۆی دەچێتە شاری خەونەکان و بەپێی گرتەکانی ڤیدیۆیی ئەم رووداوە کارێکی خۆکوشتن بووە.
بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی پارێزگەی هەولێر لیوا عەبدولخالق تەڵعەت گوتی: "رۆژی ٣ ی ئەم مانگە بەداخەوە، رووداوێک لە شاری خەونەکان رووی دا و دواتر لەلایەن میدیاکانەوە قسەی زۆری لەبارەیەوە کرا، بەڵام ئەوەی گرنگ بێت لەلایەن دەزگەکانی ئاسایشی هەولێر و پۆلیس لە ماوەیەکی کورتدا توانیمان لە رێگەی کامێراکانی چاودێرییەوە راستییەکان بخەینە بەردیدەی هاووڵاتییان".
بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەولێر لە درێژەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا گوتی: "بەپێی گرتەکانی ڤیدیۆیی سەعات 12 و 25 خولەکی هەمان رۆژ، ئەم کچە پارێزەرە دەچێتە نێو شاری خەونەکان و بۆ خۆی ئۆتۆمبێلەکە لێدەخوڕێت و هیچ کەسێکی دیکەی لەگەڵدا نەبووە، دواتر لە جێگەیەک ئۆتۆمبێلەکە رادەگرێت و دوای 16 خولەک وەکو لە گرتەکانی ڤیدیۆیی دیارە لە نێو ئوتۆمبێلەکەدا دەمێنێتەوە و دواتر هەست بە بوونی ئاگرێک دەکرێت و گڕ لە خۆی بەردەدات و بەم هۆیەوەش جامەکانی ئۆتۆمبێلەکە رەش دەبێت و ناوەوەی ئۆتۆمبێلەکە دیار نابێت و لەم ماوەیەشدا هیچ کەسێک لە ئۆتۆمبێلەکە نایەتە دەرەوە و بە هەمان شێوەش هیچ کەسێک ناچێتە نێو ئۆتۆمبێلەکە".
سەبارەت بە چۆنیەتی خۆ کوشتنەکەی، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیس ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم کچە پارێزەرە لە ئەنجامی ئەم ئاگرەی نێو ئۆتۆمبێلەکە ئەوە بەهۆی گازی دوانە ئۆکسیدی کاربۆنەوە دەخنکێت".
عەبدولخالق تەڵعەت گوتیشی: "بەپێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەی پزیشکی دادی، ئەم کچە بەهۆی هەبوونی گازی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن خنکاوە و هیچ شوێنەوارێکی لێدان یان چەقۆ بە جەستەیەوە دیار نەبووە و لە هەموو رووێکەوە جەستەی ئەم کچە پاک بووە، تەنیا بەشێکی کەم لە جەستەی سووتاوە و لەگەڵ بەشێکی کوشنی نێو ئۆتۆمبێلەکەی و هەر ئەمەش بووەتە هۆی خنکانی ئەم کچە".
سەبارەت بە چۆنیەتی ئاشکرابوونی شوێنی ئۆتۆمبێلەکە عەبدولخالق تەڵعەت گوتی: "رۆژی دواتر کە دەکاتە 4 ی مانگ، خەڵکی ئەم گەڕەکە سەعات 11ی نیوەڕۆ هەواڵی هەبوونی ئۆتۆمبێلێکی گوماناوی دەگەیەننە بنکەی ئاسایشی بەختیاری و تیمەکانی ئاسایش دەگەنە شوێنەکە و دەبینن جامەکانی ئۆتۆمبێلەکە رەشە و هیچ شتێک لە ناوەوە دیار نییە، بۆیە تیمەکانی ئاسایش جامی ئۆتۆمبێلەکە دەشکێنن و دەبینن کچێک کە بەشێک لە جەستەی و بەشێکیش لە کوشنی ئۆتۆمبێلەکە سووتاوە و دواتر لە رێگەی پزیشکی دادی هەولێر، تەرمەکەی دەگەیەنرێتە نەخۆشخانە و دوای دەرچوونی ئەنجامی پزیشکی دادیش دەرکەوت کە ئەم رووداوە خنکان بەهۆی هەبوونی گازی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن و ئێمەش بە رووداوێکی خۆکوشتنی دادەنێین".
دوای ئەوەی بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیس هاووڵاتییانی دڵنیا کردەوە لەوەی کە ئەم رووداوە دوورە لە هەموو کردەوەیەکی تیرۆریستی و رایگەیاند کە کردەوەیەکی خۆکوشتن بووە و گوتیشی: "لە ماوەیەکی نزیکدا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ئافرەتان لێکۆڵینەوە لە هۆکاری دروستبوونی ئەم رووداوە دەکەین".
جێی ئاماژەیە لە رۆژی 3ی ئەم مانگە کچێکی پارێزەر بەناوی ناز سلێمان یەعقوبی لەدایکبووی 1991ی شاری هەولێر بەخۆی و ئۆتۆمبێلەکەی ون دەبێت و بۆ رۆژی دواتر تەرمەکەی لە نێو ئۆتۆمبێلەکەیدا لە شاری خەونەکان لە هەولێر دۆزرایەوە.