هێزەکانی پێشمەرگە لەناوچەی جەلەولای سەر بە شاری خانەقین بەردەوامن لەڕووبەروووبوونەوەی چەکدارەکانی دەوڵەتی ئیسلام لە عێڕاق و شام داعش.
ئاژانسی ئانادۆڵو بەمەبەستی لە نزیکەوە ئاگادار بوون لە ڕەوشو گوزەرانی پێشمەرگە و وەرگرتنی زانیاری لەسەر گەرمترین ناوچەی پێکدادانی نێوان پێشمەرگە و چەکدارانی داعش، لەیەکەم رۆژی مانگی رەمەزاندا ،سەردانێکی مەیدانی بۆ ئەو ناوچانە کرد.
ناوچەی سەعدیە و جەلەولا کە سەر بە پارێزگای دیالەن؛ ناو بەناو دەبێتە مەیدانی شەڕی نێوان پێشمەرگە و چەکدارانی داعش. هێزەکانی پێشمەرگە لە ئێستادا زۆرێک لە گەرەکەکانی جەلەولایان کۆنتڕۆڵ کردووە. بەرپرسێکی ناو هێزەکانی پێشمەرگە کە ئامادە نەبوو ناوی خۆی ئاشکرا بکات ئاماژەی بەوەدا کە لەو ماویەدا تەواوی جەلەولا لە چەکدارانی داعش پاک دەکەینەوە.
بەپێێ گووتەی هەندێ پێشمەرگە کە لە بەرزاییەکانی بەرامبەر جەلەولا جێگیر کراون، ئاماژە بەوەدەکەن كه ناو بەناو چەکدارانی داعش لە ناوچەکانی سەعدیەوە دێنە نزیک خاڵە سنوریەکانی نێوان پێشمەرگە و چەکدارەکانیان. هاوکات ئاماژە بەوە دەکرێ کە لە دوو رۆژی پێشوودا نیشان شکێنی سەربە چەکدارانی داعشیان لەناوبردووە و دانەیەکیشیان بەدیل گرتووە کە تائێستا چەندین پێشمەرگە لەسەر دەستی ئەو چەکدارانە شەهید کراون. ئاماژە بەوەش دەکەن کە هەردووکیان ئەندامانی سەر بەیەک خێزانی سەرۆک عەشیرەتێکی سوونی بوون کە باوک و کوڕێک بوون.
لەدوای ئەوەی کە کۆنتڕۆلی زۆرێک لە گەرەکەکانی جەلەولا کەوتۆتە دەستی هێزی پێشمەرگە ،ناوبەناو بەخەستی بۆردومانی گەرەکەکانی ژێر دەستی داعش دەکرێ و ئەوانیش تەنیا لەڕێێ دۆشکە و کڵاشنکۆفەوە وەڵامیان دەدەنەوە.
شەڕی نێوان پێشمەرگە و چەکدارانی داعش بۆتە هۆی ئەوەی کە زۆرێک لە دانیشتوانی جەلەولا ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن و بەرەو ناوچەکانی کەلار و خانەقین هەڵبێن. بەپرسێکی ئەمنیش ئاماژە بەوە دەکات کە لە ناو شارۆچکەکەدا بارودۆخ و گوزەرانی هاوڵاتیان زۆر نالەبارە و زۆرێک لە فەرمانبەران دەوامیان وەستاندووە و ناچنەوە سەر کارەکانیان.
لە چەند رۆژی پێشوودا لەئەنجامی خۆتەقاندنەوەی تیرۆریستێکدا پردی جەلەولا بەتەواوی روخاوە و ئێستا بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیان و پیادەکان پردێکی هێڵی ئاسنی کۆن بەکاردێت.
نەقیب ئەحمەد فەرەیدون کەریم یەکێک لەبەرپرسانی بەرەکانی پێشەوەی جەنگ لە هێزەکانی پێشمەرگە بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی گوتی: "کە لەئێستادا زۆرێک لەناوچەکانی جەلەولا و گوندەکانی دەوروبەری لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی پێشمەرگەدان، بەڵام هاوکات نەتوانراوە بەتەواوی ئاسایشی ئەو ناوچانە بپارێزرێ. ئێمە بە تۆپ و هاون و راجیمە هێرش دەکەینه سەر ئەو ناوچانەی کەبەدەستیانەوە ماوە و بەردەوامیشین لەپێشرەوی و دەرکردنی چەکدارەکانیان، بەڵام ناوبەناو بەهۆی نیشانشکێنەکانەوە رووبەرووی کێشە دەبینەوە."
کەریم لەبەشێکی دیكهی گوتەکانیدا ئاماژەی بە کۆچی دانیشتوانی ئەو ناوچانە کرد و ئاشكرایكرد کە هاوڵاتیان دێنە سنورەکانی ژێر دەستی پێشمەرگە و لەوێشهوە دەڕۆنە شارەکانی دیكهی هەرێمی کوردستان و گوتی: "کۆچكردن لەو شارانەوە بەردەوام دەبێ کە لەترسی تۆپباران و هاوەنەکان ناوچەکانی خۆیان بەجێ دەهێڵن، بەڵام ئێمە بەردەوام دەبین لەکاری خۆمان تاکو سەرجەم ناوچەکان لەدەستی چەکدارانی داعش پاک دەکەینەوە و ئەوان ئێستا لە سەعدیە زۆر کاریگەرن و ئەگەر فەرمانی تایبەتمان بۆ بێت لە سەروی خۆمانەوە، ئەوا ئامادەین کە هێرش بکەینە سەریان و ئەوێشیان لێ پاک بکەینەوە."
هاوڵاتیانیش بە کەمێک جلوبەرگ و کۆڵەپشتێکەوە بەردەوامن لە چۆڵکردنی جەلەولا و لەڕێی پردی ئاسنینی کۆنەوە دەگەنە خاڵی پشکنینی ژێر دەستی پێشمەرگە و لەوێوە بەرە و ناوچه ئارامەکانی دیكه دەڕۆن.
سەتار ئیسمالی و هەزاڵ ئیسماعیل و مناڵەکانیان کە خێزانێکی شارۆچکەکەبوون، بەهۆی بۆردومانی ناوچەکەوە ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشبوو، لەلێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەیان بەوەدا کە ئەوان دەبوو زووتر هەڵبێن، چونکە بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانەوە بەتەواوی دۆخیان تێکچووە و لەترسی مردن بەردەوام تابەیانی بە خەبەربوون، ئەو خێزانە ئاماژە بەوە دەکەن دوای ئەوەی دەگەنە ناوچەکەی ئارام، دواتر دەچنە شارەکانی هەرێمی کوردستان ، یان ئەگەر دۆخەکە باشتر بوو ،ئەوا دەگەرێنەوە سەر ماڵو حاڵی خۆیان.
ئەحمەد یەکێکی تر بوو لەو منداڵە عەرەبانەی کە بە عەرەبانەیەک کاڵەک و چەندین کەلو پەلی ترەوە بەپێچەوانەی ئەوانەی ترەوە بەرەو ناو جەلەولا بەڕێدەکەوت.
ئەو بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی گوت لەدوای هاتنی پێشمەرگەوە بۆ جەلەولا ئێمە حەزدەکەین خزمەتیان بکەیەن، چونکە ئەوان ئێمەیان رزگار کردووە و ئاماژەی بەوەدا کە تەواوی کەلوپەلەکان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دەبات.