Muhammet Ali Kemal
13 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 17 شوبات 2016
ئسپارتا
زەڕەنگەرێك لە شاری ئسپارتای توركیا لەسەر خواستی یەكێك لە مشتەرییەكانی ٢٠٠ گرام ئاڵتونی لەماوەی ٢٥ رۆژدا لەبنی پێڵاوێكی ژنانەدا بەكارهێنا.
زەڕەنگەرێك بەناوی یاشار ئوناڵ كە لەیەكێك لە مۆڵەكاندا دووكانی هەیە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە ئاڵتون تەنها وەك كەرەستەیەكی وەبەرهێنان بەكارناهێنرێت بەڵكو لەكاری جوانكاریشدا سوودی لێوەردەگیرێت. ئاماژەی بەوەش كرد كە ژنێك هاتووەتە لای كە ٢٠٠ گرام ئاڵتونی پێ بووە و ویستوویەتی لەشتێكدا سوودی لێوەرگرێت، ئەمیش پێشنیازی ئەوەی بۆ كردووە كە دەتوانێت لە پێڵاوێكدا بۆی بەكارهێنێت.
ئوناڵ باسی لەوە كردووە كە پاش ئەوەی مشتەرییەكە رەزامەندی لەسەر كارەكە دەربڕیوە، دەستیان بە ئیشكردن لە پێڵاوەكەدا كردووە و دوای ٢٥ رۆژ ٢٠٠ گرام ئاڵتونی عەیارە ٢٢یان لەبنی پێڵاوەكانیدا بەكارهێناوە و ''پێڵاوێكی ئاڵتون''یان درووست كردووە. ئەو زەڕەنگەرە ئاماژەی بەوەش كردووە كە جگە لە ئاڵتوونەكە ئێمیراڵد و ئەڵماسی رەش و سپی لە پێڵاوەكەدا بەكارهاتوون و لە ئێستادا نرخی ئەو پێڵاوە لە بازاڕدا ٢٣ هەزار لیرەیە (كە دەكاتە ٧٦٠٠ دۆلاری ئەمریكی).
یاشار ئوناڵ رایگەیاندووە دوای ئەوەی مۆڵەتیان لە خاوەنی پێڵاوەكە وەرگرتووە، پێڵاوەكەیان تاوەكو رۆژی خۆشەویستی (ڤاڵانتاین) داناوە لە جامخانەی دووكانەكەیاندا داناوە و گوتی: ''كاردانەوەی زۆر ئەرێنیمان بۆ هاتووە. بەتایبەت بووەتە جێگەی سەرنجی كەپڵەكان. كاتێك مشتەرییەكان دێن، پرسیاری ئەوەمان لێ دەكەن ئایا ئەو ماددەیەی بەكارهاتووە ئاڵتونە یان نا. بایەخی زۆری پێ دەدەن و هەندێكیان دەیانەوێت لەپێی بكەن''.