1 23
08 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 09 مای,س 2017
ھەڵەبجە - AA
سەرۆکی رێکخراوی کەمئەندامانی ھەڵەبجە، مەریوان وەھبی لە میانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسی ھاوبەشدا لەگەڵ بەڕێوەبەری ھاتوچۆی پارێزگای ھەڵەبجە ھەڵمەتەکەی راگەیاند و گوتی: "ماوەیەکە بەکارھێنانی نایاسایی ماتۆڕسکیل لە سنووری ھەڵەبجە زیادی کردووە، ئەمەش بێ لەبەرچاوگرتنی وەرگرتنی مۆڵەتی لێخوڕین و رەچاوکردنی مەرجی سەلامەتی لە لایەن بەکارھێنەرەکانیانەوە، بۆیە بووەتە ھۆی کەمئەندام بوونی ژمارەیەکی زۆر لە ھاووڵاتییان لە کاتێکدا پێشتر مین و تەقەمەنیەکان سەرچاوەی یەکەمی کەمئەندامی بوون، بە داخەوە ئێستا ھۆکارەکانی ھاتوچۆ بوونەتە سەرچاوەی یەکەم بۆکەمئەندام بوونی ھاووڵاتییان، بە جۆرێک بە گوێری ئاماری نەخۆشخانەی فریاکەوتن لە کۆی ١٠ رووداو ٨یان رووداوی ھاتوچۆ و لەو ژمارەیەش نیوەیان بە ھۆی ماتۆڕسکیلەوە بوون، بۆیە ئێمە وەکو رێکخراوی کەمئەندامانی ھەڵەبجە بە پێویستمان زانی بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆی پارێزگا و بە ھەماھەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان، بە پێویستمان زانی ھەڵمەتێکی ھۆشیاری بە ناونیشانی (باھۆکارەکانی گواستنەوە نەبنە مینێکی گەڕۆک) ئەنجام بدەین".
گوتیشی: "ھەڵمەتەکەمان بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆی پارێزگایە و بە ھاوکاریی رێکخراوی ھاندیکاپی جیھانیە و ئامانجمان کەمکردنەوەی کەمئەندامیە بە ھۆی رووداوەکانی ھاتوچۆوە، بۆیە وەکو رێکخراوەکەمان دەمانەوێت کەمئەندام زیاد نەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش ریکلامی دەنگی و ڤیدیۆییمان بۆ کەناڵەکانی بیستراو و بینراو ئامادە کردووە، لەگەڵ بەرنامەی ھۆشیاری لە رادیۆکانی سنووری پارێزگاکەمان و پرۆشۆری تایبەتیمان بۆ شۆفێران و ھاووڵاتییان بە گشتی چاپ کردووە، فلێکیسی گەورەمان ھەڵواسیوە کە گوزارشتن لە ناخۆشی کارساتەکان و داوای ھاوکاریمان لە مامۆستایانی ئایینی کردووە بەوتارەکانی رۆژانی ھەینی ھاوکارمان بن".
لای خۆیەوە بەڕێوەبەری ھاتوچۆی پارێزگای ھەڵەبجە، موقەدەم فازیل حەمەئەمین لە ھەمان کۆنفرانسی رۆژنامەنووسیدا بۆ دەزگاکانی راگەیاندن گوتی: "لەماوەی رابردوودا فەرمانی دانانی ترافیک لایتمان وەرگرتووە و بەم زوانە ژمارەیەک ترافیک لایت لەسەر شەقامە گشتیەکانی شارەکە دەکەونە کار".
دەربارەی ئاماری رووداوەکانی ھاتوچۆش، بەڕێوەبەری ھاتوچۆی پارێزگای ھەڵەبجە گوتی: "پارساڵ تا مانگی ٥ بریتی بوون لە ٤٢ رووداو، بەڵام ئەمساڵ تا ئێستا بۆ ١٤ رووداو کەمی کردووە، لەو رووداوانەی پارساڵدا ١١ کەس گیانی لەدەستداوە، بەڵام ئەمساڵ تا ئێستا ٣ کەس گیانیان لەدەستداوە، پارساڵ ٥٧ بریندار بەڵام ئەمساڵ ٩ بریندار تۆمارکراوە".
سەبارەت بە ژمارەی ئەو ماتۆڕسکیلە نایاساییانەی کە دەستی بەسەرداگیراوە رایگەیاند "لەماوەی چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا زیاتر لە ٣٠٠ ماتۆڕسکیل دەستی بەسەردا گیراوە و لەماوەی چوار ساڵیشدا نزیکەی ٣ هەزار ماتۆرسکیلی نایاسایی و بێ سەرەتا و بە ھۆی نەبوونی مۆڵەتی لێخوڕین دەستیان بەسەردا گیراوە".