Heman Hussein Yaseen
08 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 09 ئادار 2020
هەولێر - AAوەزارەتی تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەبەیاننامەیەکدا سێ حاڵەتی تووشبووی بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە ھەرێمی کوردستان راگەیاند کە حاڵەتێک لەھەولێر و دوو حاڵەتیش لە سلێمانی تۆمار کراوە.
بەپێی بەیاننامەی ژمارە ١١ی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لەماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا پشکنین بۆ ٥٦ گومانلێکراو ئەنجامدراوە، لە ھەولێر ٣٧ کەس، سلێمانی ١٨کەس و، لە دھۆک یەک پشکنین، لە نێویاندا سێ نەخۆش دەرەنجامی پشکنینی تاقیگەیی پۆزەتیڤ دەرچوو و ھەڵگری ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ کۆڤید-١٩ یە، کە یەکێکیان ئافرەتێکی تەمەن ٥٢ ساڵە و خوشکی تووشبووەکەی دوێنێی شاری ھەولێرە لە وڵاتی ئێران گەڕاوەتەوە لە کەرەنتین دانرابوون، دوو تووشبووەکەی دیکە پیاون و یەکێکیان تەمەن ٥٣ ساڵ لە وڵاتی ئێران گەڕاوەتەوە و کەرەنتین کرابوو ئەوەی دیکەیان تەمەن ٥٢ ساڵ بەرکەوتووی تووشبووەکەی شاری سلێمانی بوو کە ھەفتەی رابردوو گیانی سپارد.
لە بەشێکی بەیاننامەکەدا ھاتووە: ''ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە کەرەنتینەکان بوون دوو ھەزار و ٩١٨ ھاووڵاتین کە لە ٣١ شوێنی جیاوازن و، لە ئێستادا تەنھا ھەزار و ١٢٨ ھاووڵاتیی لە کەرەنتین ماونەتەوە و، ھەزار و ٧٩٠ ھاووڵاتییش لە کەرەنتین دەرچوون و گەڕاونەتەوە ناو خانەوادەکانیان دوای تەواو بوونی ماوەی ١٤ رۆژەکە''.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا ئاماژە بە ئامارەکانی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە ھەرێمی کوردستان کراوە و تییدا ھاتووە: ''کۆی گشتی ھەڵگرانی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ کۆڤید-١٩ لە ھەرێمی کوردستان ١٣ حاڵەتە لەنێویاندا یەک حاڵەتی مردن ھەبووە و یەک نەخۆش بەتەواوی چاکبووەتەوە و، ھەموویان لەژێر چاودێری پزیشکیدان و باری تەندروستیان لە ئێستادا جێگیرە''.