سياسەت, archive

کۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمان

تا ئێستا دیار نییە کە کۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمانی بە مەبەستی هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێ یان دوادەخرێ.

19.08.2015 - نوێکردنەوە : 19.08.2015
کۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمان

هەولێر - شوان سدیق 

 

سەرەڕای ئەوەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان داوای کردووە کە ئەمڕۆ چوارشەممە کۆبوونەوەی  نائاسایی پەرلەمان بەڕێوە بچێ، بەڵام ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە تا ئێستا دیار نییە و هیچ فراکسیۆنێکیش بە فەرمی داوای دواخستنی نەکردووە.

لەو بارەیەوە سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بێگەرد تاڵەبانی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە ئەوان سوورن لەسەر ئەوەی کە کۆبوونەوەکە ئەنجام بدرێ و یاسای سەرۆکایەتی هەرێم هەموار بکرێتەوە.

تاڵەبانی گوتیشی: "سەرەڕای ئەوەی کە کۆبوونەوەی رۆژی رابردووی نێوانی لایەنەکانی سیاسی لەسەر ئەوە بووە کە دانیشتنی ئەمڕۆ دوا بخرێ، بەڵام ئەوان پێیان باشە کە دانیشتنەکە ئەنجام بدرێ".

هەر لەو بارەیەوەپەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی مەلا هەورامان رایگەیاند: "ئەگەر کۆبوونەوەکەش دوا بخرێ ئەوە دەکەوێتە سەرەتای هەفتەی داهاتوو و ئێمەش سوورین لەسەر ئەوەی کە کۆبوونەوەکە ئەنجام بدرێ".

سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لە نووسراوێکدا کە بە واژۆی سەرۆکی پەرلەمان یوسف محەممەد و سکرتێری پەرلەمان فەخرەدین قادر بۆ ئەندامان نێردراوە، داوای کردبوو کە ئەمڕۆ چوارشەممە بە مەبەستی گفتوگۆ کردنی پڕۆژە یاسای "هەمواری چوارەمی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ژمارە 1 ساڵی 2005ی هەموار کراو" کۆ ببنەوە.

رۆژی رابردوو لایەنەکانی سیاسی نێو حکوومەت و پەرلەمانی کوردستان بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ئەو قەیرانە کۆبوونەوە و سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان فوئاد حوسێن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند کە زۆربەی بەشداربووانی کۆبوونەوەکە پێیان وابووە کە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان دوا بخرێ.

لەو بارەیەوە ئەندام لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان دڵشاد شەعبان رایگەیاند کە ئەوان پشتگیری لەو داوایەی پارتەکان دەکەن بۆ دواخستنی دانیشتنی پەرلەمان بەڵام جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هیچ داوایەکی لەو چەشنەیان پێشکەش نەکردووە. 

 
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın