جيهان

حکوومەتی ئێران: "بەرپەرچی ئەوانە دەدەینەوە کە ئاسوودەیی خەڵک تێک دەدەن"

- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران عەلی موتەهەری: "دەبێت وەزارەتی ناوخۆ ناڕەزایەتییە مەدەنییەکان قبوڵ بکات و ئاستەنگ نەخاتە بەردەم رێگەدان بە خۆپیشاندانی مەدەنیانەی خەڵک".

Murat Karadağ, Ramal Abdullah Mahmood  | 31.12.2017 - نوێکردنەوە : 01.01.2018
حکوومەتی ئێران: "بەرپەرچی ئەوانە دەدەینەوە کە ئاسوودەیی خەڵک تێک دەدەن"

Istanbul

ئیستانبوڵ - AA

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران عەلی موتەهەری داوای لە وەزارەتی ناوخۆ کرد ئاستەنگ نەخاتە بەردەم داواکاری خۆپیشاندانەکانی خەڵک.

ئاژانسی هەواڵی قوتابیانی ئێران رایگەیاند، کە موتەهەری لە بارەی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی ئێران دەڵێت: "دەبێت وەزارەتی ناوخۆ ناڕەزایەتییە مەدەنییەکان قبوڵ بکات و ئاستەنگ نەخاتە بەردەم رێگەدان بە خۆپیشاندانی مەدەنیانەی خەڵک".

موتەهەری تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە کولتوری خۆپیشاندان لە ئێران جێگیر نەبووە و دوای ماوەیەکی کەم خۆپیشاندانەکان لە ئامانجی سەرەکی خۆیان دەرچوون، گوتووشیەتی: "لەوانەیشە هۆکاری ئەمە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە وەزارەتی ناوخۆ رێگە بە هیچ گردبوونەوەیەک نادات و هەر جۆرە خۆپیشاندانێک بە نایاسایی ناو دەبات".

ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە رێگە بە خۆپیشاندان دەدرێت بەو مەرجەی دژی دەستووری ئێران و رێساکانی ئیسلام نەبێت و چەکی تیادا بەکار نەهێندرێت. بە پێویستیشی زانی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەرفەتی گونجاو بڕەخسێنن بۆ ئەوەی خەڵک بە شێوەیەکی مەدەنیانە ناڕەزایەتییەکانیان دەرببڕن.

لای خۆیشیەوە وەزیری ناوخۆی ئێران عەبدولڕەزا رەحمانی فازڵی، ئاماژەی بەوە دا کە ئەو کەشە "ئاژاوەگێڕی"ەی ماوەیەکە لە ناوخۆی ئێران دروست بووە لە بەرژەوەندی ئەو وڵاتە نییە، گوتی: "بەرپەرچی ئەوانە دەدەینەوە کە ئاسوودەیی خەڵک تێک دەدەن".

رەحمانی فازڵی بانگەشەی ئەوەی کرد کە بە هەنگاوەکانی پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری زۆر کێشەی ئابوورییان چارەسەر کردووە، گوتی: "حکوومەت، پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری، بۆ هێنانەدی داواکارییەکانی خەڵک ئامادەی هەنگاونانن".

وەزیری ناوخۆی ئێران عەبدولڕەزا رەحمانی فازڵی، کاردانەوەی بەرامبەر توندوتیژییەکانیش نیشاندا لە کاتی خۆپیشاندانەکان و گوتی: "بەدڵنیاییەوە ئەوانەی بە سوود وەرگرتن لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بەدوای توندوتیژی و تێکدانی ئارامیدا دەگەڕێن بەرپەرچیان دەدرێتەوە".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın