سياسەت, جيهان

"عێراق بە جێبەجێکردنى دەستوور دێتەوە سەر ئاراستەى دروست"

- جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان، جەعفەر ئێمینكی: "بڕیارى دادگاى فیدراڵى لەبارەى هەڵوەشاندنەوەى گشتپرسى هەرێمى کوردستان سیاسییە و هیچ بنەمایەکى دەستوورى نییە و پەرلەمانى کوردستان ئەم بڕیارە رەتدەکاتەوە".

Azad Mohammed Abdullah  | 22.11.2017 - نوێکردنەوە : 25.11.2017
"عێراق بە جێبەجێکردنى دەستوور دێتەوە سەر ئاراستەى دروست"

Arbil

هەولێر - AA

جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان، جەعفەر ئێمینكی رایگەیاند "دادگاى فیدراڵى عێراق تەنها دەسەڵاتى راڤەکردنى دەستوورى هەیە، نەک بڕیاردان لەسەر دەستووریی بوون یان دەستووریی نەبوونى گشتپرسى هەرێمى کوردستان بۆ سەربەخۆیی".

جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان، جەعفەر ئێمینكی لە دیدارێکى لەگەڵ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "بڕیارى دادگاى فیدراڵى عێراق لەبارەى هەڵوەشاندنەوەى گشتپرسى هەرێمى کوردستان لە لایەن ئێمە چاوەڕوان کراو بوو، نیگەرانى خۆمان ناشارینەوە لە هەبوونى دادگاى فیدراڵ بەمشێوەیەى کە هەیە، ئەم دادگایە لە ٢٠٠٤ دامەزرێنراوە. دەبووایە دواى پەسەندکردنى دەستوورى هەمیشەیی عێراق یاسایەکى دیکە دەرچووبا و دادگاى فیدراڵى دووبارە پێکبهێنرابایەوە، ئەمە جێبەجێ نەکرا و هەمان ئەو دادوەرانە درێژەیان بەکارەکانیاندا کە لە سەردەمى پۆل برێمەر دەستبەکاربوون، وێڕاى ئەمە چەندین تێبینى دیکەمان لەسەر کارەکانى ئەو دادگایە هەیە، نیگەرانین لە هەموو بێدەنگییەکانى ئەو دادگایە بەرامبەر بە جێبەجێ نەکردنى مافەکانى گەلی کورد لە دەستوورى عێراق".

جەعفەر ئێمینكی گوتیشى: "دژیەتیەکی (تناقضات) زۆر لە بڕیارەکانى سەرۆکوەزیرانى عێراق و بڕیارەکانى دادگاى فیدراڵیدا هەیە، ئەگەر خودى سەرۆکوەزیرانى عێراق، حەیدەر عەبادى پەرۆشى راڤەى دادگاى فیدراڵی بوایە، چاوەڕوانى راڤەى دادگاى فیدراڵى دەکرد، ئینجا پەنای دەبردە بەر لێکۆلینەوە، هەروەها رێکارى یاسایی و دەستوورى دەگرتەبەر بەرامبەر بە گشتپرسى هەرێم، بەڵام شپرزەیى بە بڕیارەکانی حکوومەت و ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق تەنانەت راڤەکردنەکەی دادگاى فیدراڵییەوە، دەبینین. بڕیارى دادگاى فیدراڵى لەبارەى هەڵوەشاندنەوەى گشتپرسى هەرێمى کوردستان سیاسییە و هیچ بنەمایەکى دەستوورى نییە و دوورە لە روح و هەموو ماددەکانى دەستوور. پەرلەمانى کوردستان ئەم بڕیارەى دادگاى فیدراڵى عێراق رەتدەکاتەوە".

جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان، هەروەها گوتی: "بە پێى دەستوورى عێراق رادەربڕین تاوان نییە، گشتپرسى هەرێمى کوردستان ئامرازێکى دیموکراسییە و نادەستوورى نییە، ئەگەر ئەوان باس لە ئامانجى گشتپرسییەکە دەکەن کە ئەویش نادەستوورى نییە، بەڵام دەرفەتى وتوێژ و قسە لەسەرکردنى هەیە".

جەعفەر ئێمینكی گوتیشی: "هەرێمى کوردستان زیاتر لە ١٣ ساڵە بەدەست عەقڵییەتى حکومڕانانى عێراقەوە دەناڵێنێت کە عەقڵییەتێکی مەزهەبى و تاکڕەوى دوور لە بنەماکانى دیموکراسییە، ئێمە لەسەر بنەماى دیموکراسى گەڕاینەوە بەغدا، ئەوەش دەزانین کە لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق کورد کەمینەیە، ئەگەر رێککەوتن نەبێت هەرچى عێراق بیەوێت دەسەپێنێت لەژێر ناوى زۆرینە و کەمینەى سیاسى و ناوى لێ دەنێن، دیموکراسى. بەڵام ئێمە لەسەر بنەماى دیموکراسییەتی تەوافق گەڕاوینەتەوە بەغدا، شەراکەت لەگەڵ بەغدا واتا داواکانى گەلى کوردستان تایبەت وەردەگیرێت، نەک بە زۆرینە و کەمینە، هەر لەسەر ئەو بنەمایە رێککەوتن لەسەر پشکى لەسەدا ١٧ لە بووجەى گشتى عێراق کراوە، ئەوەیش تا ئەو کاتەیە کە سەرژمێرى لە عێراق دەکرێت رەنگە دواى سەرژمێرى پشکى هەرێمى کوردستان لە بوودجەى عێراق ببێتە ٢٢ لەسەد مەرجیش نییە، لەوانەیە کەمتر بێتەوە".

جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان، جەعفەر ئێمینكی عێراق بە وڵاتێکى شکستخواردوو لە قەڵەم دەدات و دەڵێت "عێراق وڵاتێکى شکستخواردووى نادیموکراسییە، ئەگەر سەیرى عێراق بکەین لە هیچ روویەکەوە وەک دەوڵەت نەماوە".

جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان، جەعفەر ئێمینکى لە بارەی ئامانجی هەرێمی کوردستان لە ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ بەغدا گوتى: "هەرێمى کوردستان داواى دانوستان دەکات بە ئامانجی گەڕانەوە و جێبەجێکردنى دەستوورى هەمیشەیی عێراق، ئێمە هیچ کات داواى دانوستانمان نەکردووە بۆ جێبەجێکردنى ماددەیەکى دیاریکراوى دەستوور، بەڵکو ئیمە دەمانەوێت دەستوور لە ماددەى یەکەمەوە تا کۆتا ماددە جێبەجێ بکرێت، جێبەجێکردنى دەستوور بە تەواوی، زامنى گێڕانەوەی عێراقە بۆ سەر ئاراستەیەکى دروست".

- "کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى نەبێت، ئەوا هیچ گەرەنتییەک نییە بۆ جێبەجێکردنى دەستوور"

جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان، جەعفەر ئێمینکى لەبارەى هەبوونى گەرەنتی بۆ جێبەجێکردنى دەستوورى عێراق دواى هاتنەئاراوەى دانوستان و گفتوگۆ لە نێوان هەولێر و بەغدا گوتى: "هیچ گەرەنتییەک نییە، جگە لەوەی کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بە ئاگا بێت، دەبێت کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بەشێک بێت لە چارەسەرکردنى کێشەکان، هەرچەند کێشەکانى ناوخۆیی عێراق بن، بەڵام متمانە لە نێوان هەرێمى کوردستان و عێراق زۆر لاوازە، نایشارینەوە کەسانێک لە بەغدا دەسەڵاتییان بەدەستەوەیە لە مرۆڤى ژیر ناچن، زوو غرور دەیانگرێت هەر زوو پەنا بۆ چارەسەرى لەشکرى دەبەن، بۆیە ئێمە چاوەڕێ دەکەین کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى رۆڵى خۆی بگێڕێت. لە رابردوودا لەگەڵ پێکهاتەکانى عێراق لە ئاستى بەرپرسیاریەتى مامەڵەیان کردووە، ناکرێت ئێستا پەشیمان ببن و ئەو گیروگرفتانەی هەیە بە چارەسەر نەکراوى بەجێبهێڵن".

جەعفەر ئێمینکى گوتیشی: "کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى هاتووەتە سەرهێڵ بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و عێراق، لەسەر ئاستى هەرەبەرزدا کە یەکێتى ئەورووپا و وەزارەتى دەروەى ئەمریکا، ئەڵمانیا و فەڕەنسایە داواى گفتوگۆ و دانوستانیان لە هەولێر و بەغدا کردووە، هەرێمى کوردستان ئامادەیە بۆ هەموو جۆرە دانوستان و گفتوگۆیەک لە چوارچێوەى دەستوورى عێراق".



بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن