سياسەت

هەرێمی کوردستان.. پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی

- ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان دكتۆر ئاراس حەسۆ میرخان لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە كۆبوونەوەی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەڕێز مەسعود بارزانی داوای كردووە كە لەگەڵ ".

hemn husain  | 23.12.2015 - نوێکردنەوە : 24.12.2015
هەرێمی کوردستان.. پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی

هەولێر

ریفراندۆم یەكێكە لە شێوازەكانی بەشداری كردنی هاووڵاتییان لە درووستكردنی بڕیاری سیاسیدا كە بەیەكێك لە رێگاكانی دیموكراسی دادەنرێت، ئەم پرۆسەیە دەرفەتی ئەوە بۆ جەماوەر دەڕەخسێنێت كە لەبارەی هەر پرسێكی دیاریكراو دەنگ بدەن، ریفراندۆم چەند شێوەیەكی جیاجای هەیە، جاری وا هەیە پرسێكی دیاریكراو دەخرێتە روو بۆ ئەوەی جەماوەر بۆچوونی خۆی بدات لەسەر پرۆژەكە وەكو مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی 2005 بۆ ریفراندۆمی دەستووری عێراقی.

لەم چەند رۆژەی رابردووشدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی داوای لە حزبەكەی كردووە لەگەڵ لایەنەكانی سیاسیی دەست بە گفتوگۆ بكەن بە مەبەستی ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان.

لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە رۆژی 20/12/2015 سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی داوای لە حزبەكەی كردووە كە ئامادەكاری بكەن بۆ ریفراندۆم.

ئەندامی  سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان دكتۆر ئاراس حەسۆ میرخان لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی ئانادۆلو گوتی: "لە كۆبوونەوەی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەڕێز مەسعود بارزانی داوای كردووە كە لەگەڵ حزب و لایەنەكانی سیاسیی ئالییەتێك بدۆزنەوە بۆ كاركردن لەسەر ریفراندۆم و ئێمەش لەگەڵ لایەنەكانی سیاسیی دەست بە كۆبوونەوەكان دەكەین و هەروەها كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانمان هەیە و ئەوەی گرنگە دەبێت لە نێوان لایەنەكان یەكرێزییەكی نیشتیمانی هەبێت وپێمان وایە ئەم یەكرێزییە دەبێت چونكە كەس دژی سەربەخۆیی نییە لەم وڵاتە و دوای رێككەوتن ئالییەتێك دەدۆزینەوە بۆ چۆنیەتی كاركردنمان".

لەبارەی ئەوەی ئایا هیچ شاندێك بڕیارە سەردانی بەغدا بكات لە چوارچێوەی پلانی كاركردنەكە لەسەر مەسەلەی ریفراندۆم، دكتۆر ئاراس حەسۆ میرخان گوتی: "رەنگە لەماوەی داهاتوودا شاندێك سەردانی بەغدا بكات و لەگەڵ لایەنەكانی سیاسیی عێراق بكەوێتە گفتوگۆ كردن".

سەبارەت بە هەنگاوەكانی بەرەو پێشچوونی ئەم پرسە دكتۆر ئاراس حەسۆ میرخان گوتی: "رەنگە جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی، مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان رابسپێرێت بۆ ئەوەی لەگەڵ حزبەكانی دیكە تاوتوێی ئەم پرسە بكرێت و بۆچوونەكانی ئەوان وەربگیرێت و پاشان لە بۆچوونێكی هاوبەشدا كاری لەسەر دەكەین لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە هەرێمی كوردستان".

سەبارەت بە گیروگرفتەكان لەبەردەم جێبەجێكردنی ئەم پرۆژەیە، ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان پێی وایە کە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كۆمسیۆنێكی یاساییە و بەپێی دەستووری عێراقی، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دەتوانێت سەرپەرشتی هەڵبژاردنەكان و راپرسی و ریفراندۆمیش بكات لە هەرێمی كوردستان.

بەرپرسی بزووتنەوەی ریفراندۆم تیشك دەخاتە سەر بابەتەكانی پەیوەست بە ریفراندۆم و پێی وایە ئەم بڕیارەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بێ هیوابوونە لە عێراق و پێشی وایە كە ئێستا عێراق بەدەست گیروگرفتەكانی دەوڵەت نەبوونەوە دەناڵێنێت و پێی وایە درووست بوونی حەشدەی نیشتیمانیی و داعش و بەعسییەكان لە ئاكامی ئازارەكانی دەوڵەت نەبوونییەوە بووە.

بەرپرسی بزووتنەوەی ریفراندۆم زیرەك كەمال لە چاوپێكەوتنێكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ریفراندۆم مافی گەلانە لە دیاریكردنی چارەنووسی خۆیان كە ئەمەش بنەمایەكی سیاسیی جێگیرە لە چوارچێوەی یاسای نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەو داواكارییەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە داوای لە لایەنەكان كردووە ئەمە كۆمەڵێك بەڵگە لەخۆ دەگرێت و یەكەمیان بێ هیوابوونە لە عێراق چونكە ئەگەر بە قووڵی لەسەر بنەمای فیكری سیاسیی بڕوانینە عێراق ئەوا بۆمان دەردەكەوێت كە عێراق دەوڵەت نییە و لە رابردووشدا دەوڵەت نەبووە و لە ئێستادا عێراق بە دەست گیروگرفتەكانی دەوڵەت نەبوونیەوە دەناڵێنێت كە ئەمەشیان بووەتە ژێرخانێك لەناخی خۆیدا كە بەعس و حەشدی نیشتیمانیی و داعش درووست بكات."

سەبارەت بەو بڕیارەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی لەبارەی ئەنجامدانی ریفراندۆم، بەرپرسی بزووتنەوەی ریفراندۆم زیرەك كەمال گوتی: "ئەم بڕیارەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان واتای بێ هیوابوونە لە عێراق و ئەگەر هەر كەسێك بە قووڵی بیری سیاسیی بڕوانێتە عێراق دەبینێت عێراق دەوڵەت نییە و لە رابردووشدا دەوڵەت نەبووە و ئێستاش عێراق بەدەست گیروگرفتەكانی دەوڵەت نەبوونییەوە دەناڵێنێت كە ئەمەش بووتە ژێرخانێك لەناخی خۆیدا كە بەعس و داعش درووست بكات."

بەرپرسی بزووتنەوەی ریفراندۆم پێی وایە كە ئەم پرۆسەیە لەبەردەم دوو كێشەی یاساییدایە و یەكێك لەم یاسانەش نەبوونی یاسای ریفراندۆمە لە هەرێمی كوردستان و لەم بابەتەشدا پەرلەمانی كوردستان بە كەمتەرخەم دەزانێت.

لە درێژەی چاوپێكەوتنەكەیدا زیرەك كەمال گوتی: "ئێمە لەبەردەم دوو كێشەی یاساییداین و كێشەی یەكەم نەبوونی یاسای ریفراندۆمە لە هەرێمی كوردستان كە دەبوایە پەرلەمانی كوردستان كاری لەسەر ئەمە بكردایە، هەروەها نەبوونی ماددەیەكی یاساییە لە دەستووری عێراقی سەبارەت بە ریفراندۆم كە ئەمانە دوو كێشەی یاسایین و لە هەمانكاتدا ئەم لێكترازانەی لایەنەكانی سیاسیی هەرێمی كوردستان یەكێك لە كێشەكانی سەرەكییە."

زیرەك كەمال پێی وایە دەبێت كورد سەرنجی پێكهاتەكانی دیكە لە عێراق بۆخۆی رابكێشێت و بەتایبەت ئەوانەی لە چوارچێوەی هەرێمی كوردستاندا دەژین وەك توركمان و مەسیحی و ئاشووری و كلدان و هەموو نەتەوەكان بە گشتی و لەوە دڵنیایان بكەینەوە كە هەموو مافەكانیان پارێزراودەبێت لە هەرێمی كوردستان.

بەرپرسی بزووتنەوەی ریفراندۆم گوتیشی: "پێویستە بۆ خەڵك ئەوەش روون بكرێتەوە كە مەبەستی ریفراندۆم ئامانجێكی نەتەوەیی و نیشتمانییە نەوەك حزبی و لە هەمانكاتدا پێویستە لەسەر ئاستی دونیا رای گشتی دونیا تێبگەیەنین كە مەبەستی ئێمە لە ریفراندۆم ئەوەیە ببین بە كیانێكی سیاسیی سەربەخۆ و ببینە مایەی سەقامگیری سیاسیی لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و جیهان".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın