"100 هه‌زار ناوی مردوو و دووباره له تۆمارنامه‌ی ده‌نگده‌ران لاده‌به‌ین"
هه‌ندرێن محه‌مه‌د رایگه‌یاند "جگه له هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ساڵی 2018 سێ هه‌ڵبژاردن له هه‌رێم به‌ڕێوه‌ده‌چێت و سێ ملیۆن و 200 هه‌زار ده‌نگده‌رمان هه‌یه".
Arbil
هه‌ولێر - AA
هه‌ندرێن محه‌مه‌د ده‌ڵێت، به حكوومه‌تی هه‌رێمییان راگه‌یاندووه کە ده‌توانین له كۆتایی مانگی ئادار و سه‌ره‌تای نیسانی ئاینده هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌نجامبده‌ن و پێشنیازیان كردووه هه‌رسێ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی هه‌رێم پێكه‌وه به‌ڕێوه‌بچن.
ئاژانسی ئانادۆڵو: پاش ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له 25ی ئه‌یلوولی رابردوو به دوو هه‌فته دادگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی ره‌سافه فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی بۆ ئێوه و ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی كۆمیسیۆن ده‌ركرد، ئه‌م بڕیاره هێشتا ماوه؟
هه‌ندرێن محه‌مه‌د: "هه‌ڵبه‌ت ئه‌و بڕیاره بنچینه یاساییه‌كانی نییه، بۆیه به بڕیارێكی سیاسییمان له‌قه‌ڵه‌م دا، چونكه ئێمه فه‌رمانبه‌ری هه‌رێمی كوردستانیین، هه‌روه‌ها سه‌ر به په‌رله‌مانی كوردستانیین، كۆمیسیۆن ده‌زگایه‌كی سه‌ربه‌خۆیه و له ژێر ئه‌و یاسایانه‌ی له هه‌رێمی كوردستان هەن كارده‌كات، هه‌روه‌ها به پێی ده‌ستووری عێراق كه له ساڵی 2005 خه‌ڵك ده‌نگی بۆ دا هه‌موو ئه‌و ده‌زگایانه‌ی له هه‌رێمی كوردستان هەن و كارده‌كه‌ن دامه‌زراوه‌ی شه‌رعیین و دانییان پێدانراوه، ئێمه ئیدانه‌ی بڕیاره‌كه‌مان كرد، بۆیه تا ئێستا نازانیین ئه‌و بڕیاره چی لێ هاتووه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بڕیاره‌كه‌مان پێ نایاسایی بوو، ئه‌گه‌ر به پێی بڕیاری ئه‌مدواییه‌ی دادگه‌ی باڵای فیدڕاڵی بێت ئه‌وا ئه‌و شوێنه‌وار و بڕیارانه‌ی به هۆی ریفراندۆمه‌وه ده‌رچوون لابچێت ئه‌وا ده‌بێت ئه‌و بڕیاره‌ش لا بچێت.
ئاژانسی ئانادۆڵو: له ساڵی 2018 چه‌ند هه‌ڵبژاردنێك له هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ئامادەكارییه‌كانتان به كوێ گه‌یشتوون؟
هه‌ندرێن محه‌مه‌د: "ساڵی 2018 ساڵی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌بێت له هه‌رێمی كوردستان، چونكه جگه له هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مان و ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی عێراق، هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مان و ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستانیش هه‌یه، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم. ئێوه ئاگادارن ئێمه وه‌كو كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسی له مانگی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵ راسپێردراین به ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له مانگی تشرینی دووه‌می ئه‌مساڵ، ئێمه‌ش ئاماده‌كارییه‌كانمان ده‌ستپێكرد تا نزیكه‌ی 10 رۆژ پێش واده‌كه‌ی كه دیاریكرابوو ئه‌ویش یەکی تشرینی دووه‌م بوو، به‌ڵام له‌به‌ر نه‌بوونی كاندید بۆ ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه ئیدی هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌نجام نه‌درا و ئێمه هه‌موو رێككاره‌كانی خۆمان هه‌ڵپه‌سارد.
ئێستا دوای ئه‌وه‌ی یاسایه‌ك له په‌رله‌مان ده‌رچوو و ماوه‌ی خۆی بۆ هه‌شت مانگ واته دوو خول درێژكرده‌وه و له هۆكاره پێویستییه‌كانی ده‌ركردنی ئه‌و یاسایه‌شدا باسكراوه كه تۆماری ده‌نگده‌ران ئاماده‌بكرێت ئه‌وجا هه‌ڵبژاردن بكرێت، بۆیه ئێمه هه‌ر زوو خه‌ریكی تۆماری ده‌نگده‌رانیین، رێكخستنی داتاكانانیین ئه‌وه‌ی تایبه‌ته به ره‌شكردنه‌وه‌ی ناوی مردووان، ئه‌وه‌ی تایبه‌ته به ده‌رهێنانی ناوی دووباره، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌شی كه به‌ساڵاچوون ئێمه وردبینیی تێداده‌كه‌ین، جگه له ئاماده‌كردنی لیستی تۆمارنامه‌ی ده‌نگده‌ران، واته ئێمه به كرده‌یی ده‌ستمان به ئیش و ئاماده‌كارییه‌كان كردووه، بۆیه ئێمه رامانگه‌یاند كه ده‌توانیین له‌ماوه‌ی چوار مانگ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌نجام بده‌ین، واته له كۆتایی مانگی ئادار یان سه‌ره‌تای مانگی نیسانی داهاتوو ده‌توانیین ئه‌و كاره ئه‌نجام بده‌ین، به تایبه‌تیش هۆكاری سه‌ره‌كیی له هۆكاره‌كانی ده‌ركردنی یاسای درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی په‌رله‌مان وه‌ك ئاماژه‌مان بۆ كرد بۆ ئه‌وه‌یه كۆمیسیۆن ئاماده‌كاری بكات بۆ نوێكردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران.
ئێمه په‌یڕه‌وێكمان ده‌ركردووه ده‌یده‌ینه خه‌ڵك، میدیا، په‌رله‌مان و په‌رله‌مانتاران كه بزانن ئه‌و داتایانه‌ی له لای كۆمیسیۆنه زۆر رێكوپێكن ئه‌و تێبینی و نیگه‌رانییانه‌ی ئه‌وان هه‌یان بوو وه‌رمانگرتووه و لیسته‌كانمان رێك‌وپێك كردووه."
- "جگه له هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق له 2018دا، سێ هه‌ڵبژاردن له هه‌رێم به‌ڕێوه‌ده‌چن"
ئاژانسی ئانادۆڵو: كه‌واته له ساڵی 2018 چه‌ند هه‌ڵبژاردن له هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چن؟
هه‌ندرێن محه‌مه‌د: "له‌بیری نه‌كه‌ین 30ی نیسانی ساڵی 2018 كۆتایی واده‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانیشه له هه‌رێمی كوردستان، پارێزكاگانی هه‌ولێر، سلێمانی و دهۆك كه‌واته ئێمه له‌به‌رده‌م ئیسحتیقاقی هه‌ڵبژاردنیشین ساڵی داهاتوو، بۆیه ئێمه نامه‌یه‌كمان داوه‌ته حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه ئێستا ده‌سه‌ڵاتی دیاریكردنی رۆژی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌یه، هه‌روه‌ها كۆپییه‌كیشمان داوه‌ته په‌رله‌مان گوتوومانه پێمان باشه هه‌رسێ هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان، سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم پێكه‌وه بكرێت، ئێمه ده‌توانیین هه‌رسێكیان پێكه‌وه بكه‌ین، كه‌متر پاره‌ی تێده‌چێت، كه‌متر خه‌ڵك و كۆمیسیۆنیش ماندوو ده‌بن، هه‌روه‌ها هه‌رسێ كرداریش بۆ ئێمه زه‌حمه‌ت نابێت تا به‌ڕێوه‌یان ببه‌ین.
ئێستا چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامی حكوومه‌تی هه‌رێمین، به‌ڵام ئاگاداریین كه حكوومه‌ت سه‌ردانی حزبه‌كان ده‌كات، چونكه دیاریكردنی رۆژی هه‌ڵبژاردن له ده‌سه‌ڵاتی حكوومه‌ته، بۆیه ئه‌وان سه‌ردانی حزب و لایه‌نه‌كان ده‌كەن بۆ ئه‌وه‌ی تێبینییان وه‌ربگرن له‌سه‌ر پڕۆسه‌كه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به ئێمه‌وه وه‌كو كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردن هه‌یه ئه‌وه‌یه ئێمه ئاماده‌یین و ئاماده‌كاریشمان كردووه، هه‌موو كه‌لوپه‌له‌كانمان ئاماده‌كردووه تا له كۆتایی مانگی ئادار یان سه‌ره‌تای مانگی نیسان هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامبده‌ین، كه‌لوپه‌لی لۆجیستی، یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان تا ئێستا ده‌ڕوات و كاری پێده‌كرێت و پێویستیش ناكات بگۆڕدرێت، چونكه هه‌مان سیسته‌می لیستی كراوه‌یه كه سیسته‌مێكی باشه، هیچ گرفتێكی یاسایی، لۆجیستی، هونه‌ری له پێشماندا نییه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ماوه‌ی چوار مانگدا بكه‌ین.
كه‌واته له ساڵی 2018 پێویسته ئێمه سێ هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامبده‌ین، هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان، سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان، جگه له هه‌ڵبژاردنه‌كانی فیدڕاڵی".
ئاژانسی ئانادۆڵو: یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له پێشتر كێشه‌یه‌كی زۆری له نێوان لایه‌نه‌كان دروستكرد، له‌به‌رده‌م ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی داهاتوو ئه‌م یاسایه كێشه دروست ناكات؟
هه‌ندرێن محه‌مه‌د: "ئه‌و یاسایه چی یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان یان سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم یان یاسای ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانیش هیچ گۆڕانكارییه‌كییان تێدانه‌كراوه، به بۆچوونی ئێمه‌ش پێویست ناكات گۆڕانكارییان تێدابكرێت، چونكه له راستییدا هیچ كاتمان له‌به‌رده‌ست نییه بۆ ئه‌وه، چونكه ئێمه به‌ره‌و هه‌ڵبژاردن ده‌چیین و ئیستیحقاقه‌كان زۆر نزیكن و ئه‌و یاسایه‌ی پێشترییان كارییان پێكراوه له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان هیچ كێشه‌یه‌كیان تێدا نییه، هیچ كێشه‌یه‌ك بۆ ئێمه نییه و كۆمیسیۆن پێوه‌ی پابه‌ند ده‌بێت، ئه‌و یاسایه‌ی له ساڵی 2013 بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و په‌رله‌مانی كوردستان كاری پێكرا و ئه‌و یاسایه‌شی كه ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی پێ ئه‌نجامدرا له ساڵی 2014 به‌رده‌ستن و گرفتییان نییه و ئێمه ئیشی پێ ده‌كه‌ین".
ئاژانسی ئانادۆڵو: واته بۆ دیاریكردنی رۆژی هه‌ڵبژاردن چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامی حكوومه‌تی هه‌رێمن؟
هه‌ندرێن محه‌مه‌د: "به‌ڵێ، حكوومه‌ت ده‌ستی كردووه به كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ حزبه‌كان، هه‌ڵبه‌ت شتێكی باش ده‌كات كه له‌گه‌ڵ حزبه‌كان كۆ ده‌بێته‌وه بۆ وه‌رگرتنی تێبینییه‌كان، چونكه هه‌ڵبژاردنه‌كان به بێ حزبه‌كان ناكرێت.
-"زیاتر له 100 هه‌زار ناوی مردوو و دووباره له تۆماری ده‌نگده‌ران لاده‌برێن"
ئاژانسی ئانادۆڵو: گله‌ییه‌كی زۆر له بوونی ناوێكی زۆری مردووان و ناوی دووباره له تۆمارنامه‌ی ده‌نگده‌ران پێشتر گله‌یی فراوانی حزبه‌كان بوو، بۆ ئه‌مه چیتان كردووه؟
هه‌ندرێن محه‌مه‌د: "ئێمه هه‌فته‌ی رابردوو په‌یڕه‌وێكمان ده‌ركرد، په‌یڕه‌و له كۆمیسیۆن وه‌كو یاسا وایه، ئه‌و په‌یڕه‌وه كارگێڕی هه‌ڵبژاردنی پابه‌ند كردووه به‌ده‌رهێنانی نزیكه‌ی شه‌ش هه‌زار ناوی دووباره، هه‌روه‌ها ده‌رهێنانی نزیكه‌ی 95 هه‌زار ناوی مردوو، جگه له جیاكردنه‌وه‌ی ناوی ده‌نگه‌رانی تایبه‌ت، هه‌روه‌ها ده‌رهێنانی ناوی ئه‌و ده‌نگده‌رانه‌ی له پارێزگاكانی تر بوون، واته ناوی ده‌نگده‌رانی ئاواره‌كانی ناو بوو، ئه‌مانه هه‌موو له داتابه‌یسه‌كان ده‌رهاتوون، ئێمه ئاماده‌شین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و داتابه‌یسه له په‌رله‌مان بخه‌ینه روو بۆ ئه‌وه‌ی متمانه له نێوان حزبه سیاسییه‌كان و ئه‌و تۆمارنامه‌یه دروست بكه‌ین.
به گشتی له عێراق پشت ده‌به‌سترێت به داتاكانی كۆمپانیای خۆراك، ئێستا ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی عێراق ئاماده‌كاریی بۆ ده‌كات له 15ی ئایاری ساڵی 2018 ئه‌نجامی بدات هه‌مان ئه‌و داتایه‌نه‌یه كه ئێمه به‌كاریان ده‌هێنێن، چونكه ئه‌وانیش پشت به داتاكانی كۆمپانیای خۆراك ده‌به‌ستن، به‌ڵام ئه‌وانیش بایۆمه‌ترییان كردووه، به‌ڵام رێژه‌كه‌ی كه‌مه، 50 له‌سه‌ده له باشترین حاڵه‌ت، بۆیه ئێمه و كۆمیسیۆنی عێراقیش ناچارین پشت به داتاكانی كۆمپانیای خۆراك ببه‌ستین، به‌ڵام كه وه‌ریده‌گرین ئیشی جیددی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین، من دڵنیام دوای ئه‌وه‌ی تۆمارنامه‌ی خۆمان ده‌خه‌ینه روو، متمانه‌یه‌كی باش به‌و لیست و داتایانه ده‌بێت.
ئێمه ئیشی زۆر بنچینه‌ییمان له تۆمارنامه‌ی ده‌نگده‌ران كردووه، له‌ماوه‌ی كه‌متر له 15 رۆژ هه‌موو ئه‌و داتایانه راده‌گه‌یه‌نین، چه‌ند ناو دووباره‌یه ده‌رهێنراوه به نموونه، مه‌به‌ستمان چییه له‌م راگه‌یه‌ناندنه، بۆ نموونه ناوێك هه‌یه چوار جار دووباره بووه‌ته‌وه ئه‌و ناوه ده‌رده‌هێنین و ده‌بێت ئه‌و ده‌نگده‌ره سه‌ردانی تۆمارنامه بكات و ناوی زیاد بكات، چونكه ئه‌و ناوانه به هیچ شێوه‌یه‌ك له تۆمارنامه‌كانمان نامێنن، ئه‌و ناوانه جیاده‌كرێنه‌وه، ره‌نگه حه‌قی كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك بخورێت، به‌ڵام له نوێكردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران ده‌رفه‌ت به‌و خه‌ڵكه ده‌ده‌ین كه راسته‌قینه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ناوی خۆیان تۆمار بكه‌ین".
ئاژانسی ئانادۆڵو: ئه‌ی ده‌نگده‌رانی تایبه‌ت جیاده‌كرێنه‌وه؟
هه‌ندرێن محه‌مه‌د: "هه‌ڵبه‌ت ئه‌مان لیستێكی تایبه‌تیان هەیە، رێوشوێن و رێككاری جیاوازییان بۆ ده‌گرینه به‌ر، چه‌ند مه‌سه‌له‌یه‌ك هه‌ن له‌وانه رێگه‌گرتن له دووباره ده‌نگدان و كارێك له ده‌ره‌وه‌ی یاسا ناهێڵین، لیسته‌كانی ئه‌مان جودا ده‌كه‌ینه‌وه، ئه‌وان له بنكه‌ی تایبه‌تی خۆیان ده‌نگ ده‌ده‌ن. له راستیدا ئێمه پێمان باشه ده‌نگدانی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ ده‌نگدانی گشتی له هه‌مان رۆژدا ئه‌نجامبدرێت، هه‌رچه‌نده یاساكه رێگه‌مان پێنادات، به‌ڵام ده‌كرێت داوای ئه‌وه له په‌رله‌مان بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر نه‌شكرێت، ئه‌وا وه‌كو هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2013 دوو رۆژ پێش ده‌نگدانی گشتی ئه‌نجامبدرێت. لیستی تایبه‌ت نزیكه‌ی 200 هه‌زار ده‌نگده‌ر ده‌بن.
ئێمه پڕۆژه‌یه‌كی دیكه‌شمان هه‌یه كه له هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2018دا نییه، ئه‌ویش پڕۆژه‌ی بایۆمه‌تریكردنی خه‌ڵكه، خۆتان ده‌زانن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پاره‌یه‌كی زۆری خه‌رج كرد بۆ پڕۆسه‌ی بایۆمه‌تری، ئێمه ده‌كرێت ئه‌و ئامێرانه و ئه‌و داتایانه‌ی له لای ئه‌وانه به‌كاریان بهێنین، ئه‌وه‌ش وا ده‌كات خه‌رجیی كه‌م بێت و خێراتر بگه‌ینه تۆمارنامه‌یه‌كی ده‌نگده‌ر له‌كاتێكی خێرا. "
-"سێ ملیۆن و 200 هه‌زار ده‌نگده‌رمان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی 2018 له هه‌رێم هه‌یه"
ئاژانسی ئانادۆڵو: ژماره‌ی ده‌نگده‌ران له هه‌رێمی كوردستان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی 2018 چه‌ند كه‌س ده‌بن؟
هه‌ندرێن محه‌مه‌د: "سێ ملیۆن و 200 هه‌زار ده‌نگده‌ر ده‌بن ئه‌وانه‌ی له هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی 2018 به‌شداریی ده‌كه‌ن".
ئاژانسی ئانادۆڵو: هه‌ڵبژاردن ته‌نها له چوار پارێزگاكه‌ی هه‌رێم به‌ڕێوه‌ده‌چێت؟
هه‌ندرێن محه‌مه‌د: "له هه‌ر چوار پارێزگاكه‌ی هه‌رێم به پێی یاساكه‌ی به‌رده‌ستمان سنووری ده‌نگدان پارێزگاكانی هه‌ولێر، سلێمانی، دهۆك و هه‌ڵه‌بجه‌یه.
ئاژانسی ئانادۆڵو: یاساكانی هه‌ڵبژاردنه‌كان هیچ ده‌ستكاریی ده‌كرێن؟
هه‌ندرێن محه‌مه‌د: "ئێمه به ره‌سمی هیچ ئاگادارنه‌كراوینه‌ته‌وه، چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له لایه‌ن چه‌ند رێكخراوێكی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نییه‌وه ئه‌نجامدراوه، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌نه‌كان دابنیشن له‌سه‌ر گۆڕانكاریی له یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان، به‌شێكی ئه‌م یاسایه له‌سه‌ر سیسته‌می هه‌ڵبژاردنه، ئێمه وه‌كو كۆمیسیۆن هیچ گرفتێكمان له‌گه‌ڵ یاسای هه‌ڵبژاردن نییه، راسته هه‌ندێك له حزبه‌كان نییه‌تی گۆڕینییان هه‌بوو، به‌ڵام پێده‌چێت ئه‌و گۆڕانكارییانه هێنده پێویست نه‌بن، بۆ نموونه گۆڕینی سیسته‌می هه‌ڵبژاردن له كراوه و داخراودا.
ئاژانسی ئانادۆڵو: كێشه و گرفت له‌به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی ئاینده هه‌یه؟
هه‌ندرێن محه‌مه‌د: "ئێمه ئاماده‌كارییه‌كان چووینه‌ته نێوی، مه‌سه‌له لۆجیستییه‌كان ته‌واون، مه‌سه‌له رێككارییه‌كان هه‌مان ئه‌وانه‌ی پێشترن، به‌ڵام رامانگرتبوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ماوه مه‌شق بكه‌ین، هه‌روه‌ها جه‌ختێكی زۆر بكه‌ین له‌سه‌ر ئه‌و ماوه‌یه‌ی دایده‌نێین بۆ نوێكردنه‌وه‌ی تۆمارنامه‌ی ده‌نگده‌ران و ئه‌مجاره واده‌یه‌كی باش و زیاتر ده‌ده‌ینه خه‌ڵك و حزب و قه‌واره سیاسییه‌كان، به تایبه‌ت له خه‌ڵك بۆ سڕینه‌وه و لابردنی ناوی مردووان یان دووباره، یان ئه‌وانه‌ی شوێنی ده‌نگدان ده‌گوێزنه‌وه یان كێشه‌یان له هه‌ڵبژاردنی رابردوو هه‌بوو، هه‌روه‌ها بۆ حزبه‌كانیش بۆ ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌كی باشیان له‌به‌رده‌ست بێت بۆ تێبینییه‌كانییان له‌سه‌ر تۆمارنامه‌كه.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
