ژيان, archive

ئاو و ئاگر گەیشتنە سازان

پێچەوانەی ئەو پەندە كوردییەی كە باس لە نەسازانی ئاو و ئاگر پێكەوە دەكات، لە ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان پێچەوانەی لایەنە سیاسییەكان ئاو و ئاگر پێكەوە دەسازێن و دەبنە جێگای سەرسامی هەمووان.

08.09.2015 - نوێکردنەوە : 08.09.2015
ئاو و ئاگر گەیشتنە سازان

سلێمانی

 

ماوەی سێ‌ ڕۆژە لە دۆڵێكی نزیك رێگای سەرەكی سلێمانی و كەركوك، رووداوێك دانیشتووانی ناوچەكە و رێبوارانی ئەو رێگا سەرەكییەی سەرسام كردووە و پۆل پۆل خەڵكی ناوچەكە بە گەورە و بچوك ژن و پیاو و منداڵەوە، هەروەها رێبوارانیش لە ئۆتۆمبێلەكانیان دێنە خوارەوە و بۆ سەیركردن و وێنە گرتن لە رووداوەكە نزیك دەبنەوە.

ئەو رووداوە لە گوندێكی نزیك قەزای چەمچەماڵ (60 كم لە رۆژئاوای سلێمانی و 45 كم لە رۆژهەڵاتی كەركووك) روویداوە و لە بیرێكی ئاوەوە ئاو و ئاگر پێكەوە دێنە دەرەوە.

خاوەندارێتی ئەو زەوییە كە 100 دۆنم زەوییە و بۆ كاری كشتوكاڵی بەكار دەهێنرێت بۆ كەسایەتییەكی ناوچەكە (مەریوان كەریم ئاغای هەمەوەندی) دەگەڕێتەوە، ئەو رۆژانە لە دوای رووداوەكەوە لەسەر بیرەكە ئامادەیە و پێشوازی لە هاووڵاتیان و دەزگاكانی راگەیاندن و لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكات و زانیاری دەدات.

ئەو لەبارەی بیرەكەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پێش ساڵێك ئەم بیرەمان لێرەدا هەڵكەند بۆ ئاوەدانی كشتوكاڵی ئەم زەوییە كە 100 دۆنم دەبێت، پێش چەند رۆژێك بۆ قوڵكردنی بیرەكە كە 80 مەترە دە مەتری ترمان هەڵكەند و لە پرێكدا ئاوەكەی بە خێراییەكی زۆەوە هاتە دەرەوە و بۆنی گۆگرد و غازی سرووشتی لێدەهات".

هەمەوەندی هەروەها گوتی: "دوای چەند ساتێك ئەو ئاوەی لە بۆری بیرەكەوە دەهاتە دەرەوە ئاگری گرت و پێكەوە ئاو و ئاگر لە بۆرییەكەوە دەهاتنە دەرەوە و ماوەی سێ‌ رۆژی بەردەوام وەهایە".

بە گوتەی خاوەن زەوییەكە لەو رۆژەوە بەردەوام هاووڵاتیان سەردانی ئەو بیرە دەكەن، ئەوەش مەترسی بۆ سەر ئەو كەسانە دروست كردووە و بەهۆی كڵپەی ئاگرەكەوە پێش دوو رۆژ حەوت كەس سووتاون و بریندار بوون.

مەریوان كەریم كە خاوەنی دەیان دۆنم زەوی كشتوكاڵی ناوچەكەن، ئاماژەی كرد بەوەی ناوچەكەیان ناوچەیەكی گەرمەسێر و كەم ئاوەو بەو روداوەی لە زەوییەكەیدا روویداوە سەرسام بوون.

لەگەڵ ئەوەشدا باس لەوە دەكات خێرایی و زۆری ئەو ئاوەی بەبێ‌ هیچ ترومپایەك لە بۆڕییەكە دێتە دەرەوە و دەگاتە پێنج ئینج ئاو بەهۆی هێزی ئەو غازەوەیە كە پاڵ بە ئاوەكەوە دەنێت بۆ هاتنە دەرەوەی.

رۆژی رابردوو لیژنەیەكی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی كوردستان لەسەر داوای خاوەنی زەوییەكە سەردانی شوێنەكەیان كرد و دەستیان بە لێكۆڵینەوە و تاقیكردنەوە كرد.

مەریوان كەیم لەو بارەیەوە گوتی: "ئەمڕۆ وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان وەڵامیان داینەوە كە ئەنجامی پشكنینەكەیان دەركەوتووە كە ئەو مادەیەی لەگەڵ ئاوەكەدا دێتە دەرەوە و دەسوتێت غازی سرووشتی ماڵانە و غازێكی خنكێنەر نییە".

ئەو داوای كرد وەزارەت و حكوومەتی هەرێم چارەسەرێكی ئەو ئاگرە بكەن و ئاوەكەی خۆی بدەنەوە بۆ كشتوكاڵ كردن و ئەو غازەشی دێتە دەرەوە حكوومەت بۆ خۆی جیایی بكاتەوە.

شارەزایەكی یەكێك لە كۆمپانیا دیارەكانی ناوچەكە كە لە بواری غازدا كار دەكەن و نەیویست ناوی خۆی ئاشكرا بكات گوتی، چەمچەماڵ بلۆكێكی گەورەی غازی سرووشتییە، ئەوەشی لەو ئاوەوە دێتە دەرەوە و دەسوتێت تەنها غازە و نەوتی لەگەڵ نییە.

ئەو داواشی لەو كەسانە كرد بۆ سەیركردنی ئاگرەكە دێنە ناوچەكە نزیك نەبنەوە، هەروەها ئاگرەكەش بە داگیرساوی بهێڵنەوە بۆ سووتاندن و بڵاو نەبوونەوەی غاز لە ناوچەكەدا.

سەرۆكی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی باس لەوە دەكات پارێزگای سلێمانی گەورەترین یەدەگی نەوت و غاز لە خۆ دەگرێت.

غالب محەمەد بۆ ئانادۆڵو گوتی: "پارێزگای سلێمانی گەورەترین یەدەگی نەوت و غازی سرووشتی تێدایە، بەجۆرێك یەدەگی نەوت دەگاتە 20 ملیار بەرمیل و یەدەگی غازی سرووشتیش دەگاتە چوار تا پێنج ترلیۆن مەتر سێجا ئەوەش دەكاتە 65 لە سەدی یەدەگی نەوتی هەرێم و 80 لەسەدی یەدەگی غازی سرووشتی هەرێمی كوردستان".

ئەو گوتی: "ئەو غازەی لەم سنوورەدا هەیە باشترین جۆری غازی سرووشتییە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام بەداخەوە نەتوانراوە سوودی لێوەربگیرێت بۆ خزمەتی دانیشتوانی ناوچەكەدا".

سەرۆكی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی داوای لە حكوومەت و وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان كرد ئەو غازە بداتە ئەو كۆمپانیایانەی لە سنوورەكەدا بەدوای وزەدا دەگەڕێن و لە ناوچەكەشدا گەڕانی تەواو بكرێت بۆ دۆزینەوەی وزە.

زۆرێك لەو كەسانەی بۆ بینین و وێنەگرتن لەگەڵ ئاو و ئاگرەكەدا هاتبوونە ناوچەكە، لە بەر خۆیانەوە باسیان لەوە دەكرد "ئاو و ئاگر بەو هەموو دوژمنایەتییەی نێوانیانەوە پێكەوە سازاون و گەیشتونەتە رێكەوتن بەڵام لایەنەکانی سیاسی هەرێمی كوردستان لەسەر پرسێك ناگەنە سازان".

دانیشتوویەكی ناوچەكە بە ناوی حسێن عەبدولكەریم ئاماژەی كرد بەوەی ماوەی چەند رۆژێكە بە بەردەوام خەڵك سەردانی ئەو جێگایە دەكەن و قەرەباڵەغییەكی زۆریان دروست كردووە.

ئەو داوای كرد ئەو ئاوەو ئاگرەكەش لە بەرژەوەندی دانیشتوانی ناوچەكە بەكار بهێنن و بەنداوێك بۆ ئاوەكە و ئاوەدانی كشتوكاڵی ناوچەكە و كارگەیەكی بەرهەمهێنانی غازیش بۆ غازەكە دروست بكرێت.

ئەو هاووڵاتییە داواشی لە لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كرد چاو لەو ئاگر و ئاوە بكەن و بگەنە سازان و ناكۆكییەكانی نێوانیان وەلاوە بنێن لە بەرژەوەندی گەلەكەی خۆیان.

لە سنووری ناوچەی چەمچەماڵ كۆمپانیایەكی گەورەی غاز (دانا غاز) كاری دەرهێنانی غازی سرووشتی دەكات و وێستگەیەكی گەورەی بەرهەمهێنانی كارەباش لە چەمچەماڵ بەو غازە كار دەكات.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın