سياسەت

رۆژنامەنووس شیفا گەردی شەهید بوو

بۆمبێکی چێندراو لە بەری راستی شاری مووسڵدا تەقیوەتەوە کە چەند رۆژێکە ئەو شوێنە کۆنتڕۆڵکراوەتەوە.

Hemin Hüseyin  | 25.02.2017 - نوێکردنەوە : 26.02.2017
رۆژنامەنووس شیفا گەردی شەهید بوو

Arbil

هەولێر-AA

بەھۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو لە شاری مووسڵ، بێژەری تۆڕی میدیایی رووداو، شیفا گەردی شەهید بوو، یەکێک لە وێنەگرەکانیش بەناوی یونس مستەفا بریندار بوو.

بەپێی راگەیاندراوێکی تۆڕی میدیایی رووداو، بۆمبێکی چێندراو لە بەری راستی شاری مووسڵدا تەقیوەتەوە کە چەند رۆژێکە ئەو شوێنە کۆنتڕۆڵکراوەتەوە.

لە راگەیاندراوەکەی تۆڕی میدیایی رووداو هاتووە: "شیفا گەردی، یەکێک بوو لە کادیرە ھەرە چالاک و کاراکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لە سەرەتای دامەزراندنی کەناڵی رووداوەوە، ئەستێرەیەکی دیاری شاشەی رووداو و میدیای کوردی بووە، جگە لەوە بەڕێوەبەڕێکی کارا و کاریگەری تۆڕی میدیایی رووداو بوو".

لە بەشێکی دیکەی راگەیاندراوەکەدا هاتووە: "لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنی مووسڵدا، بەرنامەی تایبەتی بەو شەڕە بەناوی فۆکس مووسڵ ھەبوو، بەشێوەیەکی مەیدانی وەک رۆژنامەوانێکی جەنگی لە میحوەرەکانی جەنگ ئامادە دەبوو".

هاوکات هەر لە ئەنجامی ئەو بۆمبەدا یەکێک لە وێنەگرەکانی تۆڕی میدیایی رووداو بەناوی یونس مستەفا بریندار بووە.

هەروەک لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە: "شەھیدبوونی شیفا گەردی کۆستێکی گەورەیە بەر تۆڕی میدیایی رووداو و رۆژنامەنووسانی کوردستان کەوت و زیانەکەی پڕناکرێتەوە".

شیفا گەردی ناوی تەواوی (شیفا زکری ئیبراھیم)ەو  لە ڕۆژی ١ی تەموزی ١٩٨٦ دا لەدایکبووە و بەشی کۆمپیوتەری پەیمانگای تەکنیکی لە ساڵی ٢٠٠٦ دا تەواو کردووە.

دواتر لە ساڵی ٢٠١٣ دا بەشی ڕاگەیاندنی لە کۆلێژی ئەدەبیاتی زانکۆی سەڵاحەدین تەواوکردووە، وەک مامۆستا و  ڕۆژنامەنووس کاری کردووە.

شیفا گەردی وەک بێژەر لە کەناڵی ڕووداو کاریکردووە و بەڕێوەبەری بەشی ئاوتپوتی کەناڵەکەبووە، لە ماوەی ڕابردووشدا چەند جارێک بۆ ڕووماڵکردنی ڕووداوەکان چووەتە شاری مووسڵ.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın