Firdevs Yüksel
22 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 22 کانوونی دووەم 2021
ئیستانبوڵ - AA
دوێنێ نرخی بەرمیلێک خاوی برێنت بۆ ٥٦ دۆلار و ٢٣ سەنت دابەزی و رۆژەکەی بە ٥٦ دۆلار و ١٠ سەنت تەواو کرد.
کاتژمیر ٠٩:٤٤ی بەیانی ئەمڕۆ نرخەکان بە رێژەی سەدا ١،١٢ زیاتر دابەزینیان بەخۆوەبینی و نرخی بەرمیلێک نەوت گەیشتە ٥٥ دۆلار و ٤٧ سەنت.
لە هەمان کاتدا بەرمیلێک نەوتی رۆژئاوای تەکساس بە ٥٢ دۆلار و ٤٧ سەنت فرۆشرایە کڕیاران.
بەهۆی زیادبوونی ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا رێوشوێنی توند لە جیهاندا گیراونەتەبەر و ئەمەش خواستی لەسەر نەوت کەمکردوەتەوە.
لە جیهاندا زیاتر لە ٩٨ ملیۆن کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و ئامارەکانی کۆرۆنا لە چین دووبارە هاتووەتەوە ناو رۆژەڤ.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی سەری ساڵی چینی بەرپرسانی ئەو وڵاتە داوا لە هاووڵاتییانیان دەکەن ئەگەر بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت گەشت نەکەن و ئەو کەسانەشی گەشت دەکەن پێویستە حەوت رۆژ پێشتر پشکنینی کۆرۆنا-یان ئەنجامدابێت، لە پەکین-ی پایتەختیش ماوەی کەرەنتینەی ئەو گەشتیارانەی لە دەرەوەی وڵاتەوە هاتوونەتەوە لە ١٤ رۆژەوە بۆ ٢٨ رۆژ زیاد کراوە.
لە لایەکی دیکەشەوە چاوەڕوانییەکان لە حکوومەتەکەی جۆ بایدن بۆ پەسەند کردنی پاکێجی هاوکارییەکانی تایبەت بە کۆرۆنا رێگری لە دابەزینی زیاتری نرخەکان کردووە.
بایدن لە یەکەم رۆژی هاتنە سەر دەسەڵاتیدا ستراتیجی خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا خستەڕوو و ئەوەشی ئاشکرا کرد کە بەهەموو توانایەوە هەوڵدەدات پاکێجی هاوکارییەکە بە زووترین کات بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لای خۆشییەوە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، نانسی پێلۆسی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پلانیان وایە لە سەرەتای مانگی شوباتەوە پاکێجەکە بخەنە دەنگدانەوە.