Muhammet Ali Kemal
22 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 24 کانوونی دووەم 2016
ئیستانبوڵ
سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەورووپا (ECB) ماریۆ دراگی، لە روونکردنەوەیەکدا دوای بڕیارەکانی سەبارەت بە سووی بانکیی، ئاماژەی بەوە کرد بەمەبەستی دابەزاندنی هەڵاوسان بۆ ئاستی دوو لەسەدا کە ئامانجمانە، دووبارە تاوتوێی هەڵوێستمان سەبارەت بە سیاسەتی دارایی دەکەینەوە.
دوای ئەم روونکردنەوەیەش کە بووە هۆی ژیانەوەی پێشبینییەکان سەبارەت بە هاندانی زیاتر لەلایەن (ECB)ەوە، ئاستی ئارەزوو لەسەر ریسککردن لە جیهاندا بەرزبۆوە و نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت کە دوێنێ لە کردنەوەی بازاڕدا ٢٧.٩ دۆلار بوو، بەرزبۆوە و لەداخستنی بازاڕدا گەیشتە ٢٩.٥٧ دۆلار.
ئەمڕۆش بانکی ناوەندیی ژاپۆن (BoJ) بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ئەوەی فراوانتر دەبێت، بەردەوامیی زیاتری دایە بەرزبوونەوەی نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت و بەو جۆرەش نرخەکە گەیشتە ٣١.٠٧ دۆلار. بەو شێوەیەش لە ئێستادا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بەراورد بە نرخی داخستنی بازاڕ لە دوێنێدا لەسەدا ٣.٤ بەرزبۆوە و بە ٣٠.٦٤ دۆلارەوە مامەڵەی پێوە دەکرێت.
هاوکات نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی تەکساس بەهۆی بڵاوکردنەوەی راپۆرتی هەفتانەی یەدەکی نەوتی خاو لە ئەمریکا، بەرزبوویەوە، دوێنێ لەسەدا ٥.٤ نرخەکەی زیادی کرد و لە کاتی داخستنی بازاڕدا ٢٩.٨١ دۆلار بوو. ئەمڕۆش نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی تەکساس گەیشتە ٣١.٠٤ دۆلار و لە ئێستاشدا هەر بەرمیلێلک لەو نەوتە بە ٣٠.٦٩ دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.