Heman Hussein Yaseen
05 ئاب 2026•نوێکردنەوە: 05 ئاب 2026
لە سێ ھەفتەی ڕابردوودا، بازاڕی بەنزین لە ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو گۆڕانی بەسەردا ھاتووە، نرخەکان بەرزبوونەتەوە و دابینکردنی بەنزین بۆ ھاووڵاتیان بە تایبەتی لە ھەندێک شوێن گرفتی گەورەی دروست کردووە.
لە ھەرێمی کوردستان بە گشتی سێ جۆری سەرەکی بەنزین بەکاردێت، بریتییە لە نۆڕماڵ، موحەسەن و سوپەر، لەگەڵ کەمبوونەوەی دابینکردن و بەرزبوونەوەی نرخەکان، کێشەی دابەزینی کوالێتی بەنزین دروست بووە و بەشێکی زۆری ھاووڵاتییان ڕۆژانە ئوۆتۆمبێلەکانییان لە شەقامەکان تووشی کێشەی تەکنیکی دەبێت و لەکار دەکەوێت.
لە سەرەتای ئەم قەیرانەدا، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی ھەرێمی کوردستان لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیرانی ھەرێم، مەسرور بارزانی، نرخی جۆرەکانی بەنزینی جێگیر کرد، بۆ جۆری نۆڕماڵی بازرگانی٨٥٠ دینار، موحەسەن ١٢٠٠ دینار و سوپەر ١٥٠٠ دینار بۆ ھەر لیترێک.
بەڵام ئەم بڕیارە ناڕەزایی لەلایەن خاوەن بەنزینخانەکان دروست کرد و ھەندێک بەنزینخانە بەھۆی ئەو نرخە دیاریکراوانە، کارەکانیان ڕاگرت یان لە تابلۆکانیان نووسییان (بەنزین نییە).
دوای ئەوە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سەرپەرشتی، کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد بۆ تاوتوێکردنی دۆخی بەنزین و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی ڕاسپارد کە پێداچوونەوە بە نرخی بەنزین بکات، بە شێوەیەک کە لەگەڵ بارودۆخی بازاڕی ھەرێم گونجاو بێت و لە ھەمان کاتدا ڕێگری لە قازانجی ناڕەوا بکرێت، ھەروەھا ئاسانکاریش بکرێت بۆ ھێنانی ئەو ماددە کیمیاییانەی کە بۆ دروستکردنی ئەو دوو جۆرە بەنزینە (موحەسەن و نۆڕماڵ) بەکار دەھێنرێن.
دوای تێپەڕینی ھەفتەیەک بەسەر ئەم بڕیارە و لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، نرخەکانی بەنزین دووبارە لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان بەرزبوونەتەوە. ھەرچەندە نرخەکان لە بەنزینخانەیەک بۆ بەنزینخانەیەکی دیکە جیاوازی ھەیە، بەڵام بەراورد بە مانگی پێشوو، بە نزیکەیی نرخی ھەر لیترێک بەنزینی نۆڕماڵ لە ٩٥٠ دینارەوە بۆ ١٣٥٠ دینار بەرز بووەتەوە، موحەسەن لە ١١٠٠ دینار بۆ ١٨٠٠ دینار و سوپەر لە ١٢٠٠ دینار بۆ ٢٢٥٠ دینار بەرزبووەتەوە.
بەرزبوونەوەی ئەم نرخانە بووەتە ھۆی دروستبوونی نیگەرانی و دڵەڕاوکێ لەلایەن ھاووڵاتیان، بە تایبەتی شۆفێران، چونکە زیادبوونی نرخی سووتەمەنی کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر خەرجی ڕۆژانە و نرخی گواستنەوە ھەیە.
لە لایەکی دیکەوە بههۆی بهزربوونهوهی نرخهكانهوه، كوالێتی بهنزین دابهزیووه كه ئهمه ڕاستهوخۆ كاریگهریی لهسهر ئۆتۆمبێل دروست دهكات، زۆرجار گوێبیستی دروستبوونی دەنگێکی ڕەق دەبین لە ناو مەکینەی ئۆتۆمبێلدا، ئەم دەنگە بریتییە لە دابەزینی ئۆکتان یان خراپی پێکھاتەی بەنزین کە دەتوانێت ببێتە ھۆی سووتانی نادروست لەناو مەکینە و لەم حاڵەتەشدا دەنگێکی نائاسایی دروست دەکات و کێشەی تەکنیکیش بۆ ئۆتۆمبێلەکە دروست دەکات، زۆر جار دەتوانێت زیانێکی گەورە بە بەشەکانی ناو مەکینە بگەیەنێت.