Hawkar Yaseen
03 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 03 ئەیلوول 2020
هەولێر AA
لە نووسراوێکدا کە ئەمڕۆ بە رێنمایی دارایی ژمارە ١٨ بە واژووی وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان، ئاوات جەناب نوری بڵاوکراوەتەوە وەزارەتی دارایی و ئابووری رێنمایی نوێی بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەکانی کە لای هاووڵاتییانە دەرکرد.
بەپێی رێنماییەکان، بڕیاردراوە لێخۆشبوون بەڕێژەی لەسەدا ١٥ بۆ هەموو قەرز و غرامەكان کە لای هاووڵاتییانە بکرێت، بە مەرجێک ئەگەر تاوەكو یەکی تشرینی دووەم هاووڵاتی بە یەک گوژمە هەموو قەرزەکەی بۆ حکوومەت بگەڕێنێتەوە.

لە نووسراوەكەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بڕیاری لێخۆشبوونەکە بۆ هەموو قەرز و پێشینەکانە، واتا پێشینەی قەرزی نیشتەجێبوون، قەرزی ئاو و کارەبا، پێشینەی قەرزی بچووک و پێشینەی هاوسەرگیری دەگرێتەوە.
لە ساڵانی رابردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان سندوقی قەرزی نیشتەجێبوونی دامەزراند، لەو سندوقە هەزاران هاووڵاتی لێی سوودمەند بوون و ئەو پارەیەی وەریانگرتووە بە ماوەی ١٠ ساڵ دەبوو بیگەڕێننەوە بۆ حکوومەت.
حکوومەت جگە لە سندوقی نیشتەجێبوون، پرۆژەی سندوقی قەرزی بچووکیشی راگەیاند کە لەم پرۆژەیەیش هەشت هەزار و ١٣٦ گەنج سوودیان لێ وەرگرت، بە هەموویان ٧٦ ملیار و ٨٦٥ ملیۆن دیناریان وەک قەرز لە حکوومەت وەرگرت، تاوەکو ئێستا نزیکەی لەسەدا ٥٠ی ئەو پارەیە گەڕێندراوەتەوە بۆ حکوومەت، بەڵام نیوەکەی دیکەی هێشتا لای هاووڵاتییان ماوە.