Heman Hussein Yaseen Yaseen
27 مای,س 2019•نوێکردنەوە: 28 مای,س 2019
هەولێر - AA
ئەمرۆ دووشەممە، وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رێباز حەملان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، وردەکاری ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی لە لایەن بەغداوە روونکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد کە ماوەیەکە چەند جۆرە هەواڵ و لێدوانێک لەمبارەیەوە بڵاودەکرێتەوە.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، رێباز حەملان گوتی: "ھەفتەیەکە بەچڕی باسی دابەشکردنی مووچەی مانگەکانی ساڵی ٢٠١٩ دەکرێت و باسی ئەوەش دەکرێت کە پێنج مووچە لە لایەن بەغدا بۆ ھەرێمی کوردستان نێردراوە، دوای ئەو قسە و باسانە کۆمەڵێک شت باس دەکرێت کە بە هەموو شێوەیەک دوورە لە راستییەوە، بۆیە بڕیارماندا بە بەڵگەوە روونکردنەوە بدەین، بەڵام پێمان باش بوو سەرەتا ئەو کەسانە سەردانی وەزارەتی داراییان بکردایە بۆ وەرگرتنی زانیارییەکان".
لە درێژەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، رێباز حەملان گوتی: "لە ساڵی ٢٠١٤وە کە بوودجەی ھەرێم بڕاوە لە ساڵانی دواتر ھەر پارەیەک لە وەزارەتی دارایی خەرج بکرێت بۆ ھەر بوارێک رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران وەرگیراوە".
رێباز حەملان گوتیشی: "لە ساڵی ٢٠١٨دا، حکوومەتی ناوەندی نۆ جار مووچەی رەوانەی کوردستان کردووە کە دوو تریلیۆن و ٨٥٧ ملیار دینار بووە و لە مانگی چواری ساڵی ٢٠١٨ بۆ مانگەکانی یەک بە دواوە دابەشکراوە و مانگانە ٣١٧ ملیار دینار نێردراوە. وەک حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش لە داھاتی نەوت و داهاتەکانی دیکەی ناوخۆ سێ تریلیۆنمان خستووەسەر کۆی گشتی بوودجە و بۆ ساڵی ٢٠١٨ بەسەریەکەوە شەش تریلیۆن و ٤٧٥ ملیار دینارمان دابەشکردووە".
سەبارەت بە مووچەی ساڵی ٢٠١٩، رێباز حەملان گوتی: "لە ساڵی ٢٠١٩دا حکوومەتی عێراق پێنج مووچەی بۆ ھەرێمی کوردستان ناردووە کە کۆی گشتییەکەی بریتیی بووە لە دوو تریلیۆن و ٢٦٦ ملیار دینار، دواتر ئێمە پاشەکەوتی مووچەمان ھەڵگرت، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە زیاتر لە یەک تریلیۆن و ٨٣١ ملیار دینارمان خستووەتە سەر پارەکەی بەغدا و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانمان دابەشکردووە".
وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوەشکرد کە ئەوان بەردەوام دەبن لە پێدانی مووچەکانی ساڵی ٢٠١٨ کە ئێستا مووچەی مانگەکانی ١٠ و ١١ی ساڵی ٢٠١٨یان بە پاشەکەوتەوە دابەشکردووە و مووچەی مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠١٨ و مانگەکانی ١و٢ی ساڵی ٢٠١٩یان پێ دابەشکردووە بەبێ پاشەکەوت.
لەبارەی دابەشکردنی مووچە رێباز حەملان باسی لەوەکرد کە تەنھا ھۆکاری پشوویان ھەیە کە مووچەی مانگەکان لە ٣٠ رۆژ تێپەڕێت.
ھەرچی ناردنی پارەشە لە بەغداوە وەزیری دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "دوای دابەشکردنی مووچەی عێراق، ئینجا وەزارەتی دارایی پارە بۆ ھەرێم دەنێرێت، دوای ئەوە لەگەڵ پارەی نەوتی ھەرێم کۆدەکرێتەوە و مووچەی پێ دابەش دەکرێت".
سەبارەت بە پارەی چوار مانگی وەزارەتی پێشمەرگە، وەزیری دارایی رەتیکردەوە ھیچ پارەیەک لە بەغداوە بۆ پێشمەرگە ھاتبێت.
لەبارەی دانەوەی قەرزەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رێباز حەملان باسی لەوەکرد کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھیچ قەرزێکی بە پارەی بەغدا نەداوەتەوە، بەڵکو لە داھاتی فرۆشی نەوتی کوردستان قەرزی کۆمپانیا نەوتییەکان و بەڵێندەرانی داوەتەوە و ھێشتاش بەشێک لەو قەرزانە ماونەتەوە.
رێباز حەملان رایگەیاند کە ئەوان بەو پارەیەی لەبەردەستیانە دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکەن و هاوکات کە پارەکەی بەغداش گەیشت ئەوا تەواوی مووچەکە دابەش دەکەن و ئەگەر بڕە پارەکەی بەغداش نەگەیشت، ئەوا بەشێکی دامودەزگاکانی حکوومەت دەکەونە دوای جەژن.